د. چیا براحەمە
یەکێتی نیشتمانی و فەلسەفەی حوکمڕانی، سەرنجێک لە گووتارەکەی هەولێری بەڕێز قوباد تاڵەبانی
لە کایەی سیاسیدا، بەشداری لە حکومەت تەنها بە وەرگرتنی پۆست و کورسی ناپێورێت، بەڵکو بەو "دەسەڵات و کاریگەرییە" دەپێورێت کە لایەنەکان هەیانە لە داڕشتنی بڕیاری نیشتمانیدا. ووتەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی بەڕێوبەرانی گشتی یەکێتی لە حکومەتدا ، گوزارشت لە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی دەکەن لە تێڕوانینی یەکێتی بۆ ئایندەی هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا. ئەم تێڕوانینە لەسەر یەک چەمکی سەرەکی کۆبۆتەوە کە ئەوەش "هاوبەشی ڕاستەقینە"یە. لێرەوە دەتوانین بڵێین هاوبەشیی ڕاستەقینەیی تاقە ڕێگەی ڕزگاریی قەوارەی هەرێم و چاکسازیی حکومڕانی یە، ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژانەوە:
١. بەغدا وەک سەنگەرێکی ستراتیژی، لێرەوە
سیاسەتی شەفافی یەکێتی لە بەغدا، وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن پێگە، لەسەر دوو هێڵ کار دەکات:
یەکەم... چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەمەش بەوەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێگەیشتووە کە بەبێ بەغدایەکی جێگیر و پەیوەندییەکی دەستوریی بەهێز، لە ئێستادا هەرێم ناتوانێت گەرەنتیی ژیان و گوزەرانێکی باشی هاوڵاتیانی کوردستان بکات.
دووەم... بەشداری لە داڕشتنەوەی بڕیار، بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتی نایەوێت تەنها "وەک میوان" لە بەغدا بێت بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان، بەڵکو دەیەوێت بەشدارێکی سەرەکی بێت لە چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکانی عێراق، چونکە هەرێمێکی بەهێز لە ناو عێراقێکی بەهێز و سەقامگیردایە.
٢. مەرجی یەکێتی بۆ هەولێر مەرجی حکومەت یان هاوبەشی...
جەختکردنەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەوەی کە "دەرگای دانووستان دانەخراوە بەڵام پێداگرین لەسەر هاوبەشیی ڕاستەقینە"، پەیامێکی ڕوونە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەمە ڕەتکردنەوەی ئەو مۆدێلەیە کە دەیەوێت لایەنەکانی تر تەنها وەک "دیکۆری حکومەت" بەکاربهێنێت. لە لایەکی دیکەوە (هاوبەشی) بەمانای
گۆڕینی هاوکێشەی هێزە بۆ هاوکێشەی خزمەت و
بڕیاری هاوبەش، نەک تەنها جێبەجێکردنی بڕیاری یەک لایەن، رێگەیەکە بۆ دامەزراوەیی بوون وکۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی شەخسی و حزبی بەسەر دەزگاکانی حکومەتدا و
ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی سیستەمەکە بە جۆرێک کە خزمەتی هاوڵاتی بکات، نەک بەرژەوەندییەکی بەرتەسکی سیاسی.
٣. تێپەڕاندنی "ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی"
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی وتارەکەی جێگری سەرۆکی حکومەت، بەستنەوەی "هاوبەشیی ڕاستەقینە"یە بە "نەهێشتنی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی"ەوە. ئەمە تێگەیشتنێکی قووڵە؛ چونکە کاتێک هاوبەشیی ڕاستەقینە نەبێت، بێمتمانەیی دروست دەبێت و هەرێم بەسەر دوو ناوچەی بڕیاردا دابەش دەبێت. بەڵام کاتێک وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی دەسەڵاتی تەواوی لە هەموو کوردستاندا هەبێت (بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ حزبێکە)، ئەو کاتە دامەزراوەکان بەهێز دەبن و یەکێتی خاکی و کارگێڕی هەرێم دەپارێزرێت.
٤. هاوبەشی وەک بەرژەوەندیی گشتی (تەنانەت بۆ پارتیش)
بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئاماژەیەکی عەقڵانی دەدات بەوەی کە ئەم داواکارییانە لە بەرژەوەندیی پارتیشە. چونکە حکومەتێک کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی تێدا بێت، حکومەتێکی سەقامگیرترە، بەرپرسیارێتییەکان تێیدا دابەش دەبن، و شەرعیەتێکی جەماوەریی بەهێزتری دەبێت. تاکڕەوی لە حکومڕانیدا لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بارگرانی بۆ خودی ئەو لایەنەی کە دەسەڵاتی پاوان کردووە، چونکە بە تەنها دەبێت بەرپرسیارێتیی هەموو شکستەکان هەڵبگرێت.
لێرەوە دەتوانین بڵێین پەیامەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پەیامی **"ڕاستکردنەوەی مێژوو"**یە. بەرەو قۆناغی "بەرپرسیارێتی نیشتمانی"
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێرەدا وەک هێزێکی بەرپرس دەردەکەوێت کە نایەوێت تەنها بۆ پۆست بگەڕێتەوە، بەڵکو دەیەوێت مەرجی "سیستەمێکی تەندروست" بچەسپێنێت.
ئەم وتارە ئەوەمان پێ دەڵێت کە داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بەوەی تا چەند لایەنەکان ئامادەن لە عەقڵییەتی "برا گەورە و برابچووک" یان "باڵادەست و پاشکۆ" دوور بکەونەوە و بەرەو مۆدێلێک بڕۆن کە تێیدا هەمووان بەرامبەر بە خەڵک بەرپرسیار بن و هەمووانیش خاوەنی بڕیار بن. ئەمە تاقە گەرەنتییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو و پارێزراو بمێنێتەوە.