ڤیان حەسەن
ڤیان حەسەن
لە سەردەمێکدا دەژین کە جیهان لەناو شاشەیەکدا بچووک کراوەتەوە، تەنیا بە پەنجەدان لە شاشەکە دەتوانیت بەناو هەزاران رووداو، هەواڵ و کورتە پەیامدا گوزەر بکەیت.
رەنگە خێرایی و زۆریی ئەم زانیارییە خێرایانە ئەو گومانەی لای هەندێک دروستکردبێت کە چیتر پێویستمان بە لاپەڕە کۆنەکانی کتێب نییە، بەڵام ئایا بە راستی مۆبایل و شاشە زیرەکەکان دەتوانن ببنە جێگرەوەی کتێب؟ وەڵامەکەی بێگومان نەخێرە.
شاشەی مۆبایل بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی خێرا و کاتی دروستکراوە، بەڵام کتێب بۆ پەروەردەکردنی هزر و رۆح و داناییە، خوێندنەوە لە مۆبایلەوە وەک سەیرکردنی دیمەنێکە لە پەنجەرەی شەمەندەفەرێکی خێرادا، هەموو شتێک بە پەلە و خێرا تێدەپەڕێت، بێئەوەی دەرفەتی سەرنجدان، قووڵبوونەوە و چێژوەرگرتنت پێبدات، لە بەرامبەردا کتێب تەنیا کۆمەڵە زانیارییەک نییە لەسەر کاغەز، بەڵکو ئەزموونێکی هەستیاری تەواوە.
بۆنی کاغەز، زبریی لاپەڕەکان و کێشی کتێبەکە، پەیوەندییەکی بەرجەستە و رۆحیی لەنێوان خوێنەر و بابەتەکەدا دروست دەکات.
بە دەستەکانی خۆت لاپەڕەکان هەڵدەدەیتەوە، لە هەندێک دێڕدا دەوەستیت و بیر دەکەیتەوە و کاتێک ماندوو دەبیت، دایدەخەیت و نیشانەی دەکەیت.
لە بەرامبەردا، شاشەی ساردی مۆبایل، لەگەڵ تیشکە زیانبەخشەکانی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر چاو و جۆری خەوەکەت هەیە، هەرگیز هەمان گەرمی و ئارامیی کتێبێکی راستەقینەت پێنابەخشێت.
تەکنۆلۆژیا توانای سەرنجدان و تەرکیزی مرۆڤی ئەم سەردەمەی زۆر کەم کردووەتەوە، وایکردووە رابێین لەسەر ئەوەی تەنیا یەک یان دوو رستە بخوێنینەوە و بە پەلە بپەڕینەوە بۆ بڕگەیەکی دیکە.
لێرەدا کتێب دەبێتە تاکە دەرمانی ئەم نەخۆشییە سەردەمییە، ناچارت دەکات بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەسەر یەک بیرۆکە بووەستیت، قووڵ ببیتەوە و مێشکت بۆ تێگەیشتن لە چەمکە ئاڵۆزەکان رابهێنیت، دەتوانین بڵێین مۆبایل جەستەی زانیارییەکانمان پێدەدات، بەڵام کتێب رۆحی تێدا دروست دەکات.
لە ئەمڕۆماندا، مۆبایل دەتوانێت ئامرازێکی باش بێت بۆ گەڕانی خێرا، بەڵام کتێب نیشتمانی رەسەنی زانست و ئەندێشە و رامانە.
مرۆڤی ئەم سەردەمە زیاتر لە هەرکاتێک پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ باوەشی کتێب، تا لەنێو ژاوەژاوی جیهانی دیجیتاڵیدا، خۆی و خۆشەویستیی راستەقینە بۆ فێربوون نەدۆڕێنێت.
هەروەک (ئێمیل زۆلا) گەورە رۆماننوسی فەرەنسی دەڵێت: بۆ دروستکردنی شارستانیەت تەنیا دوو شت پێویستە، کتێبخانەیەک بۆ هەمووان و زیندانێک کە هەمیشە بە بەتاڵی بمێنێتەوە.