بڕیارە ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق ،بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومەت سەردانی قاهیرە بكات و،لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر كۆببێتەوە و شەش پرسی سەرەكی تاوتوێ بكات.
بەپێی سەرچاوە عیراقییەكان،ئەو شەش دۆسییەی لە بەرنامەی كاری دانوستانەكانی قاهیرەن بریتین لە، هەماهەنگی سیاسی و ئەمنی، هاوكاری بەرگری و چەك، نەوت و وزە، وەبەرهێنانی هاوبەش، چالاككردنی هاوكاری سێ قۆڵی لەگەڵ ئوردن، جگە لە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.پرسی هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكەش لە پێشەنگی كارنامەی كۆبوونەوەكاندایە.
سەرچاوە عیراقییەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە،لە كۆبوونەوەكانی نێوان زەیدی و سیسیدا باس لە بەهێزكردنی هەماهەنگی سیاسی و ئەمنی و هەواڵگری دەكرێت، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی قەیرانەكانی ناوچەكە و رێگریكردن لە فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەكان، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر هاوكاری بەرگری و پرسی چاكسازی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەغداد بۆ هەمەچەشنكردنی هاوبەشییە سەربازییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆكان دەبێت.
لە ڕووی ئابووریشەوە گفتوگۆكان باس لە پەرەپێدانی هاریكاری لە كەرتی نەوت و وزە و خێراكردنی پرۆژەكانی پەیوەندی كارەبا و نەوت لە چوارچێوەی هاریكاری سێ قۆڵی نێوان عیراق، میسر و ئوردن، وەك بەدواداچوونێك بۆ سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ بەغداد لە رۆژانی 17 و 18ی ئۆكتۆبەر دەكرێت.
هەروەها لە بەرنامەی كاردا فراوانكردنی وەبەرهێنانی میسر و بەشداری كۆمپانیاكانی لە ئاوەدانكردنەوە و كەرتە جیاوازەكان، ئاسانكاری بازرگانی، و ئامادەكارییەكان بۆ خولی چوارەمی لیژنەی باڵای هاوبەش لە قاهیرەدەكرێت.