هەڵكەوت عەبدوڵڵا 17/9/2023

ئۆتۆمبێل لێخوڕین بەبێ مۆڵەتی شۆفێری تاوانێكی گەورەیە و لێكەوتەی مەترسیدار و دوورمەودای دەبێت، چونكە دەكرێت رووداوی زۆر مەترسیداری لێ بكەوێتەوەو سزادانی وەهاش بخاتەوە، كە لە رووی یاسایی و داراییەوە سەخت و بارگران بێت.

ئۆتۆمبێل لێخوڕین بەبێ مۆڵەتی شۆفێری چەند واتایەكی هەیە:
1. شۆفێریكردن بەبێ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.
2. شۆفێریكردن بە مۆڵەتێكی راگیراو یان پووچەڵكراو.
3. شۆفێریكردن بە مۆڵەتێك كە كاتی بەكاربوونی بەسەرچووە.
4. شۆفێریكردن بە مۆڵەتێك كە لەگەڵ جۆری سوارڕەوەكەدا ناگونجێت. بۆ نموونە، لێخوڕینی تەكسی، یان پاس، یان لۆری بە مۆڵەتی ئۆتۆمبێلی تایبەت.
5. بەكارهێنانی مۆڵەتی بیانی بەبێ رێنمایی و بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ.

بەپێی یاسا بەركارەكان لە هەرێمی كوردستان، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ‌ مۆڵەت، ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلەكە لێ دەخوڕێت و خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەش رووبەڕووی سزا دەكاتەوە، ئەوەش بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
1. هەركەسێك، بەبێ مۆڵەتی شۆفێری، یان بە مۆڵەتێكی راگیراو (یان پووچەڵكراو)، یاخود نەگونجاو لەگەڵ جۆری ئۆتۆمبێلەكەدا، ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، بە زیندانیكرنێك سزا دەدرێت، لە مانگێك كەمتر نابێت و شەش مانگیش تێناپەڕێنێ.
2. هەركەسێك ئۆتۆمبێلەكەی بدات بە كەسێك بۆ لێخوڕین كە مۆڵەتی شۆفێری نییە، سزاكەی بریتییە لە: زیندانیكردن، لە مانگێك كەمتر نابێت و شەش مانگ تێناپەڕێنێ، یان غەرامەكردن بە بڕێك پارە، لە سەد هەزار دینار كەمتر نابێت و لە سەد و پەنجا هەزار دیناریش زیاترنابێت، یاخود بە هەردوو سزاكە پێكەوە.
3. دەستگرتن بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین، كە مۆڵەتی شۆفێری كاتێك بەدەستدەهێنرێت و بەكارە، كە كەسەكە لە نووسینگەیەكی مۆڵەتپێدراو بە خولێكی راهێنانی شۆفێریدا تێپەڕیبێت و لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ناوچەكەی بە تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكیدا تێپەڕبووبێت و دەرچووبێت. واتە لە دەسەڵاتی دایك، یان باوكدا نییە منداڵێكی خۆی فێری شۆفێری بكات و ئەو باوەڕەی لا دروستبكات كە دەتوانێت بەبێ مۆڵەت شۆفێری بكات. هەروەها پێویستە دایكان و باوكان سوویچی ئۆتۆمبێلەكانیان لەبەردەستدا دانەنێن، تا منداڵە خوار 18 ساڵەكانیان سەركەشی نەكەن و بەبێ مۆڵەت شۆفێری نەكەن. چونكە لە ساڵانی رابردوودا چەندین رووداوی دڵتەزێن لە ئەنجامی ئەوە روویانداوە و كارەساتیان لێ كەوتووەتەوە.

وتارەکانی نوسەر