کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

میدیاكاری راستەقینە و میدیاكاری ساختە

.

08:26 PM - 21/04/2021

میدیاكاری راستەقینە و میدیاكاری ساختە

 هەڵگورد جەلال

ئەوەی ئێستا لە میدیای كوردی و لای هەندێك دەزگاو میدیاكاری كورد دەگوزرێت، ئاراستەیەكی زۆر خراپە بەرەو فەوزاو بێسەروبەرییەكی زۆری كاری میدیایی و رۆژنامەنووسی، كە سەرەنجام كاریگەری نەرێنی و زۆر خراپی لەسەر دۆخی گشتی كۆمەڵگە و میزاجی كۆمەڵایەتی هەریەكێكمان دەبێت.
لە هیچ پنتێكی ئەم گەردوونە دیجیتاڵییەدا، ناكرێت و نەكراوە، بەبیانوی ئازادیی رادەربڕین و ئازادی بیركردنەوەوە، مۆدێلێك لەپاشاگەردانی و بێ ئیتیكی باڵ بەسەر كایەی میدیاو رۆژنامەنووسیدا بكێشێت، ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزرێت، ناچێتە هیچ چوارچێوەیەكی كاری میدیایی و ئازادی رادەربڕین و ئازادیی بیركردنەوەو رەخنەگرتنێكی بونیادنەرانەی واقعیانە.
پرسیومانە، یان دەپرسین، كێن ئەوانەی بەناوی میدیای ئازادەوە، سەرلەبەری داب و نەریتی كوردەواری لەبەریەك هەڵدەوەشێنن؟ كێن ئەو میدیایانەی بەناوی كرانەوەی كۆمەڵایەتییەوە، بانگەشەو ماركیتینگ بۆ هەڵوەشاندنەوەو لەبەریەك ترازانی خێزانەكان دەكەن؟ كامەن ئەو میدیاو میدیاكارانەی، سەرباری ئەو هەموو فشارە ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتییانەی لەسەر تاكی كورد هەیە، دێن و تەرویج بۆ كوشتن و خۆكوشتن و توندوتیژی دەكەن؟
دڵنیام لەوەی، ئەوەی ئەو كارانە دەكات، میدیاو میدیاكاری سەنگین و راستەقینەنین، بەڵكو ئەو جۆرەن لەمیدیای ساختەو میدیای زەرد، كە بۆ بەدەستهێنانی چەند لایكێك، یان بەمەرامێكی سیاسی و نەتەوەیی ئاراستەكراو، كار لەسەر تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و میزاجی كۆمەڵگەو ئاشتەوایی سیاسی  ئەم هەرێمەی ئێمە دەكەن.
میدیاو میدیاكاری راستەقینە، بەزمانێكی هێمنتر هەم كێشەكان دەخاتەروو، هەمیش لەدەرگای چارەسەرەكان دەدات، نەك بەدەنگی بەرزو دروستكردنی ژاوەژاوو فەوزایەكی بێ بنەما، كێشەكان گەورەترو چارەسەرەكانیش ئەستەم تر بكات.
میدیاو میدیاكاری راستەقینە، بەبێ بوونی هیچ بڕیارو سانسۆرێك، بۆخۆی ئەو ئیتیكەی لەبەرچاوەو كاری پێدەكات، لەكاتێكدا دەبوایە، هەر لەسەرەتاوە، وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەریان بەدروستبوونی ئەم لێشاوە لەمیدیاو میدیاكار بگرتایە، ئەمە بەمانای سانسۆرو رێگرتن لەئازادی با لێكنەدرێتەوە، بەڵكو مەبەست لێی، گەڕاندنەوەی بەهاو شكۆیە هەم بۆمیدیاو میدیاكار، هەم بۆ كلتوری كۆمەڵگەی كوردی.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ئێستا بوونەتە میدیایەكی كاریگەرو بتەوێت یان نا، خۆیان خزاندۆتە نێو سمارت فۆنەكانمانەوە، كاریگەری زیاتریان هەیە، بۆیە دەبێت بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ هەر هەواڵ و دۆسیەیەكدا بكەن كە بۆ ئەوان مایەی بایەخپێدانە وەك بابەتێكی میدیایی، بەڵام بەداخەوە، بەشێكی زۆری ئەو فەوزاو بێ سەروبەرییە، سەرچاوەكەیان  هەندێك لەو میدیا دیجیتاڵی و میدیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەیە، كە بێ هیچ بەرپرسیارێتیەكی میدیایی و كۆمەڵایەتی دامەزرێندراون و هێندەی تر جەستەو هۆشی وەرگری كوردیان ماندووكردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە