ڕێبین تالیب
ڕێبین تالیب
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە ڕەسەن و پێشەنگەیە، کە هەمیشە لە پێناو باوەڕ و کوردایەتی راستەقینە کادر و ئەندامانی خۆی کردووە بە قوربانیی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و پاراستنی کەرکوکی قودسی کوردستان، یەکێتیەک کە بۆ کەرکوک و لە پێناو کەرکوکیەکاندا، هەمیشە ئامادە بووە دەستبەرداری بەرژەوەندییە حیزبییەکانی ببێت و ئەو پارچە بەنرخەی نیشتیمان بکاتە سەرچاوەی هێز و وزەی نەتەوەیی، وەک چۆن ئەو یەکێتیە وەک قوربانیییەکی سەرەکی، خوێنی هەزاران شەهید، سەرکردە و قارەمانی بەخشیوە بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەم شارە وەک هێڵێکی سوور بمێنێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، (کەرکوک و خەڵکەکەی و یەکێتیی) سیانەیەکی نیشتمانیی لێک دانەبڕاو و ڕەمزی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانن.
پەیڕەوکردنی ڕێبازی حەکیمانەی ڕەوانشاد هەڤاڵ مام جەلال، قبووڵکردنی جیاوازییەکان، ڕەتکردنەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی، ڕێگریکردن لە تاکڕەوی لە دامەزراوە حکومییەکاندا و چەسپاندنی کولتووری لێبوردەیی، ئەو ڕێبازە ڕاست و دروستە بوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەڵگرتنی کێشایە سەر شان.
لە قۆناغی ڕابردووشدا، ئامانجی سەرەکیی یەکێتیی بریتی بوو لە هاوسەنگکردنەوەی ڕەوشی ئیداری و بوژانەوەی ژێرخانی شارەکە، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بوو بۆ کۆتاییهێنان بەو هەوڵە نەزۆکانەی، کە دەیانەویست کێشەکانی ئەم شارە بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبی بچووک بکەنەوە، یان ئاژاوە لە نێوان هاوڵاتیانی ڕەسەنی شارەکەدا بنێنەوە و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کەرکوک تێکبدەن. لێرەدا، هۆشیاریی خەڵک و سیاسەتی ژیرانەی یەکێتیی، گەورەترین ڕێگربوون لە بەردەم پیلانی گروپە شۆڤێنیست و ناحەزەکاندا.
ئەمڕۆ و لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییدا، لەژێر دروشمی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە بەرنامەی یەکێتییدا ستراتیژێکی نەگۆڕە و تێکۆشانی بەردەوامی دەوێت، سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتیی یەکێتیی دووپاتی دەکەنەوە، کە لەسەر هەمان نەهجی باوکی ڕۆحیی گەلەکەمان، جەنابی مام جەلال بەردەوام دەبن ک کاتێک دەیفەرموو: شەنگال، تەلەعفەر، زوممار و شێخان، بڕۆن بەرەو خوار بۆ خانەقین، مەندەلی، بەدرە و جەسان، هەمووی خاکی پیرۆزی کوردستانە، تاکە کوردێک نییە دەست لە کەرکوک و خانەقین هەڵبگرێت، هەتا تاکە کوردێک مابێت کەرکوک خاکی کوردستانە بە کوێرایی چاوی دوژمنان.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، کەرکوک بۆ یەکێتیی دۆسیەیەکی جێگیر و هێڵێکی سووری بێ سازشە. لەم یادە پیرۆزەدا، حیزبی شەهیدان لەسەر دەستی سەرکردایەتیی نوێی خۆی، پەیمانی دڵسۆزی بۆ خەڵکی خۆڕاگری کەرکوک نوێ دەکاتەوە کە داکۆکیکاری یەکەم دەبێت لە مافەکانیان و ڕێگە نادات هیچ هێزێک ناسنامەی کوردستانیی ئەم شارە کاڵ بکاتەوە. کەرکوک و یەکێتیی هاوکێشەیەکی مێژوویین کە هیچ سێبەرێکی شۆڤێنیزم ناتوانێت لێکیان جیا بکاتەوە.