کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سبەی شەو رۆما و فاینۆرد یەكەم یاری كۆتایی كۆنفرانس لیگ ئەنجامدەدەن

.

09:33 PM - 24/05/2022

 یاریگای كۆمبیتاری لەشاری تیرانای پایتەختی وڵاتی ئەلبانیا میوانداری یەكەم یاری كۆتایی پاڵەوانێتی كۆنفرانس لیگ دەكات لەنێوان هەردوو یانەی رۆمای ئیتاڵی و فاینۆرد رۆتردامی هۆڵندی.
هەردوو یانە چاویان لەوەیە مێژوییەك لەتۆماری پاڵەوانێتییە ئەوروپییەكان بنوسنەوە لەرێگەی خولی كۆنفرانس لیگ كە هەرچەندە لەپلەی سێیەمە لەریزبەندی لیستی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەكان لەدوای خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا و خولی ئەوروپی، بەڵام یاریەكە گرنگی زۆری هەیە بەهۆی ئەوەی یەكەم یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكەیە كە پێش یەك ساڵ بیرۆكەكەی كەوتە بواری جێبەجێكردن، رۆما و فاینۆرد پەردە لەسەر ئەم یاریە كۆتاییە مێژوییەی خولی كۆنفرانسی ئەوروپی دادەدەنەوە كە پێشبینیكردن بۆ ئەنجامەكەی زۆر ئاسان نییە لەبەر رۆشنایی نزیكییان لەروی ئاستی هەردوو یانە لەماوەی ئەم وەرزەدا، ئەمە دووەم جارە هەردوو یانە لەئاستی ئەوروپا روبەروی یەك دەبنەوە لەدوای 7 ساڵ  كەلەقۆناغی  32ی خولی ئەوروپی وەرزی 2014 بۆ 2015 بەیەك گەیشتوون لەیاری چوونی یاریگای ئۆڵمپیكۆ هەردوو یانە بەگۆڵێك یەكسانبوون و لەیاری گەرانەوەی یاریگای فاینۆرد رۆما توانی بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتن تۆمار بكات لەو یاریەی كە دوو یاریزانی فاینۆرد بەكارتی سور كرانە دەرەوە.
یاری كۆتایی خولی كۆنفرانس لیگ هەلێكی گرنگ و زێڕینە لەبەردەم یانەی رۆما تا بتوانێت ئەم وەرزە بەنازناوێكی گرنگ و مێژوویی كۆتایی پێ بهێنێت دوای ئەوەی لەئاستی ناوخۆیی بەدەستی بەتاڵ هاتۆتە دەرەوە و یانەكەش بەراهێنەرایەتی خۆسێ مۆرینیۆی پورتوگالی ئامانجیەتی بتوانێت بردنەوە تۆمار بكات و یەكەم نازناو لەپاڵەوانێتییە ئەوروپییەكان بەدەستبهێنێت كە پێشتر لەدوو یاری كۆتایدا روبەروی شكست بۆتەوە، یەكەمیان لەساڵی 1984 بوو لەیاری كۆتایی پاڵەوانێتی جامی یانە ئەوروپییە پاڵەوانەكان كە ئێستا چامپیۆنس لیگە و رۆما بەلیڤەرپوڵی ئینگلیزی دۆڕا، دووەم جاریان لەیاری كۆتایی جامی یەكێتی ئەوروپی لەساڵی 1991  كە خولی ئەوروپی ئێستایە و رۆما لەبەرامبەر ئینتەرمیلانی هاونیشتمانی روبەروی شكست بۆوە.
لەبەرامبەردا فاینۆرد هیواخوازە نازناوێكی نوێ بخاتە سەر تۆماری كیشوەری كە لەوەرزی 1969 بۆ1970 بووە پاڵەوانی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا و لەوەرزەكانی 1973 بۆ 1974 و 2001 بۆ 2002 نازناوی جامی یەكێتی ئەوروپی بەدەستهێنا كە ئێستا خولی ئەوروپییە و یانەكە ئامانجیەتی چوارەم نازناو لەئاستی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەستكەوتێكی تر چاوەرێی براوەی نازناوی خولی كۆنفرانس لیگە كە رۆما لەم دەستكەوتە هیچ سودێك نابینێت، بەڵام بۆ فاینۆرد تارادەیەك بەسودە ئەگەر ببێتە پاڵەوان كە براوەی نازناوەكە راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی كۆمەڵەكانی وەرزی داهاتووی خولی ئەوروپی بەڵام رۆما لەرێگەی بەدەستهێنانی پلەی شەشەمی كاڵچۆ گەیشتنی بۆ خولی ئەوروپی مسۆگەر كردووە.
لای خۆیەوە فاینۆرد ئەم وەرزەی خولی هۆڵندی لەپلەی سێیەمی ریزبەندی كۆتایی پێ هێنا و گەیشتۆتە پاڵاوتنی گەیشتن بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەوروپی، بەڵام بردنەوەی نازناوی كۆنفرانس لیگ ئەو بلیتەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێ دەبەخشێت.
ماوەتەوە بڵێین هەردوو یانە بەشایستەیی رێگای گەیشتنە یاری كۆتایی خولی كۆنفرانسی ئەوروپییان بڕیوە، یانەی رۆما بەتۆماركردنی 7 بردنەوە و 3 یەكسان بوون و 2 شكست گەیشتۆتە یاری كۆتایی و لەقۆناغی پێش كۆتایی توانی بەربەستی لیستەرسیتی ئینگلیزی تێپەرێنێت، بەڵام فاینۆرد لەهیچ یاریەكدا روبەروی شكست نەبۆتەوە لەكاروانەكەی بەرەو یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە و لەقۆناغی پێش كۆتایی سەركەوتنی بەرامبەر مارسیلیای فەرەنسی تۆماركرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە