کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە ساڵیادی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدیندا

.

10:58 PM - 09/05/2023

ئەمڕۆ 41 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر خۆپیشاندانی‌ خوێندکارانی‌ زانكۆی‌ سەلاحەدیندا لە هەولێر، دوای‌ ئەو زەمەنە، هێشتا یادی‌ شەهیدانی‌ ئەو خۆپیشاندانە لەلامان زیندووە و بەڕێز و وەفاوە دەڕوانینە سایەی‌ خوێنی‌ گەشیان، لەناویاندا، بۆ بەندە شەهید سەفا سدیق جەڕاح  هەم هاوڕێ و هەم نموونەی نەبەردی بوو.
کاتێک دەسەڵاتی‌ بەعس، بەگژ هەر جووڵەیەکدا دەچۆوە، کە بۆنی‌ کوردایەتی‌ و کوردبوونی‌ لێبێت، لەو کاتەدا کە دەسەڵاتی‌ دیکتاتۆریی‌ عیراق لە ترۆپکی‌ هێزدا بوو، رەشبگیریی‌ و کوشتن و لەناوبردنی‌ کردبوو بە بەرنامە، لەو رۆژگارە رەشەدا، بڕیاری خۆپیشاندانی سەرتاسەری زانكۆ درا، کە بەرنامەکە بەو شێوەیە بوو لەناو زانکۆوە سەرهەڵبدات و هەموو شار بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی‌ زوڵم و زۆری‌ دەسەڵاتدارانەوە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ دەسەڵاتی‌ ئەوکاتە سڵی‌ لە خوێنڕشتن نەدەکردەوە، بە دەیان شێوازی‌ جیاواز بەبێ دەست پاراستن لە خوێندکار و لە کوڕ و کچ، دەستی‌ کرد بە کوشتن و لەناوبردن. 
بەداخەوە لەو خوێپیشاندانەدا، تێکۆشەر سەفا سدیق جەڕاح شەهید بوو، بەشێوەیەکی‌ ئەوەندە کاریگەر و نا مرۆڤانە شەهید کرا، جگە لە بەعسییەکان لە دەسەڵاتی‌ هیچ مرۆڤێکدا نییە ئەو کارە بکات. 
شەهید سەفا چووە کاروانی‌ نەمرانەوە و ئەوەی‌ ساڵانە بەدوای‌ یاد و یادگاریدا وێڵ بوو، خەباتگێڕ و پێشمەرگەی‌ دێرین کاک نەوزاد سدیق جەڕاحی‌ برای‌ بوو، کە هەموو ساڵێک بە گوڕ و تینەوە دەیویست یادی‌ شەهید سەفا بەرز رابگرێت، بەداخەوە بۆ ئەمساڵ کاک نەوزادیش بەجێیهێشتین.
دروود بۆ گیانی‌ پاکی‌ شەهید سەفا و کاک نەوزاد و سەرجەم شەهیدانی‌ رێگای‌ رزگاریی‌ و ئازادی‌.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە