کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ڤێتێرنەری سلێمانی: ئاژەڵەكانتان لە كوشتارگەكان سەربڕن

.

04:40 PM - 01/08/2020

دەروێش فەرەج نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، ‌‌لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا لە كوشتارگەی سلێمانی،‌ بڕێكی زۆر گۆشتی ئاژەڵ لە پشكنین دەرنەچووە‌و داوا لە قوربانیكاران دەكات ئاژەڵەكانیان لە كوشتارگەكان سەربڕن.
وتیشی، بۆ سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەكرێت بە‌ قوربانی، لەڕۆژانی جەژندا كوشتارگەكانی سلێمانی كراوە دەبن‌و لە یەكەم ڕۆژی جەژنیشدا پاش پشكنین دەركەوتووە، كە زیاتر لە (800) كیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵی سەربڕدراو شیاوی خواردن نیە. ئەگەر ئەو ئاژەڵانە لەسەر شەقام و كۆڵان و گەڕەكەكاندا سەرببڕدرانایە بەناوی (خێر) بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرا.
سەبارەت بە گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی كوشتارگەكان سەردەبڕێت وتی، لەبەرئەوەی پشكنینان بۆ نەكراوە نازانرێت هەڵگری نەخۆشیە یان نا، یان گۆشتەكەی شیاوی خواردنە یان شیاونیە، هەر لەبەرئەوە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت‌ بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی‌ ڕێگری لە سەربڕین و فرۆشتنیان دەكرێت.
نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەكانی داواشی لە هاوڵاتیان كرد، ئاژەڵەكانیان لە كوشتارگەكانی سلێمانی سەربڕن، تا تەندروستی خۆتان و ئەو كەسانەی گۆشتی قوربانیان بۆ دەنێرن پارێزراوبێت‌و بەهۆی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆشەوە، مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانتان دروست نەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە