کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی: سووربوونی خۆمان بۆ دژایه‌تی كردنی تیرۆر دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌

.

06:24 PM - 31/01/2023

مەڵبەنی 3 ی ڕێکخستنی هەولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ ساڵیادی کارەساتی 1 ی شوباتدا ، پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "سووربوونی خۆمان بۆ دژایه‌تی كردنی تیرۆر دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 

بەپێی راگەیەندراوێكی مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێری یەكێتی،  "ئەمڕۆ 19 ساڵ تێپەڕیووە ،  به‌سه‌ر کردەوە تاوانکاریە تیرۆریستیەکەی ، ناو هه‌ردوو باره‌گای مه‌لبه‌ندی 3 ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی 2 ی پارتی دیموكراتی كوردستان ،  له‌ ڕۆژی 2004/2/1 دا ، تاریکپەرستان له‌ رێگای دوو تیرۆریستی سه‌ر لێشێواودا ، له‌یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز ، لەکردەوەیەکی خۆکوژیدا ، لەناو هەردوو بارەگای مه‌لبه‌ندی 3 ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی 2 ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا خۆیان تەقاندەوە".

ئاماژە بەوەشدراوە، "له‌م هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌دا  105 کەس لەهاوڵاتیان و سەرکردەو  ئه‌ندامانی هه‌ردوو حزب شەهیدبوون و ژمارەکی زۆریش برینداربوون."

 

لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "له‌و یاده‌ خه‌مناكه‌دا ، سه‌ری رێز  بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان دادەنوێنین و  وەك سه‌روه‌ری و شانازیش ڕێزی بریندارانی کارەساتەکە و بنەماڵەی شەهیدان دەگرین و پێکەوە درێژە بەڕێبازی شەهیدان دەدەین و ئەم بۆنە خەمناکەش دەکەینە هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌كریزی گه‌له‌كه‌مان".

 

بۆیە دەڵێت، "لەم کۆستە گەورەیەی نەتەوەکەماندا ، وەبیر هەمووان دێنینەوە ، کەتیرۆریستان بەم تاوانی کۆمەڵکوژیەیان ، کە هه‌ولێریان خه‌ڵتانی خوێنکرد و تاوانێكی گه‌وره‌شیان به‌رامبه‌ر بەمرۆڤایه‌تیش ئه‌نجامدا ، نابێ بیریشمان بچێت کەدوژمنانی کوردستان ، بۆ پەلامارەکانیان ، هیچ جیاوازیەك لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانمان ناکەن."

 

مەڵبەندی 3ی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بێگومان تیرۆریستان لەم تاوانەشیاندا مەبەستیان بوو ئاشتی وته‌بایی و گیانی لێبورده‌یی جه‌ژن ، له‌ هه‌ولێری و هه‌ولێریه‌كان تاڵ بكه‌ن و درزیش بخه‌نه‌ نێوان ڕیزەکانی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ، به‌لام ئه‌و ئاواته‌یان نه‌هاته‌دی و ئەم کارەساتەش بووە هه‌وێنی زیاتر به‌هێزكردنی گیانی پێكه‌وه‌یی و ته‌بایی و پتەوکردنی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌لی كوردستان".

"ئه‌م كردوەوە تیرۆریستیه‌ ، ئیرادەی گەلەکەمان و گیانی به‌رگری و قاره‌مانانەی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی به‌هێزتر كرد ، لەڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی بیری توندڕەوی بەناو جیهادی ئیسلامی و لەناوبردنیان ،  بەتایبەت لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کوردستان". وەك لە راگەیەندراوەكەی مەڵبەندی 3ی هەولێر هاتووە. 

راشیگەیاندووە، "له‌م یاده‌دا ، وێرای ته‌ئكید كردنه‌وه ‌و پەرۆشیمان له‌سه‌ر پتەوکردنی یه‌كریزی و ته‌بایی و هاوهه‌ڵوێستی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و سوور بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە ، له‌سه‌ر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستان و پاراستن و گەشەپێدانی  دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەگشتی و کەسوکاری شەهیدان بەتایبەت بەبێ جیاوازی".

 

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ، ئه‌م ڕۆژی ماتەمینیەی هەولێریەکان ،  ده‌كه‌ینه‌ هانده‌رێك بۆ كاركردن له‌سه‌ر بنبڕكردنی فیکرو کلتوری  تیرۆرو تیرۆریستان ، لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی کوردستان ، بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئازادیخوازانی دنیا".

هەروەها دەڵێت، له‌م رۆژه‌دا ، دووپاتی دەکەینەوە ، كردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە  لەبەرەوپێشبردنی گەل و وڵاتەکەمان بگرن ،  به‌ڵكو خوێنی شه‌هیدەکانمان هانده‌رمان ده‌بێت بۆ زیاتر خزمه‌ت كردنی خەڵکی خۆشەویستی هه‌ولێر".

دەشڵێت، "درود بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان و ڕێزو وەفاداریشمان بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارو کەمئەندامانی مه‌رگه‌ساتی یه‌كی شوبات دووپات دەکەینەوە".                                       

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە