سەرۆكوەزیرانی عیراق مووچە و زەوی دەبەخشێتە منداڵانی تووشبووی شەكرە

عیراق 10:11 AM - 2026/11/15

 عەلی فالح زەیدی  بڕیاریدا هەر خێزانێك كە منداڵی توشبووی شەكرەی جۆری یەكی هەیە و خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان نیین، سوودمەندبن لە دەستپێشخەریی وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون.

نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە رۆژی جیهانیی نەخۆشی شەكرەدا عەلی زەیدی پێشوازیی لە ژمارەیەك منداڵی توشبووی شەكرەی جۆری یەك كردووە و وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردووە ئامێری پشكنینی شەكرە دابینبكەن و بەبێ بەرامبەر بەسەر منداڵانی توشبووی شەكرە لە سەرجەم پارێزگاكان دابەشی بكەن.سەرۆكوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی راسپارد هاوكاربن لە كەمكردنەوەی بارگرانی خێزانی منداڵانی توشبووی شەكرە و كارئاسانیی بكەن بۆ چاودێرییكردنی تەندروستییان.

هەروەها زەیدی بڕیاریدا هەر خێزانێك كە منداڵی توشبووی شەكرەی جۆری یەكی هەیە و خاوەن یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان نیین، سوودمەندبن لە دەستپێشخەریی وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون.هاوكات  بڕیاریشیدا هەر منداڵێكی توشبووی شەكرەی جۆری یەك تا تەمەنی 22 ساڵی سوودمەندبێت لە وەرگرتنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی.

نەخۆشیی شەكرە لە عیراق بە خێرایی روو لە هەڵكشانە و بووەتە یەكێك لە ئاڵنگارییە گەورەكانی بەردەم كەرتی تەندروستی، بە جۆرێك بەپێی ئامارەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەكرە نزیكەی دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس كە دەكاتە رێژەی 13.4%ی دانیشتووان لە عیراق تووشبووی ئەم نەخۆشییەن و عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی شەشەمدایە لە ڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانەوە.

سەبارەت بە منداڵان و مێرمنداڵانیش ،داتاكان دەریدەخەن زیاتر لە 25 هەزار منداڵ و مێرمنداڵ لە عیراق تووشبووی شەكرەی جۆری یەكەمن، ئەمەش فشارێكی دارایی و دەروونیی زۆری لەسەر خێزانەكانیان دروستكردووە بەهۆی پێویستیی بەردەوامیان بە ئەنسۆلین و ئامێرەكانی پشكنینی رۆژانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو