بڕیارە سبەینێ، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانێكی رەسمی بۆ بەیروت-ی پایتەختی لوبنان ئەنجام بدات، لەسەردانەكەدا، زەیدی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند دۆسیەیەكی هاوبەشی نێوانیان دەكەن.
محەمەد رەزا حوسەینی، باڵیۆزی عیراق لە لوبنان، رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران سەردانی بەیروت دەكات، ئەمەش لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی.
روونی كردەوە، سەردانەكە وێستگەیەكی گرنگە لە ڕێڕەوی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و لوبنان و دەرفەتێكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگی لە بوارە ئابوورییەكان و دۆسیەكانی تریی جێی بایەخی هاوبەشدا.
هەروەها روونیشی كردەوە، ئەو گرژییانەی ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، گرنگییەكی زیاتر بە پەیوەندی و راوێژكردنی نێوان هەردوو وڵات دەبەخشێت، بە مەبەستی هەماهەنگیكردنی هەڵوێستەكان بەرامبەر ئاڵنگارییە هاوبەشەكان و دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی عیراق بۆ لوبنان و ئاسایش و سەقامگیرییەكەی.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی لوبنان پێشتر رایگەیاندبوو، نەواف سەلام-ی سەرۆك وەزیران لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ حوسەینی لە 21ی مانگی رابردوودا، پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و چۆنیەتیی بەهێزكردنیان، هەروەها ئامادەكارییەكانی بۆ سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ لوبنان تاوتوێ كردووە.
عەلی زەیدی جموجۆڵە ناوچەییەكانی بە سەردانكردنی سعودیە لە 14ی مانگی رالردوو دەست پێ كرد و لەوێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین كۆبووەوە، دواتر لە 26ی هەمان مانگدا سەردانی ئوردنی كرد و لەوێ چاوی بە شا عەبدوڵای دووەم كەوت، پاشان دوای دوو رۆژ سەردانی سوریای كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری كاتی كۆبووەوە، ئەوەش بەر لەوەی 4ی ئەم مانگەدا بەرەو بەحرەین بەڕێبكەوێت كە ئەمە بە یەكەم سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ مەنامە دادەنرێت لە دوای ساڵی 2023ـەوە. بە سەردانكردنی لوبنان ئەم جموجوڵانەی زەیدی بەردەوام دەبن، ئەوەش دوای دواخستنی سەردانەكەی كە بڕیار بوو لە 8ی ئەم مانگەدا بۆ كوەیت ئەنجامی بدات.