دەستەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست: مووچەكانمان پێ نەدەن خۆپیشاندان ئەنجامدەدەین

کوردستان 12:06 PM - 2026/11/21

دەستەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست هۆشداری بەپەلە دەدەنە حكومەتە كار بەرێكەرەكەی پارتی داوای مووچەكانیان دەكەن هۆشداریش دەدەن ئەگەر: تا ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو وادەی دابەشكردنی مووچەكانیان ڕانەگەیەنرێت و دابەش نەكرێت ، ئەوا بە شێوەیەكی مەدەنییانە و بە بەشداری سەرجەم گرێبەستەكان ، خۆپیشاندان و كۆبوونەوەی ناڕەزایی فراوان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدەن.

عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ هەینی راگەیەندراوی  دەستەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەستی بڵاوكردەوە و سەبارەت بەدابەش نەكردنی مووچە و شایستەكانیان لەلایەن حكومە كاربەڕێكەرەكەی پارتیەوە ئاماژەی بەوەكردووە:  ئێمە وەك نوێنەران و توێژی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست ، كە ژمارەمان 52 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرە و بەردەوام لە خزمەتی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و دامودەزگاكانی حكومەتداین ، بە نیگەرانییەكی قووڵەوە دەڕوانینە دواكەوتنی بەردەوامی مووچەكانمان.

راشیانگەیاندووە: لە ئێستادا زیاتر لە 50 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشنەكردنی مووچەكانماندا لە كاتێكدا لە مانگی یازدە (تشرینی دووەم) نزیك دەبینەوە ، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی دە (تشرینی یەكەم) دابەش نەكراوە ، ئەم شێوازە لە مامەڵەكردن لەگەڵ توێژی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست دوورە لە هەموو پێوەرێكی كارگێڕی و دادپەروەری و مایەی قبوڵكردن نییە ، چونكە پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانی ژیان و گوزەرانمانە.

هاوكات راشیانگەیاندووە: ئەگەر تا ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو وادەی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕانەگەیەنرێت و دابەش نەكرێت ، ئەوا بە شێوەیەكی مەدەنییانە و بە بەشداری سەرجەم گرێبەستەكان ، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی فراوان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدەین و سەرجەم دەرگاكانی ناڕەزایەتی بە ڕووی ئەم ستەمەدا دەكەینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو