کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مێژوویەکی کورت و سامناک لەبارەی پلبڕی

.

01:47 PM - 15/05/2024

دۆزینەوەی داهێنەرانە... بەڵام لە پاش چی؟

لەلایەن ئەندرو سکوڵ، ٣٠ تەموزی ٢٠١٩

 

وەگێڕانی: دڵان جەزا، نیگا نەوزاد، کەژان ڕەوف

 

لە نۆزدەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٨، دوو لە بەپەرۆشترین و پڕکارترین پزیشکی پلبڕی لە جیهانی ڕۆژئاوا لە هۆڵی نەشتەرگەریی پەیمانگای لیڤینگ لە شاری هارتفۆرد لە ویلایەتی کەنێتیکەت ڕووبەڕووی یەک بوونەوە. نەشتەرگەریەکەیان لە بەردەم زیاتر لە ٢٤ نەشتەرکاری دەمار و پزیشکی پسپۆڕی دەمار و پزیشکی دەروونیدا ئەنجامدا. هەریەکەیان تەکنیکێکی جیاوازیان داهێنابوو بۆ بڕینی مێشکی ئەو نەخۆشانەی کە نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجام دەدان، و بە سەرە چوونە لای شوێنی نەشتەرگەرییەکە. ویلیام بیچەر سکۆڤیڵ، پڕۆفیسۆری نەشتەرگەری دەمار لە زانکۆی یەیڵ، یەکەم کەس دەستی پێکرد. نەخۆشەکەی بەئاگابوو، بەڵام بە بەکارهێنانی سڕکردنی خۆجێی نەشتەرگەرەکە توانی پێستی سەری ببڕێت و لە ناوچەوانیەوە پێستەکە لێبکاتەوە و کەللەی سەری دەربکەوێت. بەخێرایی بە درێڵێک دوو کونی کرد، هەر یەکەیان لە پشتی هەر چاوێک. ئێستا سکۆڤیڵ دەیتوانی پلەکانی پێشەوەی مێشکی نەخۆشەکە ببینێت. هەر لایەکی بە تیغێکی ڕێک بەرزکردەوە تاکو بتوانێت ئەوەی کە پێی دەوت "ژێربڕینی خولگەیی" ئەنجام بدات. هەرچەندە ئەوەی دواتر ڕوویدا بەتەواوی بڕین نەبوو، لەبری ئەوە، سکۆڤیڵ لوولەیەکی هەڵمژین، کە ئامێرێکی هەڵمژینی کارەبایی بچوک بوو، بردە ناوەوە و بەشێک لە پلی پێشەوەی نەخۆشەکەی پێ هەڵمژی. پاشان نەخۆشەکە لەسەر کورسی چەرخەدار برایە دەرەوە و نەخۆشێکی ئافرەت بە تەختی نەشتەرگەرییەکەوە بەسترایەوە. دواتر نۆرەی واڵتەر فریمان بوو کە پرۆفیسۆری زانستی دەمار بوو لە زانکۆی جۆرج واشنتن. ئەو هیچ شارەزاییەکی لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری نەبوو و مۆڵەتی پزیشکی ویلایەتی کەنێتیکەتیشی نەبوو، بۆیە بە نایاسایی نەشتەرگەری دەکرد، وا پێنەدەچوو ئەم کێشە بچووکە هیچ  یەکێک لە ئامادەبووان نیگەران بکات. فریمان کاری لەسەر گەشەپێدانی ڕێبازی کارکردن بە کۆمەڵ دەکرد تا بتوانرێت نەشتەرگەری پلبڕینەکە بە خێرایی و بە ئاسانی ئەنجام بدرێت. بەهۆی ئەم تەکنیکەیەوە لە ڕۆژێکدا ٢٠ یان زیاتر لە ٢٠ نەشتەرگەری ئەنجام دەدا.  سەرەتا دەستیکرد بە بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی لە ڕێگەی ئامێری چارەسەری شۆکی کارەباییەوە تا نەخۆشە ئافرەتەکەی بێهۆش بکات و دواتر سەهۆڵ شکێنێکی خستە ژێر پێڵووی چاوێکی تا نووکەکەی گەیشتە سەر چینە ئێسکە تەنکەکەی کاسەی چاوی. بە چەند لێدانێکی خێرا چەکوشەکەی کێشا بە سەهۆڵ شکێنەکەدا و ئێسکەکەی شکاند و بەمەش توانی بە جوڵەیەکی کەوانەیی سەهۆڵ شکێنەکە چەند بەشێک لە پلی پێشەوەی ببڕێت. ئامێرەکە دەرهێنراو خرایە ناو کاسەی چاوەکەی دیکەوە و لە ماوەی چەند خولەکێکدا پڕۆسەکە کۆتایی هات. فریمان شانازی بەخۆیەوە کرد کە نەشتەرگەریەکی هێندە ئاسانبوو، کە دەیتوانی هەر گەمژەیەک تەنانەت پزیشکێکی دەروونیش فێربکات لەماوەی ٢٠ خولەک یان زیاتردا ئەنجامی بدات. لە ساڵی ١٩٣٦ بەدواوە دەیان هەزار نەشتەرگەری پلبڕی لە ئەمریکا ئەنجامدرا، و ئەم دوو پیاوە هەردووکیان بۆ دەیان ساڵ بەردەوامبوون لە نەشتەرگەریکردن. پزیشکی پسپۆڕی دەماریی ئێگاس مۆنیزی پورتوگالی، داهێنەری نەشتەرگەری پلبڕی، بەهۆی هەوڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٤٩ خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی وەرگرت. ناوەندە پزیشکییە گەورەکانی ئەمریکا، وەک هارڤارد، یەیڵ، کۆڵۆمبیا و زانکۆی پێنسیلڤانیا، تا ساڵانی ١٩٥٠ بە بەردەوامی گۆڕانکارییان لە نەشتەرگەریە بنەڕەتیەکەدا ئەنجامدەدا. لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە شتێکی باو لە نێو هەندێک لە مێژوونووسانی پزیشکیدا باس لەوە بکەن کە  نەشتەرگەرییەکە ئەو چیرۆکە ترسناکە پزیشکییە نەبووە کە خەڵکانی ئاسایی وا وێنای دەکەن. بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمە، ئەم مێژوونووسانە پێیان وایە  ڕەنگە نەشتەرگەری پلبڕی وەڵامێکی بەرگریکارانە بووبێت بۆ نەخۆشخانە دەروونیە ئێجگار قەرەباڵغەکان و بێتوانایی چارەسەری دەروونی ئەو سەردەمە. ئەوە بۆچوونی من نییە و پەرتووکی؛ هێنری نەخۆش: چیرۆکی یادەوەری، شێتی و نهێنیەکانی خێزان (٢٠١٧) ی لوک دیتریچ لە لایەکی دیکەوە بەڵگەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە سکۆڤیڵیش (وەک فریمان) خاوەن ئاکارێکی ئەهریمەن ئاسا بوو، چاوچنۆک، پێداگر و لەخۆبایی بوو و ئامادەبوو لەپێناو بەدەستهێنانی ناوبانگدا زیانێکی پڕ مەترسی و هەمیشەیی بە نەخۆشەکانی بگەیەنێت. بە دڵنیاییەوە هیچ کاتێکی بۆ سوێندی پزیشکی نەبوو کە دەڵێت: "سەرەتا، مەبە هۆی هیچ زیانێک". ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ئەوەبوو کە سکۆڤیڵ خێرا ڕەخنەی لە خراپیی ڕێکارەکەی فریمان گرت، ئەوەش هەڵوێستێک بوو کە نەشتەرکارانی دەماریی نێو ئامادەبووان بەخۆشحاڵییەوە پشتگیرییان کرد. لە بەرامبەردا، فریمانیش بیرۆکەی ڕکابەرەکەی بۆ هەڵمژینی چەند بەشێک لە مێشکی مرۆڤ  بەکەم تەماشاکرد، لە کاتێکدا سکۆڤیڵ و لایەنگرانی لەسەر ئەوە کۆک بوون کە کارێکی "پوخت" بووە. بەلایەنی کەمەوە لەسەر ئەم خاڵانە بۆ جارێک هەردووکیان ڕاست بوون. 

 

لەم کاتەدا، نەشتەرگەرێکی وریا نەشتەرگەرییەکەی دەوەستاند، بەو پێیەی هیچ زامێکی ئاشکرا بوونی نەبوو تا بەڵگە بێت بۆ دەستێوەردانی زیاتر بەڵام سکۆڤیڵ کەسێکی وا نەبوو.

دیتریچ بەشێکی بەرچاو لە پەڕتووکەکەیدا بۆ ڕکابەری ئەم نەشتەرگەرییە سەرنجڕاکێشە لە هارتفۆرد تەرخان دەکات، کە بە چاوێکی گوماناوی گونجاوەوە سەیری دەکات. بەڵام زۆر زووتر دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکی ڕووداوێک کە لە ئێوارەیەکی هاویندا بەسەر هێنری مۆلایسن دا هات، کە کوڕێکی منداڵی ٦ بۆ ٧ ساڵان بوو، لە ڕێگای ماڵەوەیدا بۆ نانی ئێوارە، هێنری هەنگاوی بەرەو شەقامەکە نا و لە پشتەوە بە پاسکیل لێیدرا. پێکداکێشانەکە بەرەو ئاسمان هەڵیدا و بەسەرا کەوتە سەر زەوی، مێشکی زەبری بەرکەوت کە بۆ ماوەیەکی کاتی بێهۆشی کرد. لە کۆتاییدا تەنها بەشێک لە برینەکانی هێنری چاک بوویەوە. هێنری دەستیکرد بە ئازار چەشتن بەهۆی فێ لێهاتنەوە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵدا زیاتر دووبارەدەبووەوە و توندتر دەبوو و ژیانی لێ تاڵ کردبوو. دەرمانەکانیش هیچ سوودێکیان نەبوو. سەر ئەنجام، لە ساڵی ١٩٥٣ دا دایک و باوکی هێنریان برد بۆ بینینی دکتۆر سکۆڤیڵ. بەپێچەوانەی زۆرێک لە نەخۆشەکانی دیکە کە نەشتەرگەری مێشکیان بۆ کرابوو، هێنری لە ڕووی دەروونیەوە هیچ کێشەیەکی نەبوو. سکۆڤیڵ بە خێزانەکەی ڕاگەیاند کە ڕەنگە پەرکەمەکە کۆنترۆڵ بکرێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە لە نەشتەرگەری مێشک کە ئەو تیایدا پێشەنگ بوو. لە ماوەی چەند مانگێکدا هێنری برایە ناو هۆڵی نەشتەرگەری. ئەوەی دواتر ڕوویدا وای لێکرد ببێتە یەکێک لە بەناوبانگترین نەخۆشەکانی سەدەی بیستەم. بە ئەنجامدانی ڕێکارە ئاساییەکەی خۆی، سکۆڤیڵ کەللە سەری هێنری کون کرد و بەمەش چەند بەشێک لە مێشکی دەرکەوت. بەڵام لەم کاتەدا ئامانجەکەی زیاتر لە بەشەکانی دواوەدا بوو، لە پشتی پلەکانی پێشەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی نەشتەرگەری پلبڕینەکانی لەسەر ئەنجام دەدا. بەڵام بەکارهێنانی ئامێری نەخشەی مێشک سەرکەوتوونەبوو لە دیاریکردنی هیچ ناوەندێکی پەرکەم. پاشان بە بەکارهێنانی ڕاکێشەرێکی تەختی مێشك، سکۆڤیڵ پلەکانی پێشەوەی وەلاوەنا تا بەشە قووڵەکانی لاجانگە پل، وەک  ئەمیگدالا و ئەنکەس و توێکڵی ئینتۆریناڵی مێشک دەربکەون،  چونکە بەدوای هەر ناتەواوییەکی ئاشکرا یان شانەی پووکاوەدا دەگەڕا. بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. لەم کاتەدا، نەشتەرگەرێکی وریا نەشتەرگەرییەکەی دەوەستاند، بەو پێیەی هیچ زامێکی ئاشکرا بوونی نەبوو تا بەڵگە بێت بۆ دەستێوەردانی زیاتر بەڵام سکۆڤیڵ کەسێکی وا نەبوو. بە وتەی خۆی: "من کردارم لە بیرکردنەوە پێباشترە، هەر لەبەر ئەوەیە نەشتەرکارم. حەز بە بینینی ئەنجامەکان دەکەم." ئەو ئەنجامانەی خۆی بەدەستی هێنا ئەوانە نەبوون کە نەخۆشەکەی هیوای بۆ دەخواست. بە بەکارهێنانی لوولەیەکی هەڵمژین، سکۆڤیڵ بەردەوامبوو لە لابردنی هەر سێ بەشەکەی لاجانگە پل لە هەردوو لاوە. هێنری کە لە پیشەکەدا بە نەخۆش ئێچ ئێم ناسرابوو بەتەواوی بە دەست چەندین زیانی وێرانکەرەوە دەیناڵاند. هەرچەندە ئاوەزی وەک خۆی مایەوە، بەڵام لەماوەی ئەو چەند خولەکە کەمەدا، هەموو بیرەوەری لەدەستدا، جگە لە کورتترین بیرەوەرییەکانی لە بیرەوەری کورت خایەن نەبێت. لەو ساتە بەدواوە، وەک سکۆڤیڵ ئاماژەی پێکرد، هێنری بەتەواوی بێدەسەڵات و بێهیوا مایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا "زۆر بە خراپی" بیرەوەری لەدەستدا، کە "هێندە دژوار بوو کە نەخۆشەکە نەتوانێت شوێنی ئەو ژوورانەی تێیدا دەژی، ناوی کەسە نزیکەکانی، یان تەنانەت ڕێگای چوون بۆ تەوالێت یان  تەوالێتی تایبەت بە پیاوانی بە بیربێتەوە." سەڕەڕای ئەمانەش بێگومان زۆر شتی دیکەشی لەدەستدا. ئەم قسانە، هەر وەک دیتریچ باسی دەکات: "ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی نەخۆش ئێچ ئێم و لە هەمان کاتدا هەواڵی مردنی هێنری مۆلایسن بوو." یەکەم شت لە نێو شتە سەرسوڕهێنەرەکان کە دیتریچ خوێنەری پێ سەرسام دەکات هەواڵی ئەوەیە کە ولیام بیچەر سکۆڤیڵ باپیرەی بووە، کەسێک کە لە ماوەی چەندین ساڵدا بەباشی ناسیویەتی. ئەو پەیوەندییە خێزانیە وایکرد کە دیتریچ دەستی بگات بە هەموو ئەو جۆرە زانیارییانەی کە هیچ بێگانەیەک نەیدەتوانی دەستی پێیان بگات، هەروەها ئەو بە ڕاستی هەم ڕۆژنامەنووسێکی بەهرەمەند و کۆڵنەدەرە و هەم چیرۆکبێژێکی نایابیشە. هێندەی تر نائومێد بووم کە زانیم دیتریچ و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەکەش بڕیاریان دابوو نە هیچ پەراوێزێک و نە هیچ بەڵگەنامەیەکی ڕێکوپێک بۆ سەرچاوەکانی بخەنە ڕوو. ئەوەی بۆمان ماوەتەوە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام لە هەمان کاتدا چیرۆکێکە کە بەداخەوە هەندێک لە سەرچاوەکانی تەواو نادیارە. دووەم شتی سەرسوڕهێنەر پەیوەندی بە داپیری دیتریچەوە هەیە، بە ناوی ئیمیڵی بارێت لێرند، کە ئەو لە خۆشەویستیدا بە بەم بەم ناوی دەبات. بەر لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بیڵ سکۆڤیڵی قۆزدا بکات لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٤، ئیمیڵی خانمێکی گەنجی ڕووخۆش بوو. تا ساڵی ١٩٤٤ خاوەنی سێ منداڵ بوون، و بیڵ لە یەکەی پزیشکی سوپای ئەمریکادا خزمەتی دەکرد، زۆربەی کات ئیمیڵی بەتەنیا بەجێدەهێشت لە شارۆچکە بچوکەکەی واڵا واڵا لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی واشنتۆن. دواتر بۆی دەرکەوت کە مێردەکەی لە پەیوەندی خۆشەویستیدایە. تووشی هەلوەسە بوو و هەوڵیدا خۆی هەڵبواسێت. ئیمیڵی لە ژوورێکی چاودێری دەروونی پارێزراودا لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە دانرا، تاکو چەند هەفتەیەک دواتر تەواوی خێزانەکە بەرەو هارتفۆردی سەر بە ویلایەتی کەنێتیکەت بەڕێکەوتن. لەوێش بەپەلە ڕەوانەی پەیمانگای لیڤینگ کرا، کە یەکێکە لە کۆنترین نەخۆشخانە دەروونییەکانی ئەمریکا و هاوسەرەکەی زۆربەی نەشتەرگەریەکانی پلبڕین لەوێ ئەنجام دەدات (هەرچەندە نەشتەرگەرییەکەی هێنری لەوێ نەبوو). سکۆڤیڵ لە ساڵی ١٩٤١ەوە لەناو ستافەکەدا بوو. پەیمانگای لیڤینگ (کە پێشتر نەخۆشخانەی هارتفۆردی تایبەت بە نەخۆشی دەروونی بوو)  دامەزراوەیەکی تایبەتی گرانبەها بوو، خزمەتی بە سەرمایەدارانی ئەو ناوچەیە دەکرد کە لە ڕواڵەتدا لە یانەیەکی خۆجێی دەچوو. گۆرەپانی پەیمانگاکە لەلایەن فرێدریک ئۆلمستێدەوە نەخشەکێشراوە کە تەلارسازی سێنتڕاڵ پارکە لە نیویۆرک. نەخۆشەکان بە "میوان" ناودەبران، هەرچەندە ئەم میوانانە لە هەبوونی دەسەڵات بەسەر چارەنووسیاندا بێبەش کرابوون. سەرپەرشتیاری پەیمانگاکە، دکتۆر بەرلینگەیم، بە شێوەیەکی توندوتیژانە نوێترین کەرەستەکانی پزیشکی دەروونی ساڵانی چلەکانی بەکاردەهێنا لەوانە: بێهۆشی لەپاش وەرگرتنی ئینسۆلین، گەشکەی پاش وەرگرتنی دەرمانی میترازۆڵ، چارەسەر بە ئاو، چارەسەر بە تای بەرز (نەخۆشەکە دەخرێتە ناو ئامێرێک لە شێوەی تابووت کە وادەکات جەستەی گەرم ببێت تا میکانیزمی هاوسەنگی جەستەی تێکدەچێت و پلەی گەرمی ئەو تا دەستکردەی کە دروست دەبێت دەگاتە ١٠٥ یان ١٠٦ پلەی فەهرەنایتی)، و چارەسەر بە شۆکی کارەبایی (ئـی سی تی) لە شێوە دەستکاری نەکراوەکەیدا ( کە دەبوویە هۆی گەشکەی توند). ئیمیڵی زۆرێکی لەم بەناو چارەسەرانە وەرگرتبوو، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر کەمیان هەبوو. پزیشکە دەروونییە بێ بەزەییەکەی ووتبووی کە ناپاکی هاوسەرەکەی "تا ڕادەیەکی نائاسایی دڵتەنگی کردووە" و تێبینییەکان لەسەر حاڵەتەکەی دەریدەخەن کەسێکە کە لە چارەسەری شۆکی کارەبایی دەترسا و هێشتا لە چنگی ئەو تێکچوونە دەروونیەدایە. هێنان و بردنیشی بۆ نەخۆشخانە بە شێوازێکی بەردەوام کەمێک نهێنی ئامێز دەردەکەوێت. لەو ساتە بەدواوە دوورەپەرێز و خەمسارد دەردەکەوت، ئەمەش حاڵەتێکە کە زیاتر مایەی تێگەیشتنە کاتێک لە کۆتا پەڕەکانی پەڕتووکەکەدا بۆمان دەردەکەوێت، دکتۆر سکۆڤیڵ خودی خۆی نەشتەرگەری پلبڕی بۆ ئەنجامداوە. یەکێک لەو بەسەرهاتە خەمناکە زۆرانەی نێو پەڕتووکەکەی دیتریچ بریتیە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی نانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاری لە ماڵی داپیرە و باپیرەی، کە تیایدا ئیمیڵی بە بێدەنگی لەناو خێزانەکەیدا دانیشتبوو لە کاتێکدا هاوسەری پێشویی و ژنە تازەکەی (کە مۆدێلێکی سەرنجڕاکێشتر و گەنجتر بوو) بۆنەکەیان بەڕێوەبرد.

لەڕێگەی کارەکانییەوە لەسەر هێنری، دکتۆر میلنەر چەندین دۆزینەوەی داهێنەرانەی دەربارەی بیرەوەری ئەنجامدا، لەوانەش دۆزینەوەی ئەوەی کە مرۆڤ خاوەنی دوو سیستمی جیاواز و سەربەخۆی بیرەوەرییە. 
سەرەڕای ناونیشانی پەڕتووکەکەی، دیتریچ چەندین پەڕە تەرخان دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەم جۆرە نهێنییە خێزانییانە. بەڵام لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە سەر کەیسی هێنری بێ یادەوەری. لێرەدا دەرفەتێکی بەنرخی زانستی هەبوو. بەپێچەوانەی ئەو نەخۆشە زۆرانەی کە سکۆڤیڵ لەدوای نەشتەرگەری پلبڕییەکەوە بەجێی هێشتبوون (ئەو بەردەوامبوو لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی کە ژێربڕینی خولگەییی بوو تا ساڵانی حەفتاکان، و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەوە شتێکی "سەلامەت و تا ڕادەیەکی زۆر بێ زیانە")، هێنری نەخۆشی دەروونی نەبوو، و پاش نەشتەرگەرییەکە توانا هزرییەکانی وەک خۆیان مانەوە. ئەمەش وای لێکرد ببێتە کەسێکی نموونەیی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر بیرەوەری مرۆڤ، و دۆزینەوەکانی ئەو توێژینەوەیە بوون کە وایکرد هێنری زۆر بەناوبانگ بێت (نەک ئەوەی توانای هەبوو گرنگی ئەوە بزانێت). لە سەرەتاوە، زانایەکی ناوداری دەمار لە زانکۆی مەکگیل لە مۆنتریاڵ، دکتۆر برێندا میلنەر، یەکەم دەرونناس بوو کە توێژینەوەی لەسەر هێنری ئەنجامدەدا و لەڕێگەی کارەکانییەوە لەسەر ئەو چەندین دۆزینەوەی داهێنەرانەی دەربارەی بیرەوەری ئەنجامدا. لەوانەش دۆزینەوەی ئەوەی کە مرۆڤ خاوەنی دوو سیستمی جیاواز و سەربەخۆی بیرەوەرییە. یەکێک لەو دوو سیستمە بۆ هێنری مایەوە، کە بریتی بوو لەوەی کە ڕێگەی دەدا کارامەییەکانی فێربوون بەدەست بهێنێت و باشتریان بکات. ئەوی دیکەیان، کە بیرەوەری بوو بۆ ڕووداوەکان بە تەواوی لەناوچووبوو. زۆری نەخایاند دکتۆر میلنەر توێژینەوەکەی بە ئاڕاستەیەکی جیاوازدا برد و وازی لە هێنری هێنا. لە شوێنی ئەو، یەکێک لە خوێندکارەکانی خوێندنی باڵای ئەو بەناوی سوزان کۆرکین توێژینەوەکەی گرتە دەست. پاشان، کۆرکین پۆستێکی کارگێڕی لە پەیمانگای ماسوچست بۆ تەکنەلۆژیا بەدەستهێنا. لە ڕاستیدا، هێنری بوو بە موڵکی ئەو. تا ئەوکاتەی هێنری لە ژیاندابوو، کۆرکین کۆنترۆڵی هەبوو بەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت دەستی پێی بگات،  ئەو توێژەرانەی تر کە دەیانویست پشکنینی بۆ بکەن ناچار دەکرد بە دڵی ئەو بجوڵێنەوە. هەروەها بەشێکی باش لە ژیانی پیشەیی خۆی بنیاتنا وەک یەکێک لە یەکەم خانمە زانستکارەکان لە پەیمانگای ماسوچست بۆ تەکنەلۆژیا، بەهۆی ئەوەی دەستپێگەیشتنێکی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو کەسە سەرنجڕاکێشە. لە ساڵی ١٩٥٣ وە تا مردنی لە ٢٠٠٨، هێنری بە بەردەوامی لە خێزانی هارتفۆردەوە کە لەلایان دانرابوو، و دواتریش لە خانەی شەووڕۆژی چاودێرییەوە کە لێی دەژیا، بەخێرایی دەگوازرایەوە بۆ پەیمانگای ماسوچست بۆ تەکنەلۆژیا، تاکو فەحس و پشکنین و دووبارە پشکنینەوەی بۆ بکرێت، هەر جارێکیش شوێنەکە و دکتۆر کۆرکینی دەبینییەوە وەک ئەوەبوو یەکەم جاری بێت. وا دەردەکەوێت کە کۆرکینیش پەیوەندییەکی بە دیتریچەوە هەبووە. ئەو ڕێک لەوبەری شەقامەکەی ماڵی سکۆڤیڵەوە دەژیا و نزیکترین هاوڕێی دایکی دیتریچیش بووە کاتێک کە دوو کچی گەنج بوون، وا پێنەدەچوو کە زۆر یارمەتی دیرتیچی دابێت کاتێک هەوڵیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکات بۆ پەڕتووکەکەی. سەرەتا خۆی لە چاوپێکەوتن لەگەڵیدا دەدزیەوە و دواتر هەوڵیدا ڕێگری بکات لە تواناکانی تا نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەر شتێک بەکار بهێنێت کە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەودا زانییویەتی. سەختە بڵێین ئەمە چەند کاریگەری لەسەر هەڵوێستی دیتریچ بەرامبەر ئەو هەبوو، بەڵام وادیارە ئەوە قسەی تیا نییە کە دیتریچ تێڕوانینێکی لەڕادەبەدەر نەرێنیانەی لەسەر ڕەفتارەکانی کۆرکین لەلا دروستبوو. وەک دیتریچ ئاماژەی پێدەکات، بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی هێنری لەلایەن کۆرکینەوە، ئەو و پەیمانگای ماسوچست بۆ تەکنەلۆژیا ملیۆنان دۆلاریان وەک پاڵپشتی دارایی بۆ توێژینەوە بەدەست هێنا. یەک فلسیش لەو پارەیە نەچۆیە گیرفانی هێنری داماوەوە. ئەو بە بڕە پارەیەکی کەمی کەمئەندامی حکومەت دەژیا، و تەنانەت بۆ جارێکیش هیچ قەرەبوویەکی بۆ کاتەکەی و هەندێکجاریش ئازارچەشتنەکانی وەرنەگرتووە. بۆ نموونە، جارێکیان گەڕایەوە بۆ هارتفۆرد و ڕیزێک سوتانی بچوکی پلە دوو بەسەر سنگیەوە بوو، کە ئەنجامی تاقیکاریەک بوو بۆ دیاریکردنی ئاستی هەستکردنی بە ئازار ئەنجام درابوو. سەرەڕای ئەمەش، ئەو نەیدەتوانی ئەو تاقیکاریەی بەبیربێتەوە، کەواتە بۆچی تاقیکاری لەسەر نەکرێت؟ پێدەچێت زۆر درەنگ بەبیری کۆرکیندا هاتبێت کە پێویستە هەندێک ڕێپێدانی یاسایی بۆ تاقیکردنەوەکانی وەربگرێت، چونکە ئاشکرابوو کە هێنری نەیدەتوانی ڕەزامەندی ئاگامەندانە بدات. هیچ هەوڵێکی نەدا تا خزمێکی نزیک بدۆزێتەوە کە لە ژیاندا بێت (ئامۆزایەکی تەنها چەند میلێک دوورتر دەژیا)، لەبری ئەوە بە فەرمانی دادگا چاودێرێکی گرتبوو کە هەرگیز سەردانی هێنری نەکردبوو بەڵام هەمیشە واژووی لەسەر هەر پەڕاوێک دەکرد کە کۆرکین دەیخستە بەردەمی. پێناچێت هێنری مۆلایسن بەختێکی وای هەبووبێت لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە تاقیکارییان لەسەر کردووە. سکۆڤیڵ بێباکانە ئەوی بەکارهێنا تا بزانێت چی ڕوودەدات کاتێک چەند بەشێکی گەورە لە مێشکی هەڵبمژرێتە دەرەوە، و پێدەچێت کۆرکین خاوەندارییەکی واقعیی هێنری بووبێت و دواتر ئەو هەلەی قۆستەوە و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێنا. بەپێی وتەکانی دیتریچ، بە مردنی ‌هێنری مۆلایسن نەهامەتییەکانی کۆتایی نەهات. تەرمەکەی بە خێرایی پارێزرا و گوازرایەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا، کە لەوێ جاکۆپۆ ئانیس توێکاری کۆئەندامی دەمار و تیشکناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان دیاگۆ، بەوردی مێشکی دەرهێنا و دەستیکرد بە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی. ئانیس، کە پزیشکێکی ئیتاڵی بوو، وەک زانستکارێکی بێوێنە دەردەکەوێت، و بەپەرۆش بوو بۆ ئەوەی چی دەدۆزێتەوە لەگەڵ جیهاندا هاوبەشی پێبکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نێچیرێکە لە ئاسمانی بازەکاندا. لەگەڵ بەردەوامبوونی لە کارەکەیدا، ئانیس زامێکی کۆنی لە پلی پێشەوەی مێشکی هێنریدا دۆزییەوە، وا پێدەچێت کاتێک دروست بووبێت کە سکۆڤیڵ لە بەردەستیدا لایدەبردن تا بگات بەو بەشانەی ناوەوەی مێشکی هێنری کە هەوڵی لابردنیانی دەدا. هەموو توێژینەوەکان دەربارەی بیرەوەری لە هێنریدا، بەوانەی کۆرکینیشەوە، پشتی بەو گریمانەیە دەبەست کە تەنها بەشەکانی لاجانگە پل زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە ئەمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دۆزینەوەیەکی گرنگ بوو. بە ڕێکەوت بووبێت یان نا، دوای ئەوەی کۆرکین لەم دۆزینەوەیە ئاگادار کرایەوە، پەیوەندی بە پارێزەرەکانی پەیمانگای ماسوچت بۆ تەکنەلۆژیا کرد تا مێشکی هێنری و هەموو ئەو وێنە و سلایدانەی کە ئانیس زۆر بە وردی ئامادەی کردبوون وەربگرێتەوە. ئانیس کەمتەرخەمبوو لە دەستەبەرکردنی هەر جۆرە بەڵگەنامەیەک تا مافی خۆی لەسەر ئەم شتانە مسۆگەر بکات، هەروەها پارێزەرەکانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان دیاگۆ هیچ یارمەتییەکیان نەدا و پشتییان تێکرد. کۆرکین، لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی بەڵگەنامەیەک کە بەدەستی هێنابوو لەڕێی ئەو سەرپەرشتیارەی کە خۆی بەتایبەتی بە فەرمانی دادگا دەستنیشانی کردبوو، و هەروەها بەپاڵپشتی پارێزەرەکانی پەیمانگای ماسوچست بۆ تەکنەلۆژیا، بە سەرکەوتوویی شتەکانی وەرگرتەوە. ئانیس دەستبەجێ دەستی لە کاری پۆستە کارگێڕییەکەی  کێشایەوە، و کاری توێژینەوەکانی شکستی هێنا و سلاید و وێنەکانیشی ئێستا لەدەست چوو. بە ووتەی دیتریچ، دواتر کۆرکین بە کۆتا وتەکانی ئاگرەکەی خۆشتر کرد. لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵیدا بەر لەوەی لە ئایاری ساڵی ٢٠١٦ بە شێرپەنجەی جگەر بمرێت، کۆرکین ڕایگەیاند کە پلانی هەبوو هەموو کەرەستە خاوەکان و تۆمارە تاقیگەییەکانی پەیوەست بە کارەکانی لەگەڵ هێنری مۆلایسندا لەناو ببات و پێشتر زۆرێک لەوانی لەناوبردووە. تا ٥٠ ساڵی کۆتایی ژیانی هێنری، کۆرکین بەتەواوی خاوەنی هێنری بوو و لە پلانیدا بوو هەر نهێنییەک کە لە فایلەکانیدا شاردراوەتەوە لەگەڵ خۆی بیباتە گۆڕ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە