حكومەتی عیراق:رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 تەواوكراوە

کوردستان 09:18 AM - 2026/11/23

حكومەتی عیراق رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 تەواوكردووە و داهاتی نانەوتیش تێیدا بەرزترین ئاست تۆمار دەكات،هاوكات لە رەشنوسەكەدا 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هەرێم دیاریكراوە.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق راگەیاندووە، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عیراق ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـیان بەپێی  یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تەواو كردووە، كە تێیدا داهات، خەرجی و كورتهێنانی پێشبینیكراو دیاریكراون و چەندین پاڵپشتیی دارایی نوێی وەك پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و هەژماری نەوەكانی تێدا جێگیركراوە.عەبودی ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەرزبوونەوەی پشكی داهاتی نانەوتی بەخۆیەوە دەبینێت بۆ لانیكەم لەسەدا19 كە بەرزترینە لە مێژووی عیراقدا، لە كاتێكدا پێش ساڵی 2026 ئەو رێژەیە لە سەدا 11 تێپەڕی نەدەكرد.

هاوكات عەبوودی هۆكاری ئەو زیادبوونەی گەڕاندەوە بۆ رێكارەكانی حكومەت لە وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی و پەرەپێدانی سیستمی دیجیتاڵی و بەئۆتۆماتیكیكردنی دەروازە سنوورییەكان و كاراكردنی كۆكردنەوەی باج، بە وتەی حەیدەر عەبودی،ئامانج لەم هەنگاوانەش بەهێزكردنی ئابووریی عیراقە لە بەرامبەر هەژانە ئابوورییە چاوەڕواننەكراوەكان و كەمكردنەوەی كاریگەریی بەرزبوونەوە و نزمبونەوە نرخی نەوت لەسەر دارایی گشتی.

 سەبارەت بە دۆسیە داراییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، گفتوگۆ سیاسییەكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان یەكێك بوون لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە گشتییەكان لە ساڵی 2003ـەوە.

وتەبێژەكەی حكومەتی عیراق تەئكیدی لە بەردەوامیی گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێم كردەوە و وتی: لە بودجەدا لانیكەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریكراوە، لە كاتێكدا هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لەو بڕە كەمترە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی ئاماژە و راپۆرتی لەبەردەستە كە دەریدەخەن بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەو بڕە زیاترە كە رایدەگەیەنن.
تەئكیدی لەوەشكردەوە بەپێی  دەستوور نەوت و غاز موڵكی هەموو عیراقییەكانن و پێویستە داهات بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو