بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستی جدی وەردەگرن بۆ رووبەروو بوونەوەی جەنگێكی ئەلیكترۆنی گەورە كە لەلایەن رووسیاوە دژیان بەرپا دەكرێت، لەوبارەیەوە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردووەتەوە، هەریەكە لە وڵاتانی بەریتانیا و سوید و نەرویج هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیانی خۆیان بەوەی كە خۆراك، ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەكان بكڕن، بە جۆرێك بتوانن بۆ ماوەی 72 سەعات تا هەفتەیەك بەبێ هاوكاریی دەرەكی بژین.
لەم چوارچێوەیەدا، دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەوانەی دەتوانن پەیڕەوی ئەم هۆشدارییە بكەن، پێویستە جێبەجێی بكەن، وەك هەنگاوێك بۆ ئامادەبوون بۆ قەیرانە لەناكاوەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆڕاگری هاووڵاتیانی وڵاتەكە لە بەردەم كارەساتەكاندا.
ئێستا حكومەتی نەرویژ بەهەمانشێوە و بەشێوەیەكی كرداری دەستی كردووە بە كۆگاكردنی دانەوێڵە و سویدیش كار بۆ بونیادنانەوە و زیادكردنی یەدەگی خۆراك دەكات.
چاودێرانیش پێیانوایە ئامانجی سەرەكی ئەم كەمپەینانە ئامادەكردنی خەڵكە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكانی وەك كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و هەڕەشە و هێرشی وڵاتان.
هەروەها وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لەم چوارچێوەیەدا هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی روداوی تیرۆرستی لەلایەن وڵاتانی ترەوە
هەڕەشەكانی روسیا یان وڵاتانی دیكە كە دەكرێت ژێرخانی سەرەكیی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بكەنە ئامانج یەكێكن لە ئەگەرەكان و بە وتەی وەزیری بەرگری بەریتانیا، مەترسییەكەن لە ئێستادا بوونیان هەیە و خەیاڵی نین.
ئەو هۆشدارییانەی كە وڵاتانی ئەوروپا خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن بریتین لە پچڕان و لەكاركەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەهۆی هێرشی ئەلیكترۆنی، تەشەنەسەندنی جەنگی روسیا، یان كارەساتی سروشتی.