فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد دەستپێكردنی یەكەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی بەرە و شاری كۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك راگەیاند.
شەوی رابردوو، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە هاوكاریی لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانیی سەلام ئێری عومانی یەكەم گەشتیی ئاسمانیی لەگەڵ دانیماركدا ئەنجامدا.فڕۆكەخانەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئاسمانییەكانی نێوان عیراق و وڵاتانی ئەوروپا و فراوانكردنی تۆڕی گەشتە نێودەوڵەتییەكان نراوە.
رێوڕەسمی دەستپێكردنی گەشتەكە بە ئامادەبوونی عەلی خالیدی راوێژكاری راگەیاندنی وەزیری گواستنەوە، محەممەد بن عەبدوڵا بەحرانی، باڵیۆزی عومان لە عیراق و كاپتن حارس عوبەیدی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بەڕێوەچوو.لای خۆیەوە، كاپتن ئیهاب سەعد كەریم، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و فڕۆكەوانیی مەدەنی تەئكیدی كردەوە كە كردنەوەی ئەم هێڵە ئاسمانییە زیادكردنێكی گرنگە بۆ كەرتی گواستنەوەی ئاسمانی و رۆڵی دەبێت لە ئاسانكاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و بەهێزكردنی هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا فڕۆكەوانییە نێودەوڵەتییەكان.