لە دیدارێکی نێوان وەفدێکی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پرۆفیسۆر نیکۆڵای دیمیتریڤیچ پڵۆتنیکۆڤ سەرۆکی سەنتەری دیراساتی ستراتیژی لە پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی سەربە ئەکادیمیای زانستیی روسیای فیدراڵ، کە دووشەممە، 16ی 11ی 2026 له باڵەخانەی پەیمانگاکە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی کورد و روسیا کرا.
پرۆفیسۆر نیکۆڵای خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی وەفدەکە بۆ مۆسکۆ کە کاریگەری و گرنگیی خۆی هەیە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا، کە ئەوان مەبەستیانە لەهەموو روویەکەوە پەرەی پێبدرێت. بەپێویستیشیزانی ئاڵوگۆڕی کەلتوری، ئەکادیمی، ئابوری و فەرهەنگیش فراوانتر بکرێت. هەروەک باسێکی تێروتەسەلی سروشتی ئیش و کارەکانیان کرد لەبارەی دۆسیەی کوردەوە. کۆمەڵێک لەو بەرهەمە ئەکادیمیانەشی خستەڕوو کە لەسەر گەلی کوردو پارتە سیاسییەکان ئامادەیان کردووە.
لەدیدارەکەدا، د.کاروان عەلی یاریدەدەری لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری بەئامادەبوونی د.سوارە شاکەلی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە روسیاو ئەندامانی وەفدی راگەیاندن، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پێشوازیی گەرم و رێکخستنی کۆبوونەوەکە، پوختەیەکی لەسەر پێگەو رۆڵی میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆخی سیاسیی هەرێم خستەڕوو، هەموو جۆرە پەیوەندییەکی کەلتوری و میدیایی و ئەکادیمی بە گرنگزانی. لەبارەی دۆخی سیاسیشەوە، پێیوابوو کە پشتیوانی وڵاتە زلهێزەکان لە مافەکانی گەلی کورد بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان گرنگە.
هەروەک باسی لە هەنگاوەکانی گەشەسەندن و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە کردو بۆئەوەش ئاماژەی بەو هاریکاری و رێککەوتنانە کرد کە لەنێوان کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند دامەزراوەیەکی میدیایی بەناوبانگی روسیادا هەیە. وتیشی: مۆسکۆ جگەلەوەی ناوەندێکی گرنگی رووداوەکانە بۆ کەناڵەکانی میدیا، لەهەمانکاتدا لەڕووی کەلتوری و فەرهەنگیش بۆ کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان جێی بایەخە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، کە کاتژمێرێکی خایاند، د.کاروان عەلی بڕوانامەی پێزانینی راگەیاندنی یەکێتی پێشکەش بە د.نیکۆڵای کرد، بەرامبەر بەو بایەخدان و کارانەی لەسەر دۆسیەی کورد کردوونی.