کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كوردو پۆستی سەرۆك كۆمار لە عیراقدا

.

02:59 PM - 26/01/2022

كورد و پۆستی سەرۆك كۆمار لە عیراقدا
بڵێسە جەبار فەرمان
سەرۆك كۆمار چی بۆ كورد كردووە؟. ئەم پرسیارە بەمەبەست و بێمەبەستی توێكڵدار، رۆژانە بەرگوێ و بەر دیدەمان دەكەوێت. كەسانێكی زۆر ئەم پرسیارە دەكەن و چاوەڕێی وەڵامیش نین، چونكە پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر ئەو پۆستە داوە.
هەرێمەكەمان دووچاری چەندەها قەیران بۆتەوە
بێگومان شاراوە نییە كە هەرێمەكەمان دووچاری چەندەها قەیرانی گەورە بۆتەوە، لە هەموو سێكتەرەكاندا كەموكوڕی زۆر بەرچاودەكەوێت. گەورەترین قەیرانەكان نەبوونی خزمەتگوزاری و پێنەدانی مووچە و دانەمەزراندن و نەبوونی هەلی كارە. ئەمانە هەمووی دەبنە هۆی ئەوەی كە چاوەڕوانی زۆر لە هەندێك كەس و هەندێك پۆست هەبێت. چاوەڕوانییەكان زۆر لە سنووری دەسەڵاتی ئەو پۆستانە زیاترە. هەروەها تێكەڵەیەك لە چاوەڕوانی و خواستی هاووڵاتیان بەدیدەكرێت بەشێوەیەك كە نازانرێت كێ چ دەسەڵاتێكی هەیە و كێ لە چی بەرپرسە.
بۆ نموونە جیاوازی لە كار و دەسەڵاتی پەرلەمانی ئیتیحادی و پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان و شارەوانییەكاندا ناكرێت. جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتی ئەندامێكی سەركردایەتی و وەزیرێكدا ناكرێت.
پۆستی سەرۆك كۆمار تەشریفاتییە، بەڵام پارێزەری دەستوورە
بێگومان ئەمانە گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرن، بەڵام با بێین و باس لە پۆستی سەرۆك كۆمار بكەین. هەر لەم چەند رۆژەدا چەندەها جار گوێمان لەوە بووە كە ئەم پۆستە هیچ دەستكەوتێكی نییە و بێجگە لە پۆستێكی تەشریفاتی هیچی تر نییە. لەلاكەی ترەوە هەموو ئەو كارانەی لە ساڵانی رابردوودا كراون بە بێبایەخ وەردەگیرێت و دەوترێت هیچی بۆ كورد نەكردووە. پرسیارەكە ئەوەیە؛ لەبری ئەوەی بوترێت چی بۆ كورد كردووە؟ دەبوایە بوترێت دەیتوانی چی بكات و نەیكردووە؟. بەڵێ پۆستی سەرۆك كۆمار تەشریفاتییە، بەڵام بەدەر لەوەش پارێزەری دەستوورە. ئێستا بێگومان دەوترێت چی كردووە بۆ مادەی 140. مادەی 140 و پێشمەرگە و بودجە و زۆرێك لەم بابەتانە دەستووریین و بەپێی دەستوور رێكخراون. دانانی شێواز و چوارچێوەی ئەم بابەتانە لەلایەن پەرلەمانی ئیتیحادییەوە رێكدەخرێن و جێبەجێكردنیان لەلایەن حكومەتەوەیە و چاودێریكردنیان لەوەی پێچەوانەی دەستوور نەبێت لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دەبێت.
سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوور هەڵسوكەوت دەكات
ئەوەمان بیرنەچێت كە سەرۆك كۆمار، سەرۆك كۆماری تێكڕای عیراقە و دەبێت بەپێی دەستوور و پۆستەكەی پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عیراق بكات. ساڵانی پێشوو بەهۆی ریفراندۆمەوە سەرۆك كۆماریان خستە چوارچێوەیەكی زۆر نەخوازراوەوە، چونكە سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوور و دەسەڵاتەكانی هەڵسوكەوتی دەكرد، دەستیان نەپاراست لە تێكشكاندنی كەسایەتی و بێئەرزشكردنی ئەو پۆستە.
ئێستا دۆخێكی تازە هاتۆتەپێشەوە، پارتی كە هەمیشە مەكینەی راگەیاندنی گەرم كردبوو لەسەر بێبایەخ پیشاندانی پۆستی یەكەمی سیادیی گەورە لە هەموو عیراق، كە سەرۆك كۆمارە. بە تاك لایەنە كەوتۆتە ناو هاوكێشەیەكی سیاسییەوە بەتەنیا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر حسابی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و بەتایبەتی یەكێتی.
پارتی بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی سەرۆك كۆماری نەدەكرد
كورد لە عیراقدا بەیەكگرتووییش هەر بەهێز نییە، چونكە لەچاو عەرەبی عیراقدا بە ژمارە چواربەرامبەر كەمترە، بەڵام گەر گوتار و سیاسەتی یەك بێت، دەتوانێت رێ لە پێشێلكردنی مافەكانی بگرێت. لە چوار ساڵی رابردوودا پارتی بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی سەرۆك كۆماری نەدەکرد، كە كورد بوو، میدیای پارتی هەموو هەواڵی سەرۆكی پەرلەمانی عەرەبی سوننە و سەرۆك حكومەتی عەرەبی شیعەیان بڵاودەكردەوە، بەڵام بۆ كوردەكە نا؟. لەڕووی مەعنەوی و سیاسییەوە هاوكارنەبوون، بەڵام یەكێتی لەبەر پاراستنی ناوماڵی كوردستان چاوپۆشی لەو گرێ دەروونییە دەكرد.
پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیا و لە نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عیراق دەكات، كاتێك كوردێك لە جامیعەی عەرەبی و لە دنیا نوێنەرایەتیی عیراق دەكات، مانای ئەوەیە كورد لەو وڵاتە پێگەیان هەیە و دەبێت حسابیان بۆ بكرێت. كاتێك لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە زمانی كوردی دەچێتە ناو هۆڵی كۆبوونەوە گشتییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمە مانای رەسمییەتدانی راستەقینەیە بە زمانی كوردی، كە هێشتاكێ لە وڵاتانی دەوروبەر زمانی كوردی قەدەغەیە.
لەجیاتی ئەوەی بوترێ سەرۆك كۆمار چی بۆ كورد كردووە؟، بۆچی ئەو پرسیارە نەكرێت كە ئایا كورد بە چ ئەجێندایەكی هاوبەش و بە یەك تیم لە بەغدا توانیوێتی هێز و ئەرزشی زیاتر بدات بە پۆستی سەرۆك كۆمار، كە هێمای بوونی كوردە لە دەسەڵاتی باڵای ئەو وڵاتەدا؟.
بەغدا بۆ پرۆسەی سیاسی گرنگە
تا وەكو كوردی عیراق بە باشتر بیرنەكەینەوە كە بەغدا گرنگە بۆ پرۆسەی سیاسی و لە بەغداش بە یەكگرتوویی و بە بەرنامەی هاوبەشی هەموو كورد بەوانەشەوە كە كورسییان نییە لە پەرلەمان و بە نیسبـی؛ عیلاقات و پێگەیان هەیە، ناتوانرێت هیچ دەستكەوتێكی سیاسی بەدەستبهێنرێت.
لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوانەی بانگەشە دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار گرنگ نییە. لە سیاسەت و دەوڵەتداری تێنەگەیشتوون. ئەوانەی وا بانگەشە دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد هیچ دەستكەوتی نەبووە، كەی ئەو پۆستە لە دەستی كورد نەما و دەستوور هەمواركرایەوە ئەو كاتە دەزانرێت ئەو پۆستە چەند گرنگ بووە بۆ كورد و پێكهاتەكانی تریش.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە