کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عیراق پاش راگەیاندنی‌ ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن

.

02:27 PM - 06/12/2021


عیراق پاش راگەیاندنی‌ ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن
بورهان شێخ ڕەئوف‌

ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە 30/11/2021 لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەلایەن كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عیراقەوە راگەیەنرا، بەوەش كۆتایی‌ به ‌ماراسۆنی‌ تانە و سكاڵاكان هێنرا، بەڵام ئەوەش دەرگای‌ بۆ قۆناغێكی‌ نوێ‌ كردەوە كە ئەویش راستاندنی‌ ئەو ئەنجامانەیە لەلایەن دادگای‌ فیدراڵی‌ عیراقەوە.

وا پێشبینی‌ دەكرا كە بابەتی‌ راستاندنی‌ ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن كاتێكی‌ زۆر و ململانێی ئاڵۆزی‌ لێبكەوێتەوە، بەڵام دانیشتنەكەی‌ 2/12/2021ی نێوان سەید موقتەدا سەدر و لایەنە ناڕازییەكانی‌ چۆراچێوەی‌ هەماهەنگی‌ لە ماڵی‌ (ئەبو حەسەن) هادی‌ عامری سەرۆكی‌ لیستی‌ فەتح بە ئامادەبوونی‌ مالیكی‌ و خەزعەلی‌ و عەمار حەكیم و ئەوانی‌ تریش، پێدەچێت ئەم ململانێیانە بە ئاراستەیەكی‌ تردا بروات.
هەرچەندە پێشتر لایەنەكانی‌ ناو چوارچێوەی‌ هەماهەنگی‌ سكاڵایان تۆمار كردبوو لە داداگای‌ فیدراڵی‌ عیراق و داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەیان كردبوو، پێش ئەوەی‌ راستاندنی‌ بۆ بكرێت، ئەم هەنگاوەشیان لەكاتێكدا هاویشتبوو ئەنجامی‌ زۆری تانەكان گۆڕانكارییەكی‌ كەم تێدا روویدابوو، پێشتریش شاندی‌ چوارچێوەی‌ هەماهەنگی‌ بە سەرۆكایەتی‌ قەیس خەزعەلی‌ لەگەڵ نوێنەری‌ ئەمینداری‌ گشتی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان (جنین بلاسخارت) كۆبۆ‌وەو شكستیان هێنا لەوەی‌ بگەنە جۆرێك لە رێكەوتن لەسەر ئاكامی‌ هەڵبژاردنەكە، چونكە ئەو هێزانەی‌ دۆڕاون بە ئاكامەكە رازی‌ نین، ئەمەش دیمەنی سیاسی‌ عیراق بەرەو شڵەژان و ئاڵۆزیی‌ زیاتر دەبات و ئەگەر پێداگیری‌ زیاتر بكەن لەسەر ئەم هەڵوێستانە، بەڵام كۆبوونەوەكەی‌ 2/12/2021 لە نێوان هەردوو بەرەی‌ شیعەی‌ ناكۆك و دژبەیەك ئومێدی‌ ئەوەی‌ لێدەكرێت سەرەتای‌ كرانەوە و سازش بێت بۆ یەكتریی.

ئەوەی‌ گومانی‌ تێدا نییە مەترسی‌ لایەنەكانی‌ ناو چوارچێوەی‌ هەماهەنگییە لە پەسەندكردنی‌ ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن، كە چ كاریگەرییەكی‌ دەبێت لە لاوازكردنی رۆڵ و پێگەیان له ‌پرۆسەی‌ سیاسیدا، چونكە ئەم شكستە گەورەیە لە هەڵبژاردنەوە دەگۆڕێت بۆ شكستی سیاسی‌ و ئاڵنگاری‌ تریان بۆ دەخوڵقێنێت. لەلایەكی‌ ترەوە ئەو كۆدەنگی‌ و پشتیوانییە زۆرە نێودەوڵەتی‌ و ئیقلیمیەی‌ كە پرۆسەی‌ هەڵبژاردنەكە هەیەتی‌، چوارچێوەی‌ هەمانگی‌ دەكاتە لایەنێكی‌ لاواز كە كارتی‌ بەهێزی‌ بەدەستەوە نەبێت .

لەلایەكی ترەوە، سەدر لە بەرامبەر داخوازیی‌ نەیارەكانیدا بەنیازە حكومەتی‌ زۆرینەی‌ نیشتمانی‌ پێك بهێنێت، ئەوانیش دەخوازن به ‌سازان حكومەت پێكبهێنن، ئەمەش خاڵی‌ سەرەكی‌ و ناكۆكی‌ زەقی‌ نێوانیانە، كە دەبێت بەرەی‌ هەماهەنگی‌ بەرەو ئۆپۆز‌سیۆن بوون بڕوات، كە ئەمەش قورسە بۆیان، چونكە میلیشیا و هێزی‌ چەكدارییان هەیە، كە ئەمەش یاسا و دەستووری‌ عیراق رێگەی پێ نادات.
ئەوەی‌ مایەی‌ نیگەرانی‌ و كێما‌سییەكی‌ زۆرە بۆ دیموكراسیی‌ ساوا و راگوزەر لە عیراقدا، كە تائێستا ئۆپۆز‌سیۆنی‌ كاراو چالاكی نەبووە، هەموو لایەنەكان خوازیاری‌ دەسەڵات و تام و لەزەتاكانین و ناچنە ژێر باری‌ بەرپرسیارێتی‌ ئۆپۆزسیۆن بوون كە قورسترین بەرپرسیارێتییە، كە ئەویش چاودێریكردنی‌ كەمووكورتییەكانی‌ حكومەتە.

دەبێت باسی‌ پێكهاتەكانی‌ تری عیراقیش بكەین لە كورد و سوننە كە دوو پێكهاتەی گرنگن و تا ئێستا چاوەڕوانی‌ یەكلابوونەوەی‌ ناكۆكییەكانی‌ نێو ماڵی‌ شیعەن، وەكو باس دەكرێت ئێرانییەكان داوای‌ ئەوەیان لێ‌ كردوون كە پەلە نەكەن تاوەكو شیعەكان كێشەكانیان یەكلایی‌ دەكەنەوە، ئینجا بچنە پێشەوە بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت و هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتییەكانی‌ پەرلەمان و كۆمار، هەرچەندە پێشتر سەدر لەگەڵ محەممەد حەلبوسی‌ سەرۆكی‌ لیستی‌ تەقەدومی‌ سوننەكان (كە خاوەنی‌ 37 كورسیە) و سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ خولی پێشوو بووە، كۆبۆتەوە .

لە كۆتاییدا :
1- سەدر ناتوانێت ئەم لایەنانەی‌ كە لە چوارچێوەی‌ هەماهەنگیدا كۆبوونەتەوە لەسەر شانۆی‌ سیاسی‌ عیراق بسڕێتەوە.
2- بەرەی‌ هەماهەنگیش ناتوانن باز بەسەر شایستە یاساییەكان و ئەنجامی‌ هەڵبژاردنەكەدا بدەن كە سەدرییەكان (73) كورسیان
بەدەستهێناوە.
3- بەریەكەوتنی‌ چەكداری‌ و توندوتیژی‌ لەنێوان ئەو دوو لایەنە ئەگەرێكی‌ دوورە، چونكە رۆڵی‌ یەكلاكەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەرجەعی سیستانی‌ لە نەجەف و ئێرانییەكانیش بەشی‌ خۆیان كاریگەرییان دەبێت.

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە