کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سلێمانی، سزای شۆڕش و سیاسی

.

11:36 - 15/11/2022

سلێمانی، سزای شۆڕش و سیاسی

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 

 

ئەمڕۆ کە ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانییە، ئەم شارە وەك زۆرێك لە شارەكانی جیهان شوناسی خۆی دیاریكردووە، شارێكی بێدەنگ و دەستەمۆ نییە، شارێكە پشكی گەورەی بەردەكەوێت لە خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی چەكدارییدا، هاوكات شارێكە پێش هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان دەكەوێت لە پێكدادانی رۆشنبیریی و كرانەوەی ناوخۆییەوە.

 

«نەمەحکومی عەجەم و نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان»ە

 ئەم شارە نەك تەنها بە دیدی شێخ رەزای تاڵەبانی «نە مەحکومی عەجەم و نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو»ە، بەڵكو بەم دواییانەش ئالی عوسمان زۆر هەوڵیاندا بە چەندین رێگەی جیاوازی سیاسی و ئەمنی و بە پەستان خستنەسەر دەسەڵاتە سیاسییەكەی، سلێمانی بۆ خۆیان ببەن «بردنێكی سیاسی و ئەمنی»، بەڵام دواجار نەیانتوانی و بۆیان نەبرا.

 وا دیارە سلێمانی و ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی سلێمانی بەرهەمی دەهێنێت و بەڕێوەی دەبات، ئەوەندە لە مانای خاڵیكردنەوەی سیناریۆ و پیلانەكان دژی سلێمانی تێدەگات كە بە ئاسانی ئەم شارە و دەسەڵاتە سیاسییەكەی نەبنە سوخرەكێشی هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتێك و هەمیشە لە قاڵبێکی شێوە نەتەوەیی و نیشتمانیدا بمێنێتەوە.

 

خەونی بەعسی لەگۆڕنا

هیچ دەسەڵات و نەیارێكی سلێمانی، هێندەی دەسەڵاتی بەعس و سەدامی دیكتاتۆر، ئازاری بە دەست سلێمانییەوە نەچەشتووە، بەلای بەعسەوە سلێمانی شارێكی سرك و جووڵاوی سیاسی و شۆڕشگێڕی بووە و كوانووی گەشانەوەی خەباتی كورد و بزووتنەوە چەكدارییەكانی مێژووی كوردە، ئەم شارە بۆ بەعسییەكان جیاواز بووە لە هەر شار و ناوچەیەكی دیكەی كوردستان، كاتێك بەعسییەكان زانكۆی سلێمانی لەم شارە دەگوازنەوە بۆ هەولێر، تەنها بیانوویان ئەوە بووە زانكۆی سلێمانی رۆڵی هەبووە لە هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد و ناوەندی پێگەیاندنی ئەو رۆحە كوردایەتییە پێشکەوتنخوازانەیە بووە  كە بەعس و سەدامی رەت دەكردەوە و دواجار هەرواش بوو. 

بەعسییەكان پێیانوابوو ئەگەر زانكۆی سلێمانی دووربخەنەوە لە شارەكە، ئیدی بۆ هەمیشە كوردایەتی لەناو دەبەن و كورد لە خەبات و بیری شۆڕشگێڕی دادەبڕن.

 

سلێمانی و سزای سیاسی

 ئەم شارە هەر بە سروشت هەموو ئەو بیركردنەوە و دەسەڵات و كەس و حزبانەی تووڕداوەتە دەرەوەی خۆی كە نەیانتوانیووە لە ناو ژینگە و واقیعی سلێمانیدا خۆیان بدۆزنەوە و لەگەڵ كەشوهەوای توندی سیاسیی سلێمانیدا خۆیان بگونجێنن. 

لە رابردوو و ئێستاشدا، هەر سزایەكی سیاسی بخرێتە سەر سلێمانی، وەڵامدانەوەی ئەو سزایەیە كە سلێمانی دەیخاتە سەر ئەوانی دیكە، ئەگەر سزا خستنەسەر سلێمانی دەرەنجامی تەوژمە سیاسی و ئابوورییە ناوچەیی و ناوخۆییەكە بێت، ئەوا سزای سلێمانی بۆ سەر ئەوانی دیكە سزادانێكی سروشتییە كە بارگەی موجەبی سلێمانی كۆنتاكتی هیچ بارگەیەكی سالبی ئەوانی دیكە نابێت، ئەم سزایەی سلێمانی بۆ سەر ئەوانی دیكە زیاتر سزادانێكی كوردانە و نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەمێك ساڵە هەر هێز و وڵاتێك نەیتوانیبێت سلێمانی لەڕووی  سیاسی و ئەمنییەوە كۆنترۆڵ بكات، ئەوا بە سزای ئابووری ویستوێتی تۆڵە لە سلێمانی بكاتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11636 - 27500

سەرەوە