د. بەختیار عبید شریف 10:26 PM - 2026/07/22

دەزگاکانی میدیا و بەرپرسیاریی نیشتمانی

لە بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەکەدا، زۆر باس لە پێویستی یەکدەنگی، یەکڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دەکرێت. بەڵام بە داخەوە، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەیبینین، لەگەڵ ئەو ئامانجەدا ناگونجێت. بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان، لەبری ئەوەی پەیامی یەکگرتن و ئارامی بڵاوبکەنەوە، بە هۆی دەمارگیریی حیزبی و ناوچەیی و بەرژەوەندیی تایبەت، ڕۆڵێکی نەرێنی لە قوڵکردنەوەی جیاوازی و دوورخستنەوەی هێزە سیاسییەکان لە یەکتر دەبینن.

ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان و بیستوومان، پیشانی دەدات کە هەرکات هیوایەک بۆ نزیکبوونەوە و گفتوگۆ دروست دەبێت، هەندێک میدیای نابەرپرس بە شێوەیەکی نامۆراڵی هەوڵ دەدەن ئەو هیوایە لەناوببەن و ئاگری ناکۆکی زیاتر بکەنەوە.

لە زۆر ناوچەکانی جیهان، تەنانەت لە شوێنەکانی شەڕ و ململانێشدا، زانیارییە هەستیارەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی بە ئاسانی لە میدیا بڵاوناکرێنەوە، چونکە هەمووان دەزانن کە بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری دەتوانێت کاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی وڵات و ژیانی هاووڵاتیان هەبێت.

بە داخەوە، لە کوردستان هەندێک دەزگای میدیایی بەبێ دڵنیایی و بێ ڕەچاوی بەرپرسیاریی پیشەیی، وێنە و ڕاپۆرتی ئەو ناوچانە بڵاودەکەنەوە کە دەتوانێت ببێتە بیانوو بۆ لێکدانەوەی هەڵە یان هەڕەشە لە دەرەوەی سنوورەکان. ئەمە نەک تەنها لەگەڵ ئیتیکی میدیایی ناگونجێت، بەڵکو دژایەتیی بەرژەوەندیی نیشتمانی و پاراستنی خاک و ئاسایشی گشتییە.

پێویستە هەموو دەزگا میدیاییەکان ئاگاداربن کە ئازادیی ڕادەربڕین بە واتای بێبەرپکردن نیە لە بەرپرسیارێتی. هەر هەواڵ و هەر شیکردنەوەیەک دەبێت لە چوارچێوەی ڕاستگۆیی، ئیتیکی پیشەیی و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بێت. لایک، ڤیو و پێشکەوتنی میدیایی نابێت لە پاراستنی خاک و ئاسایشی نەتەوە گرینگتر بکرێن.

گرفتە گەورەکە ئەوەیە کە ئەگەرچی زۆر جار باس لە مەترسیی دەرەکی دەکرێت، بەڵام هەندێک جار خۆمان بە هەڵسوکەوتی نادروست، بیانوو بە دەستی وڵاتانی دەرەوە دەدەین بۆ هێرشکردن. 
لە بارودۆخی ئێستادا، کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە هەستکردن بە بەرپرسیاریی نیشتمانی، یەکگرتوویی ناوخۆیی و میدیایەکی پیشەیی و نیشتمانپەروەر هەیە.

لە کۆتاییدا، کوردستان هی هەموومانە و پاراستنی ئاسایشی و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی ئەرکی هەموو لایەکە؛ لەوانەش میدیا، کە دەبێت ببێتە هۆکاری هۆشیاری و یەکگرتوویی، نەک ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکی و دروستکردنی بیانوو بۆ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی. 
ئەوەی ئێمە پێویستمان پێیە، دۆستایەتی لەگەڵ هەمووان و پاراستنی خاک و بەرژەوەندیی نیشتمانە، چونکە هێشتا هێزە گەورەکەمان، یەکڕیزیی گەلەکەمان و شاخ و کێوەکانی کوردستانە.

وتارەکانی نوسەر