حزبوڵای عیراق : چەكەكانمان تەسلیم ناكەین

عیراق 09:45 AM - 2026/11/16

گرژییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و گرووپە چەكدارەكان گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێ و هەستیار، دوای ئەوەی كەتائیبی حزبوڵای عیراقی رەتیكردەوە دەستبەرداری چەكەكانی و پێگە سەربازییەكانی ببێت، هاوكات عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراقی بە شكاندنی بەڵێن و پەیمانەكانی و دروستكردنی سیناریۆی ناڕاست تۆمەتبار كرد.

لە بەیاننامەیەكی تونددا، كەتائیبی حزبوڵای عیراق تەئكیدی لەوە كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك چەكەكانیان تەسلیم ناكەن و دەستبەرداری ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل نابن، هەرچەندە فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ سەریان زیاتر ببن.

راشیگەیاندووە، پێشتر بۆ ڕێكخستنی پرسی چەك و دۆخی ئەمنی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حكومەتدا گەیشتبوونە لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن، بەڵام عەلی زەیدی پابەندی بەڵێنەكانی نەبووە و كەوتووەتە ژێر كاریگەری و فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە.

سەبارەت بەو ڕاپۆرت و بەڵگەنامە هەواڵگرییانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەبارەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر بڵاوكرانەوە، كەتائیبی حزبوڵا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی ڕەتكردەوە. گرووپەكە ئەم هەنگاوەی حكومەتی بە گەورەترین چەواشەكاریی سیاسی ناوبرد بە مەبەستی ناشیرینكردنی وێنەی ئەوان و ناچاركردنیان بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە.

لە راگەیەندراوەكەدا باسلەوەشكراوە، ئەو لیژنە تەكنیكییەی لە وەزارەتی نەوتەوە سەردانی ناوچەكەی كردووە، هیچ جۆرە كونكردن یان دەستكاریكردنێكی لە بۆرییە نەوتییەكاندا نەدۆزیوەتەوە، كە ئەمەش بە وتەی خۆیان بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ناڕاستیی بانگەشەكانی حكومەت.

ئەم لێدوانە توندەی كەتائیبی حزبوڵا لە كاتێكدایە كە حكومەتەكەی عەلی زەیدی هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی سامانە سروشتییەكان دەستپێكردووە.

لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، سەرۆكوەزیران بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی نۆ لێپرسراوی باڵای ئەمنی و كەرتی وزە لە پارێزگای بابل و فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت دەركرد. هاوكات زەیدی هۆشداریی دابوو كە ئەگەر هێزە ئەمنییەكان نەتوانن كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن، ئەوا گەل خۆی ڕووبەڕووی قاچاخچییەكان دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو