هاوپەیمانیی عەرەبی رایدەگەیەنێت، دوو مووشەكی بالیستیی حووسییەكانیان بەرلە گەیشتنیان بە ریاز تێكشكاندووە.
رۆژی یەكشەممە، هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتیی سعودیە رایگەیاند، دوو مووشەكی بالیستییان تێكشكاندووە كە لەلایەن حووسییەكانەوە بۆ ریازی ئاراستەی پایتەختی سعودیە كرابوو، هاوكات سێ درۆنیشیان لە ناوچەی رۆژهەڵات خستووەتە خوارەوە كە شوێنێكی دەوڵەمەندە بە نەوت.
لە چەند رۆژی رابردوودا حووسییەكان، كە كۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە قەرەباڵخەكانی یەمەنیان كردووە، هێرشەكانیان بۆ سەر پایتەختی سعودیە چڕكردووەتەوە.
هەفتەی رابردووش لە هێرشێكی حووسییەكاندا زیان بە باڵەخانەیەكی كارگێڕیی سەر بە كۆمپانیای نەوتی حكومیی سعودیە (ئارامكۆ) لە ناوەندی دارایی ریاز گەیشت.
ئەو ناوچەیە زۆرینەی یەدەگی نەوت و غازی سعودیەی تێدایە، هەروەها بارەگای سەرەكیی كۆمپانیای ئارامكۆشی تێدایە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا بەهۆی هێرشێكەوە زیانی گەورەی بەركەوت.