عیماد ئەحمەد 11:18 AM - 2026/09/16

نازانم بۆچی ئەو دیمەنە لە یادم ناچێتەوە و لە کۆڵم نابێتەوە؛ دیمەنێک کە نزیکەی شەست ساڵە لە قووڵایی بیرەوەرییەکانمدا، وەک ماسییەک لەژێر ئاودا دەجووڵێتەوە. هەر کاتێک چاوم بە ماسی دەکەوێت، سەری لە رابردوو هەڵدەدات و بە چاوە هەمیشە کراوەکانی سەیرم دەکات.
لە ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوودا، لە جەلەوەی بەهەشتی رۆحم، زۆرجار رۆژانەم بە راوەماسی بەسەر دەبرد. رووباری ئەڵوەن بۆ من تەنها رووبارێک نەبوو؛ شادەماری ژیانی خانەقین، ئاوێنەی مێژوو و نیشانەی بەرگری و رەسەنایەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو. ئەو رووبارە نەک تەنها هەر تینوێتی خاکی دەشکاند، بەڵکو بیرەوەری، چیرۆک، فرمێسک و خەونەکانی خەڵکەکەشی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت.
کاتێک ماسییەکان دەکەوتنە داوی راوەکەم، بە وردی سەیری چاوەکانیانم دەکرد؛ چاوگەلێکی زەق و بێ ‌نووقاندنەوە، کە نە بە زیندوویی دادەخران و نە دوای مردن. تەنانەت کاتێک لەناو تاوە قوپاو و رەشداگەڕاوەکەی سەر پەرەمێزی ماڵەوەمان سوور دەکرانەوە، هێشتا چاوەکانیان کراوە بوون؛ وەک ئەوەی مردن تەنها گیانی لێ سەندبن، بەڵام توانای سەیرکردنی نەکوشتبن.
لەو رۆژگارەدا، منداڵێک بووم لەنێوان بەزەیی، ترس و پرسیاردا. نەمدەزانی لەگەڵ برسێتیی خۆمان بم، یان لەگەڵ بێدەنگیی ئەو ماسییانەی لە داودا دەلەرزینەوە. وامدەزانی سەیرم دەکەن و چاو داناخەن، بۆئەوەی رووخسارمان باش بناسن و لە بیری نەکەن؛ تا لە رۆژی حەشر و لەبەردەم دادگایەکی گەورەدا، بەو چاوانە شایەتیمان لەسەر بدەن.
چاوەکانیان بۆ من تەنها ئەندامێکی جەستە نەبوون؛ دوو پرسیاری کراوە بوون کە وەڵامیان نەبوو: ئایا برسێتی مافی کوشتن دەدات؟ ئایا مرۆڤ، چونکە بەهێزترە، دەتوانێت خۆی بە خاوەنی گیانی بوونەوەرانی دیکە بزانێت؟ ئایا ئەو بێدەنگییەی لە دەمی بوونەوەرێکی بێتوانادا دەبینرێت، رەزامەندییە، یان هاوارێکە ئێمە گوێمان لێی کەڕ بووە؟
شەوێک لە خەونمدا، لە سەربانی خانووەکەی خاڵۆ موسا دێو، لە بەرامبەر ئەڵوەن، ماسییەکی وردیلەم بینی. لە چاوەکانی بێومێدی، رق و گلەیی دەباری. هاتە قسە و وتی:
«بۆچی وازمان لێ ناهێنن؟ ئێمە دوو گیانین لە دوو ژینگەی جیاوازدا. نە ئێمە دەتوانین لەسەر زەوی ئێوە بژین و نە ئێوە دەتوانن لەناو ئاوی ئێمەدا هەناسە بدەن. هەریەکەمان دنیای تایبەتی خۆمان هەیە؛ بۆچی دنیای ئێمە دەکەنە گۆڕەپانی ئارەزوو و برسێتیی خۆتان؟»
ماسییەکە زۆر گلەیی و گازندەی دیکەشی هەبوو، بەڵام من لە ترسدا بەئاگا هاتمەوە. خەوەکەم بۆ دایکم گێڕایەوە، ئەویش بە دڵە سادە و پڕهیواکەی دایکانەوە وتی: «کوڕم، ماسی لە خەودا رزقە؛ ئینشائەڵڵا خوا رزق و بارانی خێر بەسەرماندا دەبارێنێت و لە میحنەتی هەژاری رزگارمان دەکات».
لە وەڵامی دایکمدا فەلسەفەیەکی گەورە هەبوو: من لە چاوەکانی ماسییەکەدا ترس، تۆمەت و دادگام دەبینی، بەڵام ئەو رزق، باران و رزگاربوون لە هەژاریی تێدا دەبینی. من بە ویژدانی منداڵێک لە مردنی ماسی دەترسام؛ ئەو بە دڵی دایکێکی هەژار لە برسێتیی منداڵەکانی دەترسا. لەنێوان ئەم دوو ترسەدا ژیان راوەستابوو: ترسی بوونەوەرێک لە مردن و ترسی مرۆڤێک لە برسێتی.
ئێستا، دوای نزیکەی شەست ساڵ، هەر کاتێک چاوم بە ماسییەکی مەسگوف، برژاو یان ناو فڕن دەکەوێت، منداڵیی ئەوسام بەسەر ئێستامدا زاڵ دەبێتەوە. ژووری خواردن دەگۆڕێت بە کەناری ئەڵوەن، بۆنی ماسی تێکەڵ بە بۆنی ئاوی رووبار دەبێت و لە چاوە کراوەکانی ماسییەکەدا هەزار و یەک پرسیار بە مێشکمدا دەسووڕێنەوە. هەست دەکەم ئەو ماسییە وردیلەیەی خەونەکەم، هێشتا قسەکەی تەواو نەکردووە و هەر ماسییەک بەشێکی دیکە لە گازندەکەی دەڵێتەوە.
ئێستا دەزانم بۆچی رەوانشاد ئیسماعیل خەیات، شێوەکار، هاوشار و هاوگەڕەکم، ئەویش تووشی دنیای پڕنهێنی و هاواری بێدەنگی ماسییەکانی ئەڵوەن ببوو. بۆیە ماوەیەکی درێژ وێنەی ماسی بەسەر تابلۆکانی ئەودا زاڵ بوو، بوو بە یەکێک لە نیشانە ناسراوەکانی هونەری ئەو شێوەکارە گەورەیەی گەلەکەمان.
ماسی لە تابلۆکانی ئیسماعیل خەیاتدا تەنها بوونەوەرێکی ناو ئاو نییە؛ جارێک مرۆڤێکی بێدەنگە کە لە تۆڕی رۆژگاردا گیراوە، جارێک نیشتمانێکە چاوەکانی کراوەن و ناتوانێت هاوار بکات و جارێکیش بیرەوەرییەکی بریندارە کە لە قووڵایی رابردوودا هەناسە دەدات. ماسییەکانی ئەو، بە دەمی داخراو و چاوی کراوەوە، ئەو راستییەمان پێدەڵێن کە بێدەنگی، هەمیشە واتای نەبوونی قسە نییە؛ هەندێک جار بێدەنگی، قووڵترین شێوەی هاوارە.
لەوانەیە ئیسماعیل خەیات لە چاوەکانی ئەو ماسییانەدا هەمان پرسیاری بینیبێت کە من لە منداڵیدا بینیبووم؛ بەڵام ئەو توانی ئەو پرسیارە بە رەنگ و هێڵ بنووسێتەوە، منیش دوای شەست ساڵ هەوڵدەدەم بە وشە بیڵێمەوە. ئەو ماسییەکانی لەسەر تابلۆ لە مردن رزگارکرد و منیش دەمەوێت لەناو بیرەوەریدا بەزیندوویی بیانهێڵمەوە.
ئەمڕۆ بۆم دەرکەوتووە کە هەندێک دیمەن لەیاد ناچنەوە، چونکە تەنیا لەبەرچاومان روویان نەداوە، بەڵکو لەناو ویژدانماندا نیشتەجێ بوون. چاوەکانی ماسییەکانی ئەڵوەن، چاوەکانی منداڵیی من و رەنگەکانی ئیسماعیل خەیات، هەموویان لە یەک خاڵدا یەکتر دەبیننەوە: لەو پرسیارە هەمیشەییەی کە دەڵێت مرۆڤ تا چەند مافی هەیە خۆی بە خاوەنی ژیان بزانێت؟
لەوانەیە لە رۆژی حەشردا ماسییەکان پێویستیان بە شایەتیدان نەبێت؛ چونکە چاوەکانیان هەر لە ئێستاوە دادگایەکن؛ دادگایەک کە نە دادوەری هەیە، نە پارێزەر و نە بەڵگەنامە؛ تەنها دوو چاوی کراوەی هەیە کە مرۆڤ ناچار دەکات خۆی ببینێتەوە.
منیش هەر کاتێک چاوم بە ماسییەک دەکەوێت، دیسان لە کەناری ئەڵوەن رادەوەستم؛ بەڵام ئەمجارە نەک وەک راوچییەکی منداڵ، بەڵکو وەک تۆمەتبارێک لەبەردەم چاوانێکدا کە نزیکەی شەست ساڵە لەبەرچاومن و دانەخراون.

وتارەکانی نوسەر