ڤیان حەسەن
گەشتوگوزار و چوونە ناو سروشت، هەمیشە وەک دەرفەتێک بووە بۆ ئارامبوونەوەی دەروون و کۆکردنەوەی خێزانەکان لە دەوری یەکتر، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ بەرفراوانی تەکنۆلۆجیا و باو بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەگرتن لە هۆکارێکی دۆکیۆمێنتکردنەوە لە سروشتدا گۆڕاوە بۆ سەرکێشییەکی کوشندە، بە چەشنێک کە دیاردەی خنکان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا بەهۆی گرتنی وێنەی سێڵفی لەسەر لێواری رووبار و بەنداوەکان، بووەتە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوەکانی سەردەم، ساڵانە چەندین گەنج و خێزان دەکاتە قوربانی و چرکەساتێکی کورت دەکاتە سنووری نێوان ژیان و مەرگ. ئەمەش کاتێک روودەدات کە ئارەزووی نمایشکردنی وێنەیەکی سەرنجڕاکێش لە جیهانی مەجازیدا، زاڵ دەبێت بەسەر هۆشیاریی و یاساکانی سەلامەتیدا لە جیهانی واقیعدا.
چیرۆکی ئەم تراژیدیایانە زۆرجار بە سیناریۆیەکی هاوشێوە دەست پێدەکات، کاتێک مرۆڤ لەسەر لێواری تاڤگەیەک، یان قەراغی بەنداو و رووبارێکی خێرا دەوەستێت و تەواوی سەرنجی دەکەوێتە ناو چوارچێوەی شاشەی مۆبایلەکەیەوە. بەهۆی ئەم دابڕانە دەروونییەشەوە، هەنگاوێک بۆ دواوە دەنێت، بەبێ ئەوەی درک بە مەترسیی ژێر پێیەکانی بکات، کاتێکیش بەردە تەڕەکان هاوسەنگیی تێکدەدەن و دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە، کارەساتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە غەریزەی خۆشەویستی و شڵەژانی ئەندامانی دیکەی خێزانەکە وادەکات بێ دوودڵی، بەبێ زانینی مەلەوانی یان بەبێ خەمڵاندنی توندیی رەوتی ئاوەکە، خۆیان هەڵدەنە ناو شەپۆلەکانەوە. بەمەش لە چەند چرکەیەکدا لەبری یەک کەس، چەند کەسێکی ئەندامانی خێزانەکە پێکەوە دەبنە قوربانی. ئەمەش رێک ئەو راستییە زانستییە دەسەلمێنێت کە خولیای سێڵفی، مێشکی مرۆڤ لە ژینگەی دەوروبەری دادەبڕێت و سیستمی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لە کار دەخات.
بۆ راگرتنی ئەم خوێنڕشتنە بێدەنگە، پێویستە بەرپرسیارێتییەکان بە جددی دابەش بکرێن، کە لە بنەڕەتدا لە هۆشیاریی تاکەکەس و خێزانەوە دەست پێدەکات، لەبەرئەوە پێویستە هەمووان بزانن کە هیچ لایک و کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێندەی دڵۆپێک خوێنی مرۆڤ بەها و نرخی نییە و پاراستنی منداڵانیش لە ناوچە مەترسیدارەکاندا ئەرکی لە پێشینەی دایک و باوکانە. لە لایەکی دیکەشەوە، پێویستە ئیدارەی شوێنە گەشتیارییەکان و لایەنە بەرپرسەکان، بەربەستی توندوتۆڵ و پەرژینی پارێزگاری لەو شوێنانەدا جێگیر بکەن و تابلۆی هۆشیاریی روون بە زمانە جیاوازەکان دابنێن بۆ نیشاندانی قووڵی و خێرایی ئاوەکە. هاوشانی ئەمەش، میدیاکان ئەرکێکی گەورەیان لەسەرە بۆ رێکخستنی کەمپەینی بەردەوامە، بە تایبەتی لە وەرزی بەهار و هاویندا کە لێشاوی گەشتیاران روو لە سروشت دەکەن.
سروشت بۆ ئەوە دروستبووە ببێتە سەرچاوەی چێژ و نوێکردنەوەی وزەی ژیان، نەک ببێتە گۆڕستانی خەون و ئاواتەکانمان، چەند جوانە فێربین چرکەساتی دڵخۆشییەکانمان لە مێشک و دڵماندا نەخش بکەین، بێئەوەی لە پشت شاشە ساردەکاندا زیندانییان بکەین، چونکە گەڕانەوەی خێزانێک بە سەلامەتی بۆ ناو ماڵەکەی خۆی، گەورەترین و سەرکەوتووترین وێنەی هەر گەشتێکە و هەرگیز نابێت رێگە بدرێت چرکاندنی وێنەیەک تەمەنێک لە پێکەنین و بەختەوەری لەناو ببات.