کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆچی بەها نەماوە؟

.

07:24 PM - 29/04/2021

رێبین عومەر

بە مەبەست بەها باڵاکان لەم کۆمەڵگەیە دەستێنرێتەوە و میللەت لەناو تەنگەژە و گرفت و نیقاشی بێمانا دەخزێنرێت.

گرفتی گەورەی ئێمە زۆرتر لەم ماوەیەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەق بووە و دەرکەوت کە ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ لە چ سەردەمێکی بێ بەهاکردنداین؟ چ کارەساتێکی گەورەمان خولقاندوە؟ ئەمانە دەری دەخات ئێمە دوای جەنگ و دوای چارەکە سەدەیەک لە فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ، نەمانتوانیووە کەسێتی تاک لە کۆمەڵگەدا بنیات بنێین. نەمانتوانیووە پەروەردەیەکی دروست پێشکەش بە کۆمەڵ بکەین و تاک بە دروستی و بە دیدێکی گەورە گۆشبکەین و ئامادەسازیی بکەین بۆ داهێنان و بەرەوپێشچوونی وڵات.

تەنها لەوە بڕوانی کە میللەتێکی پێنج ملیۆنی چۆن دەبێ نەتوانێ داهێنانێکی گرنگ پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات؟

یاخود وەک بەکاربەر بمێنینەوە و بە فیعلی وەک میللەتێکی تەمەڵ، پشت ئەستوور بە نەوت، بێکار بین و چاومان لە کەوتنە خوارەوەی سێوەکەی نیوتن بێت، بەراستیش هەرئەوە کارەساتەکەیە کە ئێستا لە بێکاریداین و کاتمان زۆرە بۆ بەگژداچوونەوەی یەکتر، خۆمان داوەتە دەست قەدەری سۆشیال میدیا و خۆبەتاڵکردنەوە و روبەڕوبونەوەی یەکتر، لە کاتێکدا زۆربەمان ناشزانین، بۆ بەگژ یەکتریدا چوینەتەوە و کێشمەکێشی یەک بۆ دەکەین؟

هەرچییەک کە دەخولقێت، بەرهەمی بیر و هزری خۆماڵی خۆمانە.

خۆمان خولقێنەری ئەم دۆخی دڕدۆنگییەی کۆمەڵین، هەر لەبەر ئەوەش تیماری برین و چارەسەری راستەقینە لە دەستی ئەو شۆڕشەدایە کە دەبێت وەک ئەڵتەرناتیڤ و رێگەچارە پەنای بۆ بەرین، تا رێنسانسی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسی و کەلتوری پێبکەین و گۆڕانێکی ریشەیی لەم کۆمەڵگەدا بکەین. ئەگەرنا لەناو بازنەی تەنگەژەدا دەمێنینەوە و هیچ بەهیچ ناکەین.

برینە قوڵەکە ئەوەیە کە بە فیکری (ماکیاڤیلی) کە شێوازێکی تەقلیدییە بۆ بەڕێوەبردنی حکوم، ئێمە وەک کائینی مێگەل ئاراستە دەکرێین، دیقەت لەوە بدەن چرکەسات، چارەنووسی ژیانمان دیاریی دەکات.

هەر لەبەرئەوە واچارەکە سەدەیەکە بە تێزی قەیران یەکسانە بە قەیران و تەنگەژە، بەردەوامی دەدەین و گرفت و ناکۆکی و دژایەتی بۆتە کەلتورمان.

وەک ئەو قسە باوەی کەدەڵێت: خێر لە جەنگ و نائارامی و دڕدۆنگیدایە، لەژیانی کۆمەڵایەتیمان ئەوە زۆرتر دەردەکەوێت، کە بەماسکەوە جەنگی شکاندن دەکەین و لە روشدا باوەش بۆ یەک دەکەینەوە، ئەمە کەلتورێکی ترسناکی خراپە، دوورە لە عورفی کۆمەڵایەتیمان.

وەک چۆن کۆمەڵناسی عیراقی (عەلی وەردی) باس لە دووفاقیی کەسایەتی تاکی عیراقی دەکات، ئەو دووفاقییە ئێستا هۆی هەیە. بۆ خۆدەرخستن و بێ بەهاکردن، ئەو دیدە مەترسیدارە، چونکە دەرفەت بۆ وجودی تاک لە کۆمەڵ و دەربڕینی رای گشتی ناهێڵێتەوە، وادەکات کە بەگشتی ئینسان گەلێکی خاڵی بین لە بەها باڵاکانی کۆمەڵ.

سیناریۆکان لێرە خەریکە ژیان ئاراستە دەکەن، نازانین سبەی چیتر دەگوزەرێت و چ نالۆژیکیەکی بێ نرخ خۆی دەسەپێنێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە