زەیدی نۆ لێپرسراوی باڵای لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە بابل دوورخستەوە

عیراق 11:00 AM - 2026/11/15

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەمنیدا، بڕیاری دا سەرجەم تێوەگلاوانی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە پارێزگای بابل رەوانەی دادگا بكرێن.

رۆژی شەممە سەرۆك وەزیرانی عیراق دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لێكۆڵینەیان لە بونی پاڵاوگەی نائاسایی و یاریكردن بە نەوت كردبوو لە ناوچەی جورف نەسر،  نۆ لێپرسراوی باڵای ئەمنی و كارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە.

بڕیارەكە دوای پێشكەشكردنی راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە هات، كە راستیی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی فیدراڵیی لەبارەی بونی پاڵاوگەی نایاسایی و یاریكردن بە نەوت لەو ناوچەیە پشتڕاست كردەوە.لەسەر ئەو بنەمایە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بڕیاری دا بە لەكارلادانی هەریەك لە؛ فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی باكووری بابل، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و دژەتیرۆر، ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری و ئاسایشی بەرگری، موخابەراتی بابل، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل، ئامر لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەكان.

هاوكات زەیدی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكانی سەرجەم پارێزگاكانی بە بەرپرسیاری یەكەم دانا لە هەر حاڵەتێكی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنورەكانیاندا و تەئكیدی كردەوە، كە حكومەت بە توندی رووبەڕووی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەبێتەوە و لە زاخۆوە تا بەسرە هیچ بستە خاكێك نامێنێت قاچاخچێتیی تێدا بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو