ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، پێنج لێپرسراوی باڵا و سەركردەی پارتە كوردییەكانی باكووری كوردستان دەستگیركران، ئەم هەڵمەتە دوای چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان ئەو پارتانەدا، كە تێیدا بە شێوەیەكی رەسمی داوای مافی چارەی خۆنووسیان بۆ كورد كردبوو.
هاوكات ئاماژەیان بەوەشداوە، دەستگیركراوەكان پێكدێن لەهەریەك لە بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و حەسەن داختەكین، جێگری سەرۆكی پارتەكە و فوئاد ئۆنەن، سەرۆكی پێل كورد و جانۆ ئامەدی، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان، لەگەڵ عەلی ئۆنجی، كەسایەتیی سەربەخۆ.
ئاشكراشیانكرد،سەرجەم ئەوسەركردانە ئەندامی ئەنجوومەنی هاوپەیمانێتیی هاوبەندی نین.
دوای راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكەیان، ئەو سەركردە سیاسییانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رووبەڕووی هێرشێكی توندی نەژادپەرستان بوونەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش، داواكاری گشتی هاتە سەر هێڵ و پرۆسەی دەستگیركردنەكەیان جێبەجێ كرا.