کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

(کابینەی قەیران و چەواشەکاری)

.

05:02 PM - 18/01/2023

(کابینەی قەیران و چەواشەکاری)

 

مقداد شێخ بەهادین

 

لەدونیای سیاسیە تەقلیدییەكان و حزبە كۆنەپارێزەكاندا بۆ مانەوە لە دەستەڵات و پێگە و پۆستەحكومییەكاندا، زۆرجار لەبری ڕكابەری شەرعی و پلان و بەرنامەی ژیرانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و خزمەتكردنی هاوڵاتیان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانیان، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێكیان دەخەنەكار بۆشكاندن و ناشرینكردنی بەرامبەرەكانیان تاكو لەو ڕێگەیەوە درێژە بە حوكمی پاوانخوازیان بدەن، هەندێ جار بە شێواندنی مێژوو و تۆمەتباركردنی ڕكابەرەكانیان و هەندێجاریش بە تۆمەت بەخشینەوەو هەڵبەستنی سیناریۆ و بوختان و چەواشەكاری هەوڵی بەلاڕیدا بردنی ڕای گشتی و حزبەكانی تردەدەن، بۆ ئەوەی لەبری بیركردنەوە لەپرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان بە بابەتی لاوەكی و دروستكراوەوە سەرقاڵیان بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە، كە ئێستا سەرۆكی حكومەتەكەی پارتی تێدایە.

هەر لەسەرتای كابینەی نۆیەمەوە بەپێچەوانەی مەبدەئی تەوافوق و پێكەوەكاركردن، كە كابینەكەی لەسەر دامەزرا, شەخسی سەرۆكی حكومەت بە دیدگا و ئامانجێکی بەرتەسکی حیزبایەتی و مەزاجێکی سیاسیی ناپەسەندەوە کاری لە سەر بنپێكردنی ئازادی و مۆنۆپۆڵکردنی جومگەکانی حکومڕانی و پەرواێزخستنی هێزە سیاسیە بەشداربووەکانیتر كردووە، بەتایبەت یەکێتی ئەمەش لەپێناو سەپاندنی هەژموون و ئیرادەی خۆی، ئەم هەڵسوکەوتەش کەشێکی ناسەقامگیرو دۆخێکی هەستیاری وای خوڵقاندوە، کە دوور نیە ئەوەشی بە خوێن و تێكۆشان و قوربانیدان بە دەستمان هێناوە بە ڕق و مەزاجی شەخسی لە دەستی بدەین، بۆیە لەبری جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیەی لایەنە بەشداربووەكان لەسەری ڕیككەوتبوون دەستی كرد بە دروستکردنی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر، كە زەرەرمەندی یەكەم هاوڵاتیانی هەرێم بوون و دۆخی حكومەتكەشی گەیاندە ئاستێكی وەها نالەبار، كە دوژمنانیش چاوەڕێیان نەدەكرد، ئێستاش دەیانەوێت شكست و فەشەلی حوكمڕانییان بخەنە ئەستۆی یەكێتی و نوێنەرەكانیان، بەڵام بەری رۆژ بەبێژنگ ناگیرێت و هەموو مرۆڤێكی بەویژدان دەزانێت ئەوكاتەی سەرۆكی تیمی یەكێتی جەنابی (كاك قوباد) لەبەغدا شەڕی بودجە و پشكی هەرێمی دەكرد و لە دەرگای هەموو لایەنە عیراقییەكانی دەدا لەپێناو قووتی موچەخۆران و هاوڵاتیان، ئەوان پیلانی ئابڵوقەی سەر سلێمانیان دادەنا،  كە بەداخەوە سیاسەتی سزادانى ناوچەكانی ژێردەستی یەكێتی و پەیڕەو كردنی سیاسەتی پەراوێز خستن  تارماییەكانی حكوومەتی بەعسمان بە بیردێنێتەوە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو مێژووە تاڵەی كە مخابن تا ئێستاش رەنگە خودی سەرۆكی حكوومەت عیبرەتی لێ وەرنەگرتبێت، بۆیە كاتێك تەماشای فەزای شێواوی سیاسی و باری ناهاوسەنگی دەوڵەتداری و ئیدارەدانی ئەم هەرێمە دەكەینەوە, دۆخی ناهەموواری دوای ڕاپەڕینمان بیردەكەوێتەوە كاتێك لە ساڵی (1992) ڕژێمی بەعس پاریزگاكانی كوردستانی چۆڵكرد و ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری خستەسەریان،  بەبێ ئەوەی هەست بەبەرپرسیارێتی بكات بەرامبەر بەو  هاوڵاتیانەی، كە بەهەموو پێوەرێكی ئەخلاقی و نیشتیمانی و ئاینی نەدەبوو سزایان بدات، بەڵام بەبێ گوێدانە هیچ دەرئەنجامێك وەكو ئەم حكومەتە بیباكەی ئێستای هەرێم هاوڵاتیانی خۆی دایە دەستی قەدەرێكی نادیار، كە دواتر گەورەترین زیانی لە تەونی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكانی عێراق دا, كە تاكوئێستاش كاریگەرییەكانی ماوە و بەئاسانی لەهزری تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایەدا ناسڕێتەوە، ئێستاش هەمان سینارێو پیادە دەکرێت بەڵام بەدەستی  حکومەتە خۆماڵێکەی پارتی و هەمان گەماڕۆ سەپێنراوە بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵبەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا، کە ئەمەش دەرهاویشتەی کورت بینی سیاسی و   ئەقڵیەتی شکست خواردوی ناوچەگەری و بیری دۆگمای خێڵەکی و رق ئەستوری‌ و دەمارگیری خودی سەڕۆکی حکومەتە، بەرامبەر بە نیوەی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەم شێوازەیەش لە بیرکردنەوەو حوکمرانی ماڵـوێرانی و لە باربردنی روحیەتی پێکەوە ژیان بە دوای خۆیدا دەهێنێت و پێویستە پێشی پێ بگیرێت، وە ئەوكاتەی سەرۆكی یەكێتی سەرۆك (بافڵ)  لەهەوڵی گەڵاڵەكردنی ڕێككەوتن و پرۆژەی چاکكردنی ڕێڕەوی حوكمڕانی بوو لەگەڵ پارتیدا، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستن و سەرۆكی ئێستای حكومەتەكەی پارتی لەڕێگای دەزگا جاسوسیەكەیەوە سیناریۆی ناشرینكردن و تۆمەتباركردنی قارەمانەكانی دژەتیرۆریان دادەنا، ئەو دژە تیرۆرەی  لەكاتی شەڕی داعش و هێرشی سەر مەخموور پارێزەری شكۆی هەولێری پایتەختی نیشتیمان بوون، بەڵام یەكێتی  بناغەیەکی  بەهێزی لەناو جەماوەری گەلی كوردستاندا هەیە و حیزبی بڕیارە قورس و چارەنوسسازەکانە، هەرەوەک چۆن بە حکومەتی بەعس نەبەزێنرا  بە دڵنیایشەوە بە هیچ پیلان و گەلەكۆمەكێ و تۆمەت بۆ هەڵبەستنێک  نابەزێت و بچوک نابێتەوە، واقعیش دەریخستووە هەرهێزو لایەنێک دژایەتی یەکێتی کردبێ  دەرئەنجام شکستیان هێناوەو بوونەتە پەندو عیبرەتی مێژوو، وە ئەوەی ئێستا لەم كابینەیەدا دەگوزەرێ  زەنگێكی مەترسیدارە، کەپێمان دەڵێ ئەگەر سنورێك بۆ ئەم نەفەسە كاركردنەی سەرۆكی حكوومەت دانەنرێت و ئەم ئاراستەیە لە ئیدارەدان بەردەوام بێت، ئەوا هەنگاو  بەرەو مەرگی راستەقینەی ژیانی حوكمڕانی و یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەنێین، کەبێگومان ئەوەش بە زیانی گەورەو لە گۆڕنانی خەونی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان دێت،

بەڵام سەرباری هەموو سەرنج و تێبینیەکانمان ئێمە وەکوو یەکێتی لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەمی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندیەگشتیەکانی میللەتەکەمان، وەک هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و رێکەوتنداین، چونکە لەدیدی ئێمەدا بەدیلی سازان تەنها سازان و کاری پێکەوەییە و یەک پارچەیی هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی خزمەتگوزار و  حکومڕانیەکی تەندروست ئەو ئامانجەیە، کەیەکێتی لە پێناویدا قوربانییەکی بێ شوماری داوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە