ستران عەبدوڵڵا 09:44 PM - 2026/08/21

یادێک لە جوامێرەکەی بامەڕنی

دکتۆر ئەحمەد بامەڕنی تێکۆشەری دێرینی رێکخستنەکانی یەکێتیی لە فەرەنسا و دەرەوەی وڵات . دیبلۆماتکاری کورد و یەکێتیی و خوێندکاری ژیری مەدرەسەی شێخی دیبلۆماتکارانی مەسەلەی کورد سەرۆک مام جەلال ، باڵێۆزی عیراقی فیدراڵی پشتی کەوتنی رژێمی بەعس کە گەلەکەمانی سەرکوت دەکرد.
دکتۆر بامەڕنی لەگەڵ سەدان تێکۆشەر و چالاکی کوردستانی لە تاراوگە و هەزاران پێشمەرگە و شەهیدی گیانباز لە ناوەوەی وڵات خەباتێکی بێوچانیان کرد دژی ئەو رژێمە.
دواتر شوێن و رۆڵەکان گۆرڕدرانەوە:
ئەو تێکۆشەرانەی خۆپیشاندانیان بەرامبەر سەفارەتی دیکتاتۆر دەکرد کە ستەمی دژی کورد و گەلانی عیراق بەرپا کردبوو ، دوای روخانی رژێمەکە بوونە کارەکتەری لێهاتووی کەشی دیموکراسی وڵات . سیستمی فیدرالی سەرۆکێکی کوردی کردە پارێزەری دەستووری تازە و تیمێکی دیبلۆماسی نوێ نوێنەرایەتی عیراقی دیموکراسی و فیدرالیان گرتە ئەستۆ کە کوردیشی تێدا بوو. ئەحمەد بامەڕنی یەک لەوان بوو کە لە پێشدا بووە بالێۆزی عیراق لە سوید.
بامەڕنی هەروا نووسەری کتێبی بەنرخ و پڕ زانیاری (لە بەهاری کورد منی پێشمەرگە گیان دەبەخشم)ە لەسەر ماجەرای کوردایەتی لە سەروەختی بەهاری راپەڕینی ١٩٩٢ و کۆرەوی خەڵکی کوردستان کە بە بە زمانی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی لە لایەن هەڤاڵ و هاوژینی دکتۆر نازەنین عوسمان کاری لەسەرکرا و کتێبخانەی کورەواری ئاوەدانکردەوە.
کاتی خۆی زنجیرە نووسینێکی سەرنجراکێشی بیرەوەری لە رۆژنامەی کوردستانی نووسیووە کە باسی پێشبینییەکانی مام جەلال دەکات لەسەروبەندی داگیرکردنی وڵاتی کوێت لە لایەن سەددام حسێنەوە. دکتۆر بامەڕنی بە وردی باسی کاردانەوە و سەرسامی ناوەندە سیاسیەکانی رۆژئاوا دەکات بەرامبەر بە شرۆڤە و روانگەکانی مام جەلال کە پێشەوەختە خوێندنەوەی بۆ رەفتارەکانی دیکتاتۆری تەڵەکەبازی بەغدا کردبوو.
ئەم زنجیرە نووسینە دواتر لەگەڵ چەندانی تر وەک بەرهەمی ناساندنی باڵێۆز بامەڕنی بڵاوکرانەوە.
دوای خزمەت و تێکۆشانێکی زۆر بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان. یادی بە خێر لە دەورانی نەگریسی پەتای کۆرۆنا ، لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە کوردستان و لە بامەڕنی و لە دۆست و ئازیزانی کرد.
یادی هەمیشە زیندووە و خەباتی سیاسیی و دیبلۆماسی رێی داهاتووی میللەتەکەمان رووناکتر دەکاتەوە.
ستران عەبدوڵڵا

وتارەکانی نوسەر