کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆک کۆمار پێشوازی دەکات لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی

.

08:13 PM - 25/01/2023

 سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید ،رۆژی سێشەممە ٢٤ ی یەنایەری ٢٠٢٣ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.
 سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە ئەنجامەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئێستا ، سەرەڕای ئەو ماوەیەکی خایاند بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەرێنی بوە، هاوکات بەرنامەکەی جدیی لە بەردەستدایە ، بە تایبەت لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، ئەمەش بەدی دێت کە سەقامگیری و ئارامی عێراق لە ئێستادا دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و تیرۆر و توندوتیژی بەخۆوە بینیوە.
 سەرۆک کۆمار روناکی خستە سەر بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی کۆبونەوەی باڵای عەرەبی لە جەزائیر، ستایشی ئەو بڕیارانەی کرد کە لە ئەنجامی کۆبونەوەکەدا بەدیهاتون و ڕۆڵی کۆمەڵەی عەرەبی و جەزائیری  لە ڕێکخستنی کۆبونەوەکەدا بەرزنرخاند، جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی عەرەب بە گرنگیەوە باسیان لە پێکهێنانی حکومەت و ڕۆڵی عێراق کردوە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە سەردانی کۆماری میسر و جەزائیری کردوە .
 سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی ژینگە بووەتە مەسەلەیەکی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە زۆر سورن لە سەر باشترکردنی ژینگە و چارەسەرکردنی کەمی ئاو ، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی ئەوروپا لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس گرنگییان بە بەشداریکردنی عێراق دا و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاریکاریکردن کە ناوچەکەمانیان بە دەوڵەمەند و لانکەی شارستانی و گرنگ وەصفکردوە .هەروەها سەرنجی بەشداربووانی کۆنفرانسی داڤۆس سەبارەت بە دیموکراسی جێگەی بایەخ بو.
 سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید ڕایگەیاند، عێراق دەرفەتی وەبەرهێنانی ئومێدبەخشی هەیە، بەڵام پێویستە ژێرخانی عێراق نۆژەن بکەینەوە و پێویستە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بکەین بۆ ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق، پێویستیشمان بە هاوکاریی دوولایەنە و سێ قۆڵی هەیە لەو بوارەدا لەگەڵ برایانی عەرەب.
 سەرۆک کۆمار رایگەیاند: هیوادارین، لە ماوەیەکی کورتدا، ئەو بودجەیە پەسەند بکەین کە ماوەی سێ ساڵە پەسەند نەکراوە، کە بووە هۆی دواکەوتنی تەواوکردنی پڕۆژە گرنگەکان، داوای لە باڵیۆزەکان کرد کە هانی کۆمپانیای وڵاتەکانیان بدەن بە مەبەستی وەبەرهێنان لە عێراق. سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە دۆخەکە سەقامگیرە، بەڵام بەداخەوە میدیاکان ئەم وێنەیەی عێراقیان نەگەیاندووە، داوای لە باڵیۆزەکان کرد وێنەی ڕاستەقینەی عێراق و دۆخی سەلامەتی شارەکان بگەیەنن، ئاماژەشی بەوەدا کە سەرۆک کۆمارەکان ، سەرکردە و سیاسەتمەداران پشتگیری خۆیان بۆ عێراق دەربڕیوە لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ویستی خۆیان بۆ دامەزراندنی پەیوەندی کاریگەر دوپات کردۆتەوە.
 لەبەرامبەردا، باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، جەختیانکردەوە لە ویستی وڵاتەکانیان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەمووان مسۆگەر بکات و خواستی گەلان بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بەدەست بهێنێت.
 باڵیۆزی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ کارکردن لە عێراق، هاوکات باڵیۆزی سوریا باسی لە گەشبینی حکومەتەکەی کرد کە عێراق ڕۆڵی دەبێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی عەرەبی کە حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لەو هەنگاوانە.
 باڵیۆزی سعوودیە و کوێت روناکیان خستە سەر گرنگی وەبەرهێنان لە عێراق و کارکردن لەسەر دانانی ڕێککەوتننامەی پاراستنی وەبەرهێنان بە شێوەیەک کە پاڵنەری وەبەرهێنەر بێت بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە ڕاستەوخۆکان بۆ کارکردن.  باڵیۆزی سعودیە جەختی لەوە کردەوە کە ئابووری بووەتە جێگرەوەیەک بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکان کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی کاری وەبەرهێنان و قۆستنەوەی دەرفەتەکان.
 هاوکات باڵیۆزی لوبنان ئاماژەیکرد بە پێویستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت کە پێویستی بە هاوبەشی ڕاستەقینەیە لەگەڵ کەرتی گشتی.
 باڵیۆزەکان بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق لە ٢٥ی خولی کەنداو پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی عێراق کرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە