كۆنفرانسی كۆپ 31 بەبێ‌ رێككەوتن كۆتاییهات

عیراق 10:33 AM - 2026/11/23

کۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا (كۆپ 31 )، كە بە درێژترین كۆنفرانس لە مێژووی خۆیدا دادەنرێت، 22ی ئەم مانگە لە شاری ئەنتاڵیای باشووری توركیا بە شكست كۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەوەی یەكێتیی ئەورووپا و چەندین وڵاتی تر رەشنووسی بڕیاری كۆتاییان رەتكردەوە بەهۆی نەبوونی ئاماژەیەكی روون تێیدا بۆ وازهێنان لە سەرچاوەكانی سووتەمەنیی بەردین.

دارا ئۆبراین وەزیری كەشوهەوای ئێرلەندا كە وڵاتەكەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای یەكێتیی ئەورووپا دەكات، رایگەیاند ، ئەوان پشتگیری لە هیچ بڕیارێك ناكەن كە تەنانەت ناوی سووتەمەنیی بەردین نەهێنێت، كە بە بزوێنەری سەرەكیی گۆڕانی كەشوهەوا دادەنرێت.

هاوكات وڵاتانی وەك پەنەما، دوورگەكانی مارشاڵ، ڤانواتۆ و بێلیز هەمان هەڵوێستیان هەبوو. بەوپێیەی بڕیارەكانی ئەم كۆنفرانسە پێویستیان بە كۆدەنگیی نزیكەی 200 وڵاتی بەشداربوو هەیە، ناڕەزایەتیی هەر وڵاتێك ڕێگر دەبێت لە دەرچوونی بڕیارەكان.

سەرەڕای دوو هەفتە لە دانوستانی چڕ و درێژكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ زیاتر لە 49 سەعات  ، كۆنفرانسەكە تەنها توانی چەند دەقێكی تەكنیكی پەسەند بكات و ژمارەی پێوانەیی درێژترین كۆنفرانسی تۆمار كرد. لەم بارەیەوە، سەیمۆن ستیل، لێپرسراوی كەشوهەوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دا كە جیهان چیتر ناتوانێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەم دۆخە بدات.

لای خۆیەوە، موراد قوروم، وەزیری ژینگەی توركیا و سەرۆكی كۆنفرانسەكە، دانی بە شكستەكەدا نا لە رازیكردنی بەشداربووان بۆ پەسەندكردنی راگەیەندراوەكە.
لە رۆژانی كۆتاییدا، وڵاتانی ئەورووپا، زەریای هێمن و ئەمریكای لاتین بەردەوام داوای ناوهێنانی ڕوونی سووتەمەنیی بەردینیان دەكرد، بەڵام وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە سەرۆكایەتیی سعودیە دژی وەستانەوە و تەئكیدیان لەوە كردەوە كە دەبێت هەموو چارەسەرەكان، لەوانەش تەكنەلۆژیای گلدانەوەی كاربۆن، لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.جگە لە ململانێی سووتەمەنی و پرسی بودجەی تایبەت بە وڵاتە هەژارەكان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەنەبوونی ئەمریكا لە كۆبوونەوەكەدا، هێندەی تر گەیشتن بە ڕێككەوتنەكەی  قورستر كردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو