د. بەختیار عبید شریف
لە هەموو سیستەمە دیموکراتییەکانی جیهاندا، هاوپەیمانێتی سیاسی بەشێکی ئاسایی و شەرعیی پرۆسەی پێکهێنانی دەسەڵاتە. زۆرجار هیچ هێزێک بە تەنیایی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بۆیە دوای هەڵبژاردن، هێزە سیاسیەکان بەپێی بەرژەوەندی و بەرنامە هاوبەشەکانیان هاوپەیمانێتی دروست دەکەن.
لە عێراقیش ئەم ئەزموونە بە ڕوونی بینراوە. گەورەترین لیستی براوە دوای هەڵبژاردن ناچاربوو لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر هاوپەیمان بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و تەنانەت سەرۆکایەتی حکومەتیشی بەدەست نەهێنا. هەرگیزیش نەبینرا کە کەسێک یان هێزێکی سیاسی تر شەرعیەتی ئەو هاوپەیمانێتیانە بخاتە ژێر پرسیار، چونکە شەرعیەت لە یاسا و ئیرادەی دەنگدەرانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە ڕەزامەندی یان رەتکردنەوەی هێزێکی سیاسی تر.
لە کوردستان، ئەگەر دوو یان زیاتر لە هێزێکی سیاسی بڕیار بدەن هاوپەیمانێتی دروست بکەن، ئەوە مافێکی تەواوی دیموکراتیکیانەیە. هیچ لۆجیکێکی سیاسی نییە بڵێت شەرعیەتی ئەو هاوپەیمانێتییە پێویستی بە مۆڵەتی هێزێکی سیاسی دیکە هەیە. ئەگەر هاوپەیمانێتی بۆ هەمووان شەرعییە، دەبێت بۆ هەمووان شەرعی بێت؛ ئەگەر نەبێت، بۆ هیچ کەس شەرعی نابێت.
لە سیاسەتدا، نارەزایەتی هێزێک لە هاوپەیمانبوونی هێزەکانی تر زیاتر لەوەی پرسێکی شەرعیەت بێت، نوکتەیەکی سیاسییە کە پەیوەندی بە کێبڕکێ و هاوسەنگی دەسەڵاتەوە هەیە. بەڵام دیموکراسی بەو مانایەیە کە هەموو هێزەکان مافی ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییان هەبێت، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی هیچ هێزێکی تر هەبێت.
لە کۆتاییدا، شەرعیەتی هاوپەیمانێتی لە سندوقی دەنگدان و یاسادا دێت، نەک لە ڕەزامەندی ئەو هێزەی کە لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە. دیموکراسیش واتە قبووڵکردنی مافی هەمووان لە ڕێکخستن و هاوپەیمانبوون، تەنانەت ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە بە قازانجی ئێمەش نەبێت.