.
08:27 PM - 07/09/2025
رۆژی 21ی ئەم مانگە وەك دەستپێكی ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكرا.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجامدا؛ لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی پەروەردەیی وەك تاقیكردنەوەی دەرەكی و ریفۆرمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەكی، هاوكات ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (2025-2026)ی پەسەندكرد، كە تیایدا رۆژی یەكشەممە 21ی 9ی 2025ی وەك دەستپێكی ساڵی خوێندن دیاریكرد بۆ خوێندنگە حكومییەكان و ئەو خوێندنگە ناحكومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دواتر وردەكاری ساڵنامەكە بە گشتاندنێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیكردنەوەكان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزارەت خشتەی بەشەوانەكانی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) پەسەندكرد، دواتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەكان گشتاندنی پێدەكرێت و ئاڕاستەی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە