ستران عەبدوڵڵا
روون و رەوان
پرسی مەترسی
دیتنی مەترسییەکان لەسەر کوردستان پەرۆشی و دڵسۆزییە بۆ هەر کەسێک باسی بکا و هەستی مەترسییەکە هاندەری بێت تا داوای دیتنەوەی چارەسەری پێویست و دەربەست بکات.
کوردستان قەت بێ مەترسی نە ژیاوە و نەبووە، مەسەلەکە لە دوو ئاستی جیاواز دەردەکەوێت: قەبارەی مەترسییەکە و هێزی بەرەنگار بوونەوەی.
ئێستا ئەگەر کوردستان مەترسیشی لەسەر بێت دەبێ گرەو لەسەر شێوەی چارەسەرەکە بکەین،ئەگینا وەکتری گوتەزای (مەترسی لەسەر کوردستان) بێ دۆزینەوەی ڕێگای کوردستانیی و ڕێگای دروستی چارەسەری گوتەزایەکی بۆش و بەتاڵ دەبێ، ئەگەر لەنیەتی باشەوە بێت و گوتەزایەکی بارگاوی بە شک و گومانیش دەبێت ئەگەر نیاز لێی پەردەپۆشکردنی کەموکوڕی جەوهەری لە پرۆسەی سیاسی وڵات بێت.
نابێ خیتابی مەترسی سەر کوردستان بکرێتە دەسکەلای دەنگ هەڵنەبڕین بەرامبەر بە کەموکوڕییەکان کە زۆرن .
کاتی ئەوە بەسەر چووە کە گوترا با لەبەر خاتری کورد و کوردستان ڕێڕەوی کاروانەکە ڕاست بکەینەوە هەبن چاوشارکێ بکەن گوایە مەترسی هەیە، با لە جێی ڕاستکردنەوە ، پینەی بکەین.
بە پێچەوانەوە بوونی مەترسی گەرەکە پاڵمان پێوەبنێ کە درزەکانی بگرین، نەک لێگەڕێین تا دەتەپێ.
ستران عەبدوڵڵا