کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

رامۆس ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد

.

02:55 PM - 06/07/2020

جارێكی تر سێرجیۆ رامۆس بووە فریاد رەسمی یانەی ریاڵ مەدرید و گۆڵی بردنەوەی لەخولی یانەكانی ئیسپانیا پێ بەخشی، كاتێك لەمیانی یارییەكی هەفتەی 34 بە گۆڵەكەی رامۆس كە لەدەقیقەی 73 تۆماری كرد دوای ئەوەی ناوبژیوان پەناڵتییەكی بۆ هەژماركردن  ریاڵ مەدرید سەركەوتنێكی گرنگی تۆماركرد و ئەو گۆڵەش بۆ یاریزانی ناوبراو بووە ژمارەیەكی پێوانەیی، كە لە دوای فرناندۆ هیێرۆ و لە وەرزی 1993-1994، بەتاكە بەرگریكار دادەندرێت لە لالیگا زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات و تا ئێستا و لەم وەرزە 10 گۆڵی هەیە و بەباشترین بەرگریكاری گۆڵكار دادەندرێت لەسەدەی 21.
هەروەها لەدوای دەستپێكردنەوەی یارییەكانی خولی یانەكانی ئیسپانیا كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەی سێ مانگ راگیرا، رامۆس لەو حەوت یارییەی ریاڵ مەدرید ئەنجامی داوە لەسەرجەمیان بەشدرار بووە و توانیویەتی پێنج گۆڵ تۆمار بكات و پێش لیۆنێل میسی هێرشبەری بەرشەلۆنە و گۆڵكاری خولەكە كەوتووە.
رامۆس لەساڵی 2004 ەوە پەیوەندی بەیانەی ریاڵ مەدرید كردووە، لەو ماوەیە لە 648 یاریدا بەشداربووە و وەك بەرگریكار توانیویەتی 97 گۆڵ تۆمار بكات كە 70 گۆڵی لەلالیگادا بووە.
ژمارەیەكی تری پێوانەیی ئەو بەرگریكارە ئەوەیە بەرێژەی لەسەدا 100 لەلێدانی پەناڵتی سەركەوتوو بووە و هیچ پەناڵتییەكی لەدوو وەرزی رابردوودا بەهەدەر نەداوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە