عیماد ئەحمەد 04:51 PM - 2026/09/19

سەفەری تاران؛ مێژوو، هاوکاری و بەرپرسیارێتیی دراوسێیەتی

عیماد ئەحمەد
سەفەری وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاران، لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ناوچەکە بەناو ئاڵۆزی و گۆڕانکاریی خێرادا گوزەردەکات . هەر ڕووداوێک دەتوانێت دەرگایەک بۆ ئارامی بکاتەوە، یان ئاگری شەڕێکی تر خۆش بکات. لە دۆخێکی ئاوادا، گفتوگۆ بۆ یەکێتیی وێڕای ئەوەی بژاردەیەکی عەقڵانییە  بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و مێژووییش بوو.

پەیوەندیی نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیی ڕۆژێک یان قۆناغێک نییە. ئەم پەیوەندییە ڕەگی لە مێژوو، جوگرافیا و ساڵانی خەباتدا داکوتاوە. ئێمە تەنها سنوورمان هاوبەش نییە؛ بەڵکو لە ساڵانی خەبات دژ بە ڕژێمی بەعس و دیکتاتۆریەتدا، یادەوەری و قوربانیی هاوبەشیشمان هەیە.

شێواز و ئاستی پێشوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرۆک و وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  لەڕوی ئاست و پێشوازی و پڕۆتۆکۆلەوە نایاب و دەگمەن بوو . جگە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، کە بەهۆی بارودۆخی تایبەتیی خۆیانەوە، لەگەڵ هەموو سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوەمان کرد. ئەمەش نیشانەی قووڵیی پەیوەندیی مێژوویی و  دەرخەری گرنگیی پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن تارانەوە.

سەرۆک مام جەلال ئەندازیاری ئەم پەیوەندییە بوو. ئەو بە دیدێکی دوورمەودا دەیزانی کە کوردستان ناتوانێت پشت لە جوگرافیای خۆی بکات. هەروەها دەیزانی کە دراوسێیەتیی ڕاستەقینە بە ڕێزگرتن لە یەکدی، پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش و گفتوگۆی ڕاشکاوانە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتیی نیشتمانی، بەرپرسیارانە ئەو میراتە دەپارێزن و لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە دەیگونجێنن. بۆ یەکێتی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان گرنگە؛ لەوەش گرنگتر، ئەوەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان و هەرێمەکەماندا بێت.

لە دیدی ئێمەوە نابێت مێژووی هاوبەش تەنها لە یادەوەریدا بمێنێتەوە؛ دەبێت بگۆڕدرێت بۆ هاوکارییەکی ڕاستەقینە لە بوارەکانی پەیوندی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا. کردنەوەی دەروازەی نوێی نێودەوڵەتی، ئاسانکردنی بازرگانی و هاتوچۆ و دروستکردنی پڕۆژەی هاوبەش، دەتوانن ژیانی خەڵکی هەردوو لا باشتر بکەن. سنوور دەبێت شوێنی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی بێت، نە هێڵێک بۆ ترس و نائارامی.

مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشیش هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ناوچە شاخاوییەکان، بەهۆی دژواریی جوگرافیاوە، دەتوانن ببنە پەناگەی گرووپە تیرۆریستییەکان و مەترسی بۆ هەردولا. بۆیە چالاککردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان و بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاری، پێویستییەکی ئەمنییە و بۆ ئارامی سەقامگیری هەرێم و ئێران گرنگ و پێویستن.

دۆستایەتی ڕاستەقینە ئەوەیە، لە دیدار و گفتوگۆ فەرمی و باڵاکاندا، بەڕاشکاوی نیگەرانییەکان بگوترێن و هەردولا پێکەوە بەدوای چارەسەریەکاندا بگەڕێن. ئێمە جەختمان کردەوە کە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. لە هەمان کاتدا، ڕێگاش  نادەین هیچ لایەنێک خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکان بەکاربهێنێت.

یەکێتی، بەهۆی مێژووی پەیوەندییەکانییەوە، دەتوانێت پەیام و دیدگای ئاشتی بگەیەنێت و ڕۆڵێکی ئارامکەرەوە ببینێت. دەشزانین کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لەوەدایە هەرێم نەبێتە مەیدانی شەڕی کەسانی تر و خاکەکەی بۆ لێدان و وەڵامدانەوە بەکارنەهێندرێت.

سەفەری تاران دەرفەتێک بوو بۆ نوێکردنەوەی متمانە، گفتوگۆی ڕاشکاوانە لەسەر نیگەرانییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان. پەیوەندی تەنها بە یادکردنەوەی ڕابردوو بەهێز نامێنێتەوە؛ بە هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانە لە ئێستا و دروستکردنی متمانە بۆ داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە ڕوانگەی ئێمەوە ، ئەگەر مێژوو چرای ڕوناکردنەوەی ڕێگا بێت و بەرژەوەندیی گەلان پێوەری بڕیار تەندروست بێت،ئەوا دەکرێت سنووریش لە هێڵی ترسەوە ببێتە پردێک بۆ ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان.

وتارەکانی نوسەر