سالار مەحمود 17/9/2023

مۆراڵ هەزارە هەڤاڵ!
بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە (باوکی وڵات). رێمانی خستەوە رۆژئاوای وڵات. لەناو دیمەنی دوای رەوینەوەی تارمایی کۆمەڵکوژی شۆڤێنیەکان لەسەر خەڵکی رۆژئاڤا، ئاماژەی باڵکێش و دەیان پرسیاری بێ وڵام هاتنە مێشک و بیرەوە.
هەڵیاندەگرم بۆ کاتێکی گونجاوتر، بەڵام ئێستا لەسەر یەک (دیمەنە هەستی)، مناڵانی قامیشلۆ را دەمێنم و لەگەڵ ئێوە هاوبەشی پێدەکەم. 
دوای تەواو بوونی کەرنەڤاڵی ماڵئاوایی لە تەرمی ئەو مێرخاسە لە گۆڕەپانی شەهیدانی ١٢ ئازار هاتینە دەرەوە، لەبەر ئەوەی جامی ئۆتۆمیبلەکە نیوە تاریک بوو، بەتەواوی کردبومەوە. مناڵان لە سەری کۆڵان بەتاک و بەکۆ وەستابون و لە ئاپۆڕاو جمەی خەڵکیان دەڕوانی.
جار جارە دەستی سڵاوم بەرز دەکردەوە بۆیان، لەخۆڕا نەبوو  مناڵەکان تێکڕا بە ئاماژەی (پەنجەی سەرکەوتن). وڵامی سڵاوەکەیان دەدایەوەو، یەکسەر پڕ ئەبووم لە بزەی لێوو روخساری پاکیان و، هیوای قوڵتر بیرو هەناومی پڕ ئەکرد لە شاگەشکەی شادی.
رۆحم گەرەکی بوو لە خۆشیان بێتە دەشتۆ.
مناڵەکان لە دەلاقەی ئۆتۆمبیلەکەوە ون ئەبون و ئەڕۆیشتین، هۆش و هەناوم ئەکەوتە قوڵایی بیرە خەمێکی کوژاوە. وێنەی نەعل و پێڵاوە لاستیکەکانیان، قژی دانەهێنراویان.
پرسیار لە دوای پرسیار، مناڵانی دەورانی مناڵی خۆم و، ئەو هەموو هەورازو نشێوەی ژیانی کورد وەک تیسکەی فلاش باکێکی تیژ هاتن و چون.
لەناو تابلۆ گشتیەکەی قامیشلۆدا، بۆ ئێستای ئەم ئێستایە کڵاوڕۆژنەیەک دەخەمە سەر ئەو دو وێنەیەی بەدەستی سڵاوەوە لێم چنین و لەمێشکما تا ژیان ماوە هەڵیدەگرم.
بەڵام ئەم پرسیارە بەجێدێڵم
ئاخۆ چ دیمەن و دونیابینیەک لەناو ئەو هەموو غەم و غوبارەدا، دونیای مناڵانی ئێمەی لە قامیشلۆ پڕ کردبێ لە حەوتەوانەی پەنجەی سەرکەوتن، کە لە وڵامی هەر سڵاوێکدا بە سادەیی خۆیان، بەڵام پڕ پەیام پەخشانیان ئەکرد.
بە وتەیەکی هەڤاڵەکەی تەنیشتم ئەلبومی ئەم دو وێنەیەم داخست کە وتی “مۆراڵ هەزارە” هەڤاڵ!.

وتارەکانی نوسەر