بانكی ناوەندی: 94٪ی دراوی عیراق لە دەرەوەی سیستەمی بانكین

کوردستان 01:25 PM - 2026/11/15

داتاكانی بانكی ناوەندیی عیراق دەریدەخەن كە 94٪ـی كۆی دراوی كاش لە عیراق لە دەرەوەی بانكەكانە و تەنها 6٪ی لە ناو سیستەمی بانكیدا ماوەتەوە، ئەمەش قەبارەی زۆری ئەو پارەیە نیشان دەدات كە لە دەستی هاووڵاتییاندایە بۆ مامەڵەی ڕۆژانە.

بەپێی پێوەرە ئابوورییەكانی بانكی ناوەندی، قەبارەی ئەو پارەیەی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا لە دەرەوەی بانكەكان مامەڵەی پێوە كراوە گەیشتووەتە 101 ترلیۆن و 868 ملیار دینار، لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لە مانگی ئابدا 100 ترلیۆن و 186 ملیار دینار بووە، بەمەش بە ڕێژەی 1.7٪ زیادیكردووە.

كۆی گشتیی ئەو دراوەش كە بانكی ناوەندی لەو مانگەدا خستوویەتییەڕوو 108 ترلیۆن و 306 ملیار دینار بووە.لە بەرامبەردا، ئەو نەختینەیەی لە ناو بانكەكاندا ماوەتەوە بە ڕێژەی 17.6٪ كەمیكردووە و دابەزیوە بۆ شەش ترلیۆن و 438 ملیار دینار. لەسەر ئاستی ساڵانەش، قەبارەی ئەو دراوەی لە دەرەوەی بانكەكانە بەراورد بە كۆتایی ساڵی 2025 بە ڕێژەی 10٪ زیادیكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو