نەوت و كانزاكانی سلێمانی :هەفتەی داهاتوو دەست بە گواستنەوە و دابەشكردنی نەوتی سپی دەكرێت

کوردستان 10:26 AM - 2026/11/13

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی ، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان كە بەشە نەوتی ئەمساڵیان بە تەواوی پارێزراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەست پێدەكات.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی ،سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە دواكەوتن یان نەناردنی بەشە نەوتی سنووری سلێمانی دەكەن و رایگەیاند، هیچ گرفتێك لە بەردەم ناردن و وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەدا نییە كە بۆ سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین تەرخان كراوە، و ئێستا بە شێوەیەكی كرداری دەست بە ڕێكارەكانی وەرگرتن و گواستنەوەی نەوتەكە كراوە.سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەكە، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئاشكرای كرد كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو سەرجەم ڕێكارە كارگێڕی و لۆجستییەكان كۆتاییان دێت. دوای تەواوبوونی ئەو هەنگاوە، راستەوخۆ پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی سپی لە پاڵاوگەكانی حكومەتی فیدراڵەوە بەرەو كۆگاكانی سنووری سلێمانی دەست پێدەكات، تا بە زووترین كات و بەپێی پلانێكی ڕێكخراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت، بە تایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەكان و دواتریش ناوەندی شارەكان.بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی تەئكیدیشی كردەوە كە هەموو هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە تا بەر لە هاتنی شەپۆلە ساردەكانی وەرزی زستان، زۆرترین ڕێژەی هاووڵاتییان لەم بەشە نەوتە سوودمەند ببن و پرۆسەكە بە شەفافی و بەبێ هیچ دواكەوتنێك بەڕێوەبچێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیارێكی نوێی حكومەتی عیراقدا دێت بۆ دابینكردنی سووتەمەنیی زستانە و نەوتی سپی بە نرخێكی پاڵپشتیكراو بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان. بەپێی ڕێككەوتنەكان، وەك قۆناغی یەكەم حكومەتی عیراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، كە بەشێكی سەرەكیی ئەو بڕە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان دیاری كراوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو