ستران عەبدوڵڵا
بە زمانی شیرینی کوردی کوردایەتییەکی عەیار بیستوچوار دەکەن و شیعر و ئاواز لەسەر یەک ریزی کوردەواری و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەم دێنن و بە زمانی بەلاغەی عەرەبی هەرچی خوا پێی ناخۆشە لە بوختان و ساغکردنەوەی هەوڵی درۆ و دەلەسە ئەوە دەکەن.
لایان زمانی کوردی زمانی لۆکاڵییە بۆ غافلگیری و خەڵەتاندنی کوردی بەلەنگاز و گەرم کردنی بازاڕی خۆماڵی خاسە . زمانی عەرەبیش لە ئەدەبیاتی خۆیدا جوانی گوتووە: ئەم قەومە بە ئاشکرا جۆرێکن و بە پەنهانی جۆرێکی تر.
بە گوزارشتی کوردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بگرە هەموو کوردێکی بەشەرەفی جیاواز لە بیر و بۆچوونی وان بە ناپاک و نامەرد و چی و چی ناوزەد دەکەن و بە گوزارشتی عەرەبی کە لێرە گوزارشت وەک مانای راپۆرت نووسینی بێ ویژدانی و خەبەر لێدان دێت، گشت کورد و کوردستانییەک بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەوەندە درۆیە لە روویان نایە لە ناوخۆدا بیڵێن و باسی بکەن.
بڕوانن : سەدان پەیج و میدیای فەیکی عیراقی و عەرەبیان دروستکردووە یان کڕیوویانە و بودجەی زەبەلاحی پارەی سیاسییان بۆ تەرخان کردووە تا سوکایەتی بە حزبەکانی کوردایەتی بکەن. یانی بە نەتیجە گاڵی کوردایەتی لای غەوارە و غەریبە بدەن تەنها بۆ بەرژەوەندی تەسکی پارتێتی.کە ئەگەر نیوەی خیتابی میدیایی ئاشکرا و راستەقینەیان بۆ مەدح و سەنای عەقڵانی و شایانی سیاسەتی پارتی تەرخان بکردایە لە پەرلەمانی بەغدا وا بە شانزە دەنگی گوناحی بۆربۆرێینی سەرۆکایەتییەوە خرچاو دەرنەدەچوون.
یانی (شەمس) و قەمری میدیایان دەیتوانی شتێکی بۆ یەک ملیۆن دەنگی بە هەدەرچوویان بکردایە،
بەڵام چونکە رەگی سیاسەتی چەواشەیان وای کردووە لە بوختان بۆ یەکێتیی معلانتر بن تا لە مەدحی خۆیان، وا سایت و پەیجی ناو عەرەبیان بە پارەی پاشکەوت حەشرێک دەکات وەزیر گۆبڵز لە جەنگی مەغلوبەی دووەمی جیهاندا پێی نەکراوە.
کەمێک لەو لاتریشەوە، بۆ جەماوەری کوردستانی سوریا ، بە ناوی خۆشناوی کوردایەتییەوە سەدان پەیج و سەکۆی عەرەبی شامییان دروست کردووە گوایە یەکێتیی دژی کوردستان و دەوڵەتە کوردییە مەجازییەکەی ئەوانە کە چەند ساڵە لە باشوور دروستی دەکەن و سەرابی سەحرایە و هیچ سەرێکی لێوە دیار نییە.
لە جیاتی ئەوەی وزە و توانای کوردانی سوریا کە سەر بە مەدرەسەی خۆیانن بۆ کوردایەتی سوریا بخەنە گەڕ هانیان دەدەن رووی تەقە و تفەنگیان وەربگێڕن بەرەو سینگی یەکێتیی کە هەموو شتێکی بێ منەتی بۆ پشتیوانی شایانی گەلەکەمان لە رۆژئاڤا کردووە.
دەیان ئەخبار کوردستانییە و نووسەر و پەیامنێری تحت الگلب- یان خستۆتە پێناو شێواندنی ڕاستییەکانی هەرێمی کوردستان، گوایە یەکێتیی نەیاری پێشمەرگە و کوردستان و کوردایەتییە.
ئەم میللیشیا ئەلکترۆنییەی زمانی خۆشگوفتاری عەرەبی شامی بۆ دابین کراوە وەک (سوپای رۆژ) ە بۆ تاریکاندنی راستی پرسی کوردستان لە باشوور و لە رۆژئاواش.
خوا دەزانێ چیان بە کرمانجی لاتینی و زمانەکانی ئیفەرەنجی و ئینگلۆسەکسۆنیش هۆنیوەتەوە؟
میعلانن لە دژایەتی یەکێتیی بەهەموو شێوە و شێوەزارێک، زیاتر لەوەی شتێک فێر بن بۆ سپی کردنەوەی سیاسەتی پارتی و کەمێک خۆشناو کردنی لەو دیو جەوەل حەمرین.