سلێمان مستەفا حەسەن
سەربەخۆیی پەرلەمانتار و بەرپرسیارێتیی ئاکاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی
سلێمان مستەفا حەسەن
ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە. لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و پەسەندکردنی دەستووری عێراق، دەستە سەربەخۆکانیش بە جیا لە هەر سێ دەسەڵاتەکەی تر دامەزراون. لێرەدا دەبێت دان بە ڕاستییەکدا بنێین؛ ئێمە دیموکراسیمان بە شێوەیەکی هەڵە ئەزموون کردووە، ئەمەش باجێکی زۆری لە کورد و کوردایەتی سەندووە و هەموو کوردێکی دڵسۆزی نیگەران کردووە. چونکە نەتەوەکەمان لە باشوور تۆماری قوربانی و بەرخۆدانی زۆری هەیە؛ ئەنفال، کیمیاباران، ڕاگواستن، عەرەباندن، بەعساندن، زیندان و لەسێدارەدان، هەموویان گەواهی ئەو ڕاستییەن. کاتێک دەڵێین لە پێکهاتە و دەستەواژەکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا بە هەڵە تێگەیشتووین، کاتێک دەڵێین دیموکراسیمان بە شێوەیەکی هەڵە پەیڕەو کردووە، یان بە پێچەوانەی دابونەریتی کوردەواری و ڕەفتارمان و مامەڵەکردنەوە کردووە، ئەمانە ڕاستییەکی تاڵن. با بە کوردی و کورتی لە پەرلەمانەوە دەست پێ بکەین. لە خولی یەکەم، دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، کار بە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، دابەشکاریی هەڵبژاردن و شێوازی لیستی داخراو کرا. پەرلەمانتاران لەسەر لیستی پارتەکان بەربژێر دەکران و بەپێی ڕیزبەندیی لیستەکان، بەرکەوتەی حیزبە براوەکان دیاری دەکران. لە خولی چوارەم، پێنجەم و شەشەمدا، سیستەمی لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و دابەشکاریی هەڵبژاردن، لەگەڵ شێوازی لیستی نیمچەکراوە پەیڕەوی لێ کراوە. پرسیارێکی گرنگ لێرەدا دێتە پێشەوە: ئایا پەرلەمانتار ئازادە بە ئارەزووی خۆی واز لە پارتەکەی بهێنێت و فراکسیۆنەکەی جێ بهێڵێت؟ ئەگەر بەپێی چەمکەکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا مامەڵە بکەین، وەڵامەکە بەڵێیە؛ بەڵام ئەمەش بە واتای نەبوونی هیچ سنوورێک نییە. چونکە مافی یاسایی و بەرپرسیارێتیی ئاکاری و سیاسی دوو بابەتی جیاوازن. لە سیستەمی لیستی نیمچەکراوەدا، پەرلەمانتار بەرپرسیارێتییەکی ئاکاری و سیاسی بەرامبەر پارتەکەی و دەنگدەران هەڵدەگرێت؛ چونکە شێوازی بەدەستهێنانی کورسییەکەی پەیوەندیی بە لیست و دەنگەکانی پارتەکەیەوە هەیە. بە دەگمەن پەرلەمانتارێک دەتوانێت تەنیا بە ماف و ماندووبوونی خۆی نرخی کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت؛ بەڵکو دەنگدەری پارتەکەش دەنگی پێ دەدات و لە کۆتاییدا، بە دەنگی هاوڕێکانی لە لیستەکەدا کورسییەکە دەباتەوە، لە سەرەتاش کورسی بۆ حیزبەکە دیاری دەکرێت و لە قۆناغی دووەم دەدرێتە ئەو بەربژێرەی کە زۆرترین دەنگی هێناوە، بۆ نوێنەرانی ژنانیش ئەم بەرپرسیارێتییە لە ڕووی هەڵسەنگاندنی شێوازی بەدەستهێنانی کورسییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بۆیە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتیی ئاکاری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەن کە نابێت پەرلەمانتارێک بە پشتبەستن بە مافی یاسایی خۆی، لە شەو و ڕۆژێکدا، هەموو ئەو پەیوەندی و بەرپرسیارێتییانە پشتگوێ بخات و ڕایبگەیەنێت کە وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ کار دەکات، لە کاتێکدا سیاسەت و چالاکییەکانی پێچەوانەی ئەو بەرنامە و بانگەشەیە بن کە بە ناوی لیستەکەوە پێشکەشی دەنگدەران کراوە لە کەمپینی هەڵبژاردندا، تەنانەت لەناو حیزبەکەشی بەڵێننامەی پابەندبوونی پڕ کردووەتەوە. ئایا پەرلەمانتارێک کە تەنیا ٣٠٠ دەنگی هەیە، بەڕاستی بە ٣٠٠ دەنگ دەبێتە پەرلەمانتار؟ ئایا نرخی کورسیی پەرلەمان بۆ نموونە هەر ٣٠٠ دەنگە؟ ئەوەش پرسیارێکە کە پەیوەندیی بە شێوازی دابەشکردنی کورسی و سیستەمی هەڵبژاردنەوە هەیە. لە لایەکی دیکەوە، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا، بەربژێری سەربەخۆ بە مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو کەسێک لە دەستوور دەقنووس کراوە و پێناسە کراوە؛ واتە هەر کەسێک بە تەنیا بەشداریی پێشبڕکێی هەڵبژاردن بکات و ئەگەر مەرجە یاساییەکانی بەدەستهێنانی کاندیدبوونی تێدا بێت و ژمارەی دەنگی نرخی کورسی بهێنێت کورسیی پەرلەمان پڕ دەکاتەوە، وەک بەربژێری سەربەخۆ دەبێتە پەرلەمانتار. لێرەدا دەبێت بە وردی جیاوازی بکەین لە نێوان بەربژێری سەربەخۆ لە کاتی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەناو پەرلەماندا. بۆیە دەنگدەران و هاووڵاتییانی کوردستان نیگەرانن لەوەی پەرلەمانتارێک لە بەرامبەر دیاری، پارە یان پۆست، ئاراستەی سیاسیی خۆی بگۆڕێت و سەنگەر بگۆڕێت. هەروەها ئەوەی پارتەکان بە دیاری و پارە و پۆست، پەرلەمانتار و کادیرەکانی یەکتر بکڕن، بابەتێکی جێی نیگەرانییە. بەداخەوە، وشەکەش بۆ وتار جوان نییە، بەڵام دەبێت بە ڕوونی دژی ئەم ڕەفتارە بوەستینەوە؛ چونکە کڕین و فرۆشتنی متمانەی دەنگدەران، زیان بە شکۆی پەرلەمان و بنەماکانی نوێنەرایەتی دەگەیەنێت. ئێمە پێویستمان بەوەیە ڕێز و شکۆ بۆ مرۆڤ، متمانەی دەنگدەر و ڕەوشتی بەرزی کوردانە بگەڕێنینەوە. سەربەخۆیی پەرلەمانتار مافێکی یاساییە، بەڵام نابێت ببێتە پاساو بۆ پشتکردنە متمانەی ئەوانەی دەنگیان پێ داوە. بۆیە دەبێت ئەم سیاسەتە لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار بکرێت و بە یاسا قەدەغە بکرێت، لەناو یاسای حیزبەکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شوێنی بۆ بکرێتەوە، ئەرکی هەموو لایەنەکانە و تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردەوارییە دژی ئەو دیاردانە بوەستنەوە.