سەركۆ یونس
لە سەر ئاستی فیدراڵی، عیراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە داهاتی نەوت، بەڵام هاوکات دەستەوەستانە لەبەردەم وشکەساڵیی نەختینەییدا. ئەم هاودژایەتییە بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە:
•کۆنترۆڵی توندی دۆلار: رێکارەکانی گواستنەوەی دۆلار و چاودێریی توندی نێودەوڵەتی، وایکردووە خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕدا سنووردار بێت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نەختینەی دیناریش دروست کردووە، سهرهڕای جیاوازییهكی گهوره له نێوان نرخی رەسمی و بازاڕدا.
•کەڵەکەبوونی قەرزی ناوخۆیی: کاتێک حکومەت نزیکەی 70 تریلیۆن دینار لە بانکە ناوخۆییەکان قەرز دەکات، سەرچاوە نەختینەییەکانی ئەو بانکانە وشک دەکات، واتە دەوڵەت پارەی ناو بانکەکان بۆ خۆی دەبات و هیچ نەختینەیەک نامێنێتەوە تا بانکەکان وەک قەرز بیدەنە کەرتی تایبەت بۆ بەگەڕخستنی بازاڕ.
•سیستمی کۆنی مامەڵەی کاش: پشتبەستنی ٪80ی هاووڵاتیان بە هەڵگرتنی پارە لە ماڵەکاندا و نەگەڕانەوەی بۆ ناو سیستمی بانکی، وایکردووە پارە لە سووڕانەوە بکەوێت و بازاڕ هەمیشە تینووی نەختینە بێت.
له هەرێمی کوردستان، قەیرانی قووڵتر و دۆخی هەمیشەیی لە ئارادایە، ئەگەر عیراق بەدەست وشکەساڵییەکی کاتیی، یان پێکهاتەیی نەختینەییەوە بناڵێنێت، ئەوا هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم وشکەساڵییەدا چەقیووە و لێکەوتەکانی ئەم دۆخە لە هەرێمدا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
•بڕانی شادەماری نەوت و بودجە: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و دواکەوتن یان بەستنەوەی توندی پشکی هەرێم بە یاسای بودجەی فیدراڵییەوە، سەرچاوەی سەرەکیی هاتنی نەختینەی بۆ ناو بازاڕی هەرێم وشک کردووە، ئهمه له كاتێكدایە کە بهغدا تەنیا پشكی مووچه دهنێرێت، ههرچی پشكی وهبهرهێنانه له 2014 ـهوه، ههرێمی لێ بێبهشكراوه.
•چەقبەستوویی کەرتی خانووبەرە و بازرگانی: لە هەرێمی کوردستاندا، سەرمایەیەکی زەبەلاح لە کەرتی خانووبەرەدا بلۆک کراوە (خانوو، یەکەی نیشتەجێبوون، زەوی)، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە لە دەستی هاووڵاتیاندا، کڕین و فرۆشتن نزیكه له راوەستان، ئەمە رێک پێناسەی وشکەساڵیی نەختینەیە، واتە (هەبوونی موڵک بەبێ هەبوونی کاش).
•هۆكاری دەروونی و بازاڕی سست: کاتێک مووچەخۆران دڵنیانین لە کاتی دابەشکردنی مووچەکانیان، سیاسەتی (پاشەکەوتی دەروونی) پەیڕەو دەکەن، ئەو کاتەش تەنیا بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان پارە خەرج دەکەن، وهك: (نان و خواردن و خواردهمهنی رۆژانه) ئەمەش وەک زنجیرەیەک کار دەکاتە سەر دوکاندار، بازرگان و خاوەنکارەکان و نەختینەی بازاڕ بەرەو سفر دەبات.
پێشنیاز بۆ ئهم قهیرانه:
وشکەساڵی نەختینە لە عیراق و هەرێمی کوردستان، دەرەنجامی نەبوونی فرەچەشنییە لە داهاتدا، پشتبەستنی تەواو بە نەوت وەک تەنیا سەرچاوەی داهاتی کاش، ئابووریی ئەم وڵاتەی کردووە بە ئابوورییەکی لاواز و لەرزۆک.
بۆ رزگاربوون لەم وشکەساڵییە، پێویستە هەنگاوەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە (وەک هەنگاوەکانی جێگیرکردنی سیستمی دارایی)، چالاککردنی کەرتی تایبەت لە رێگەی پێدانی قەرزی بچووک و گۆڕینی ئابووریی کاش بۆ ئابووریی دیجیتاڵی خێرا جێبەجێ بکرێن، بەبێ ئەم چاکسازییە پێکهاتەییانە، بازاڕەکانی عیراق و هەرێم هەمیشە لە چاوەڕوانیی نەختینەدا دەمێننەوە و گەشەی راستەقینە روو نادات.