ئەمڕۆ هەینی، كار و چالاكییەكانی دووەمین و دواین رۆژی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ستراتیژیی سلێمانی بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی و بە بەشداریی دەیان سەركردە، دیپلۆماتكار و لێپرسراوانی باڵای ناوخۆیی و جیهانی دەستی پێكرد.
لە چوارچێوەی پانێڵ و گفتوگۆكانی ئەمڕۆدا، بڕیارە قوباد تاڵەبانی وەك سەرپەرشتیاری كۆڕبەندەكە وتارێك پێشكەش بكات و تێیدا تیشك بخاتە سەر دەرەنجامی گفتوگۆكان، دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی سەقامگیریی ناوچەكە، ڕۆڵی دیپلۆماسییەت لە چارەسەركردنی قەیرانەكان و گرنگیی هەماهەنگیی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەرێمی كوردستان، عیراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكاندا.
ئەم كۆڕبەندە نێودەوڵەتییە كە ماوەی دوو رۆژە لە شاری سلێمانی بەردەوامە، بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی و بەبەشداری 73كەسایەتیی دیاری سیاسی، سەربازی، ئابووری و بیرمەندانی جیهان بەڕێوەدەچێت. لە دیارترین بەشداربووانیش بریتین لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ، عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتنی توركیا، وەزیری دەرەوەی یۆنان، وەزیری دەوڵەتی هۆڵەندا و چەندین فەرماندەی باڵای پێشووی ناتۆ و ئەمریكا و سەرۆكەكانی پێشووی ئۆكرانیا، كۆڵۆمبیا و نێجیریا.
تەوەرە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی كۆڕبەندەكە تەرخان كراون بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێكەوتە جیۆسیاسییەكان لەسەر ئاسایشی ناوچەكە، رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كەرتی وزە و ئابووری. ئامانجی سەرەكیی ئەم كۆبوونەوانەش دروستكردنی پردی پەیوەندیی بەردەوامە لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا و ئاسیا، تا لە ڕێگەی دیالۆگەوە ڕێگری لە سەرهەڵدانی قەیرانەكان بكرێت .
كۆڕبەندەكە گرنگی زۆری بۆ شاری سلێمانی هەیە و پێگەی شارەكە وەك ناوەندێكی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ئاسایش، ئابووری و دیپلۆماسی لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەكات.یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكان ئەوەیە، كۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی ببێتە وێستگەیەكی دانپێدانراو لە رۆژمێری ستراتیجیی نێودەوڵەتیدا كە سەركردەكان بۆی بگەڕێنەوە و پەیوەندییە دامەزراوەییەكان تێیدا قووڵتر ببنەوە.