سەرۆك كۆمار بەشداری لە لووتكەی كەشوهەوا دەكات

عیراق 10:21 AM - 2026/11/11

 سەرۆك كۆماری عیراق بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵا لە توركیایە بەشداری كۆنگرەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات.
ڕۆژی 10ی11ی2026، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق، بەسەرۆكایەتیی وەفدێك بەرەو توركیا بەڕێكەوت، ئامانجیش لە سەردانەكە بۆ بەشداریكردنە لە كۆنگرەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كەشوهەوا ( كۆپ31) كە لە شاری ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆمار، بەشداریكردنی سەرۆك كۆمار لەم كۆنگرە نێودەوڵەتییەدا، دووپاتكردنەوە و پەرۆشی عیراقە بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوییەكان، لەگەڵ پاراستنی ژینگە و خێراكردنی هەنگاوەكانی گواستنەوە بەرەو وزەی پاك.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا، ئاماژە بەوەشكرداوە، لەم سەردانەدا وەفدێكی باڵا یاوەری سەرۆك كۆمار دەكەن كە پێكدێن لە د.موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

ڕۆژی 9ی 11 ی 2026، 31 مین دانیشتنی كۆنفرانسی گۆڕانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان بە ناوی كۆپ 31  لە ئەنتاڵیای  توركیا بە بەشداری نزیكەی 200 وڵات بۆ تاوتوێكردنی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەستیپێكرد.

ئەم لوتكەیە كە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت، لەكاتێكی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، چونكە ڕێكخراوەكانی كەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەوەی گەرمبوونی زەوی لە ساڵی 2026دا ئاستی مەترسیداری 1.5پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە بە بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی. ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەش لە شێوەی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان، شەپۆلی گەرمای كوشندە، لافاو و وشكەساڵی بەدی دەكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو