كاروان ئەنوەر
لە رۆژانی رابردوودا، بەشێکی زۆری ئەو بابەتانەی لە میدیاو سێبەرەکان و بندیوارەکاندا بڵاوکرانەوە، حاشا حازری (حاشا حازری) دەویست.. چی وترا!!؟؟ تۆ بڵێ چی نەوترا!! ھیچ نەما نەوترێت و باس نەکرێت و ڤیدیۆی بۆ نەکرێت، ھیچ نەما لە سوکایەتی بە بینەر و بیسەر و خوێنەر نەکرێت!! میدیا و سۆشیاڵ میدیا تا سەر ئێسقان ئازاری ھاووڵاتی کوردیاندا.. بۆیە خەڵكی ئاسایی هەرێمی کوردستان نوێنەرێکیان ھەڵبژاردوە بەناوی (کوردە) تا بە میدیاکان بڵێت: باش بزانن میدیای رەسەن سەعاتەکانی بۆ ئێمە ھەموو وەک یەکن، پێش و پاش سەعات 11 ی شەومان نیە، دەبێت ھەموو کاتەکانتان بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزان بێت و پێکەوە بینەرتان بین، لە سکرینی باخچەو مارکێت و بازاڕەکانەوە بێ ترس و دڵەکوتێ سەیری کارو کارنامەو ئیشەکانتان بکەین، ئێوەش رادیۆکان لە ئۆتۆمبێلەکانمانەوە لەگەڵ دایک و باوک و منداڵەکان و دایکی مناڵان بەبێ توت و شەرم گوێتان لێبگرین، ھەر ئەم ھاووڵاتییە کوردە بە کەناڵەکانی دیجیتاڵ میدیاش دەڵێت: راستە ئێوە ھێشتا باڵق نەبوون و تازە پێدەگەن، بەڵام خۆ ناکرێت سواری پشتی گای ھار ببن و بەھیچ ھێز و تکاو رجایەک لەسەر ئەم پشتە نەیەنە خوارەوە، ئێوە ئەگەر بتانەوێت ببنە شوێنگرەوەی میدیاکانی تر، بەم قەڵافەت و سەقافەتەوە نە بۆنی پێوە دەکەن، نە تامی دەکەن، نە سفتاحی لێدەکەن..
ئێمەی هاووڵاتی لەم ماوەیەدا چاومان چوەسەر هەندێک راپۆرت و بابەت و زاراوە، بەراستی شەرم لە خۆمان دەکەین ئێوە بە میدیاکار بناسێنین- کوردە وا دەڵێت- تەواو..
منیش وەك خاوەنی ئەم گۆشەیە لە ڕۆژانی رابردوودا، هەندێک زاراوە و دەستەواژەی قورس و نەشیاوم بیستووە، کە نازانم چۆن لەسەریان قسە بکەم، ئەم یەعانە رستەی کول و سواو و پۆرن ئاسا، وشەسازیی بە زاراوەی قەتیس لە سێکس و بەتاڵ لە حەیاو حورمەت؟ قسە لەسەر بتڵ و پرۆمۆی کورتان و بەھیندان و سیغەو کەتن و ژێرناوک و بەینی ھین و یارۆ و کابراو دەعباو ھەموو ئاوەڵناوە شاراوەکانم بیست و خوێندەوەو بینی، تەنانەت لەسەر میدیای کاغەزیش بەیاننامە رەسمییەکان لەم زمانە بەتاڵ نەبوون..
خۆ پرسیار عەیب نیە؟؟
ئێمە چیمان بە خۆمان کردوو چیمان بە میدیاکەمان کرد؟
پاکیزەیی میدیامان بە نوکی نێزەی خۆپەرستیی، خوێناوی کرد، تفمان لە پیرۆزیی میدیا کرد، رۆژنامەوانیمان خەجاڵەت کرد، چونکە میدیا تەنها بڵاوکردنەوە نییە؛ بەرپرسیارییە، ڕێزە، پاراستنی زمان و کلتورە، ئەگەر ئەم بنەمایانە لەدەست بدەین، ئەوا ئێوەمان خۆش، میللەتمان خۆش، داھاتوومان خۆش..دەرئەنجامی ئەم دەستشلکردن، خۆشلکردن و نەفەک کردنەوە و بێباکییە لە میدیا، باش ناڵێت.. لە داهاتوودا، مێژوونووسێک یان توێژەرێک باسی ئەم قۆناغەی میدیاکەمان بکات، ئەم سەردەمە بە قۆناغی بێمۆراڵی، بێشەرم و بێترس و بێپابەندیی بە بنەماکانی پیشەی میدیا دەناسێنێت.
میدیای کوردی لە مێژوودا ئەرکی قورس و پیرۆزی خۆی هەبوە، میدیای شاخ و ئێزگەکانی شۆڕش ڕۆڵی خۆیان بینی لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە گەنجان، نەوەیەکیان لە ژێر کاریگەریی بیری داگیرکەر و فکری بەعسدا قوتارکرد، ئەدەبی بەرگریی و بیری کوردایەتیان چاند و خەباتیان فێری خەڵک کرد، چەند جوان دەنوسران، دەخوێنرانەوە، چەند کاریگەر بوون، چەند شانازیمان پێوە دەکردن.
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو 1750 میدیایەی ئەمڕۆ، کە هەزاران کەناڵ و پلاتفۆرمی جیاوازن، بەمیدیای سادەی سەردەمی شاخ، بە تایبەتی ڕادیۆکانی شاخ، ئەوە ئاسمان و رێسمانە، بۆیە ھەمیشە دەڵێم رادیۆکەی شاخ، بەبارتەقای ئەم ھەموو کەناڵەی ئێستا، ئەرکی میدیای زۆرتر و باشتر و جوانتر گەیاندوە.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر
(سێگۆشەی خڕ) ناونیشانی ئەو گۆشەیە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاودەبێتەوە.