کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە دوادەكەوێت

.

10:18 AM - 24/06/2021

هەرچەندە سەرۆكی حكومەت بەڵێنیدابوو كە هەموو 30 رۆژی جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت و لە 25ی مانگەوە دەستپێبكات، بەڵام دوو مانگە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوتوەو بۆ ئەم مانگەش كاتی دابەشكردنی مووچە دیار نیە، لەكاتێكدا بەدرێژای ئەم مانگە نرخی بەرمیلێك نەوت لەسەرو 70 دۆلارەوە بووە.

بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی لەماوەی 30 رۆژ جارێكدا تەنها چەند مانگێكی خایاندو لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی رابردوودا دووبارە دواكەوتنی مووچە سەریهەڵدایەوەو بەشێكی زۆری مووچەخۆران دوای زیاتر لە 40  رۆژ مووچەیان وەرگرتن و دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاریش تا كۆتایي هات 15 رۆژی خایاند، بۆ ئەم مانگەش تا ئێستا لیستی دابەشكردنی مووچە رانەگەیەنراوە و نازانرێت كەی مووچە دابەش دەكرێت.

لەو بارەیەوە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كورستان رايگەیاند: بڕیاری پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتنی مووچە پشتی بەیاسا نەبەستوە و بەبڕیار و رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران بوە و سەرجەمیان نایاسایی بوون.

وتیشی: لەئێستادا قەیرانی دارایمانە تێپەڕاندوە، لە بەر ئەوەی یەكەم سەرچاوەی داهاتیش نەوتە رۆژانە حكومەتی هەرێم  بەڕەسمی 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، نرخی نەوت بەرزە و دۆلاریش بەهاكەی بەرزە و بەهۆیەوە حكومەتێكی هەرێم لەڕێی گۆڕینەوەی داهاتی نەوتەوە كە دۆلارە بەدینار بڕێكی زۆر پارەی دەستدەكەوێت، هەروەها عیراقیش بڕیاریداوە 200 ملیار دینار بنێرێت، بۆیە ئێستا قەیرانی دارایی تێپەڕیوەو كاتی لێبڕین لە مووچە نەماوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی وەزیران ساڵی ڕابردوو رۆژی 23ی 6ی 2020 بڕیاریدا مووچە بەلێبڕینەوە دابەش بكات و تائێستاش بەردەوامە و مووچەی چەندجارێكیش دابەشكردنی مووچە بەلێبڕینەوە دواكەتوە.

بەپێی بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەت دەبوایە سبەینێ كە 25ی مانگە دەبوایە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە دەستیپێبكردایە، بەڵام تائێستا لیستی دابەشكردنی مووچە رانەگەیەنراوە و نازانرێت مووچەی ئەم مانگەی كەی دابەش دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی كە سبەینێ رۆژی هەینیە و پشووە، بەڵام پێشتر رۆژانی هەینی و پشووش مووچە دابەشدەكرا.

هەر بەپێی زانیارییەكان بۆ ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو مووچە بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% پلە تایبەتەكان دابەشدەكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە