هەڵكەوت عەبدوڵڵا
هەڵکەوت عەبدوڵا
ڕووداوەكانی هاتوچۆ پرسێكی جددییە، چاوخشاندنەوەیەك بەو رووداوانەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا لای خۆمان پێشهاتوون، دەریدەخات كە رێژەیەكی بەرچاویان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەی مرۆڤ، بۆیە ئاوڕدانەوە لەم هۆكارە زۆر گرنگە بۆ شۆفێران، تا هوشیاری و وریاییان زیاتربێت و بەدوور بن لەو رووداوانە.
هەڵەی مرۆڤ لە رووداوەكانی هاتوچۆدا ئاماژەیە بۆ هەر هەڵەیەك شۆفێرێك بیكات و ببێتە هۆی رووداو. ئەمە چەندین هەڵسوكەوت و بڕیار دەگرێتەوە، وەك لێخوڕینی سەرقاڵكەر، لێخوڕین بەخێرایی، هەڵسەنگاندنی هەڵە، لێخوڕین لەژێر كاریگەریی مەیداو كاردانەوەی خراپ. هەڵەی مرۆڤ تەنیا پەیوەندی بە كردەوە راستەوخۆكانی شۆفێرەوە نییە، بەڵكو شكستهێنان لە وەڵامدانەوەی دروستی بارودۆخە مەترسیدارەكان، كاریگەریی باری دەروونی و ماندووبوونیش لەخۆدەگرێت.
لە گۆشەكانی رابردوودا ئاوڕم لە زۆربەی ئەو هۆكارانە داوەتەوەو بەپێویستی نازانم زیاتریان دەربارە بڵێم و ئاماژە بۆ چوار هۆكاری دیكە دەكەم كە رووداوی هاتوچۆیان لای خۆمان خستووەتەوە.
1 - پەلەكردن بۆ گەیشتنەجێ لە كاتی خۆیدا: كاتێك شۆفێران پەلە دەكەن بۆ گەیشتنە شوێنی مەبەست، رێگەچارەی هەڵە هەڵدەبژێرن. ئەوانەی فشاری كاتیان لەسەرە، بە خێرایی نایاسایی ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕن، زۆرجار ترافیك لایتی سوور دەبەزێنن و پابەندبوونەكان ناپارێزن، ئەمەش دەرفەتی پێشهاتنی رووداوی هاتووچۆ زیاتر دەكات.
2 - لەخۆڕازیبوون سەبارەت بە شارەزایی: ئەوانەی شۆفێری كاری رۆژانەیانە، وەك شۆفێری تەكسی و بارهەڵگرەكان، ئەنجامی لێخوڕینی درێژخایانی رۆژانە تووشی شۆفێریكردنی رۆتینی دەبن و تێڕوانینی شارەزابوونی تەواو و لەخۆڕازیبوونیان تیادا دروستدەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خەمساردی و فەرامۆشكردنی شۆفێریكردن بەبێ بنەماكان و یاساكانی هاتووچۆ، سەرەنجامەكەش رووداوی كارەساتبارە.
3 - فشاری دەروونی لە كاتی شۆفێریدا: دەركەوتووە شۆفێران لە ساتەكانی توڕەیی و بێزاریدا، بە هۆكاری گشتی یان تایبەتی، بڕیاری نائەقڵانی و مەترسیدار دەدەن، بە ئارامی ئۆتۆمبێل لێناخوڕن، مامەڵەی دروست لەگەڵ شۆفێرانی دیكە ناكەن، هەڵسوكەوتی هەڵەشەو شەڕانگێزانە دەكەن و ئەگەری رووداوی هاتوچۆ زیاددەكەن.
4 - ماندووێتی و خەواڵووبوون: زۆرێك لە شۆفێرانی (تاكسی و بارهەڵگر) لەئەنجامی كاركردنی درێژخایان ماندوودەبن و خەواڵووبوون یەكێكە لەو كێشانەی بەرۆكیان دەگرێت. كاتێك ئەو شۆفێرانە بایەخ بەو دوو كێشەیە نادەن، لەكاتی پێویستدا پشوونادەن و وەك پێویست ناخەون، ئەگەری تووشبوون بە رووداوی هاتوچۆ بە رێژەیەكی بەرچاو زیاددەكەن.