قوباد تاڵەبانی، لە کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی لە پانێڵێكدا ڕایگەیاند، لەگەڵ پەیامەکەی تۆم باراکداین و پێی دەڵێم کۆتایی پێ دەهێنین و وتی: ئەم قەیرانەی ئێستا دروست بووە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە چارەسەر نەکرێت.
وتیشی، ئەوەی ڕوویدا لە پەرلەمانی کوردستان شەرمەزاریی بوو. پەرلەمانتارەکان هەڕەشەیان لێکرا تا پەرلەمان کارابکرێتەوە، پێم وایە کارەسات بەسەر پرۆسەی دیموکراسیدا هات.
ئاماژەی بەوەشدا، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە بناغەوە بنبڕ نەکراون و دەبێت دەسەڵاتی تاکە کەسی کۆتایی پێبهێنرێت، تا کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە بناغەوە بنبڕ بکرێن.
دەشڵێت: شێوازی کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ژیانی خەڵکی ناوچەکە ناگونجێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ مافی خەڵک، بافڵ تاڵەبانی برام زۆربەی کاتەکان لە بەغدادە، چونکە تا لە عیراق بە هێز بین، لە هەرێمیش بەهێز دەبین.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی كردەوە، دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنین تا سلێمانی فراوان بکەین.
وتیشی: باوەڕمان بە عیراقێکی فیدڕاڵ هەیە و بەردەوام دەجەنگین سەرۆک کۆمار لە حزبەکەی ئێمە بێت.
ڕاشیگەیاند، دەمانەوێت بە شێوەیەکی راستەقینە کۆتایی بە کێشەکان بهێنین چونکە پێکەنینی ساختە و پێکەوەیی ناکەین. دەبێت بڕیار لەهەرێمی کوردستا بگۆڕدرێت بۆ دامەزراوەیی نەک بڕیاری تاکەکەسی.